بارزانی هەفتەیەك ماتەمینی گشتیی بۆ كۆچی دوایی مام جەلال ڕاگەیاند

03-10-2017 10:32
بارزانی‌و تاڵەبانی.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی هەفتەیەك ماتەمینی گشتیی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی مام جەلال.

 

بارزانی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی تاڵەبانی‌و سەركردایەتی یەكێتی كردو ڕایگەیاند"من هەڤاڵ و برا و پشتیوانێكی بەهێزم لەدەستدا‌و جێگەی شانازییە هەردوكمان پێكەوەو لەگەڵ برایانیتر توانیمان زۆر كۆسپ‌و تەگەرە هەڵگرین لەسەر ڕێگەی خەبات‌و تێكۆشانمان، هەروەها زۆر قۆناغی تاڵ‌و ناخۆشمان بڕی."

 

بارزانی وتی"شانازییە كە زۆرێك لە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆ دەگەرێتەوە بۆ ئەو تەبایی‌و برایەتییەی كە پێكەوە بناغەكەیمان دانا، ئێستاش باشترین وەفا بۆ گیانی برای بەڕێز مام جەلال‌و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كەلەكەمان ئەوەیە یەكڕیزیمان پتەوتر بەهێزتربكەین" وتیشی"هەر بەم بۆنە خەمناكەوە یەك هەفتە ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەنین."

 

جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق ئەمڕۆ لەتەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد‌و بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە تەرمەكەی بگاتەوە هەرێمی كوردستان.

 

حزب‌و كەسایەتییە كوردستانییەكان‌و سەركردەكانی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەبۆنەی كۆچی دوایی مام جەلالەوە پەیامی هاوخەمییان ئاڕاستەی بنەماڵەكەی‌و یەكێتی كرد.

 

تاڵەبانی ڕۆژی17-12-2012 لەبەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە باری تەندروستی تێكچوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كراو دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی دووساڵ دواتر گەڕایەوە سلێمانی، لەدوای ئەوەش چەندجارێك سەردانی ئەو وڵاتەی كردوەتەوە بۆ پشكنینی پزیشكی‌.

 

مام جەلال لەگەڵ هێرۆ كچی سیاسەتمەداری ناودار ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوەو دوو كوڕیان هەیە بەناوەكان بافڵ‌و قوباد.

 

پەیامەكەی بارزانی بۆ كۆچی دوایی تاڵەبانی