کاتی گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال و دانانی پرسەکەی ڕاگەیەندرا

04-10-2017 12:44

 

پەرەگراف

 

ڕۆژی هەینی داهاتوو تەرمی مام جەلال دەگاتەوە کوردستان و ڕۆژی دواتر پرسەی فەرمیی بۆ دادەنرێت، حکومەتی عێراقیش سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مام جەلال ڕۆژی هەینی دەهێنرێتەوەو ناشتنی هەمان ڕۆدەبێت و ئەگەر کات بمێنێت دەبێتە ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڕۆژی شەممە ببێتە ڕۆژی یەکەمی پرسەو ئەو ڕۆژە تەنها لە سلێمانی دەبێت و ڕۆژی دووەم لەشارەکانی دیکەش دەبێت.

 

هاوکات حکومەتی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند بۆ کۆچی دوایی مام جەلال، شەوی ڕابردووش مەسعود بارزانی بەهەمان بۆنەوە هەفتەیەک ماتەمینی گشتیی لە کوردستان ڕاگەیاند.

جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق دوێنێ لەتەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد‌، حزب‌و كەسایەتییە كوردستانییەكان‌و سەركردەكانی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بەبۆنەی كۆچی دوایی مام جەلالەوە پەیامی هاوخەمییان ئاڕاستەی بنەماڵەكەی‌و یەكێتی كرد.

 

وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، تا ڕۆژی گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال، دەزگاکانی یەکێتی کراوەدەبن و هیوادارن بتوانن پڕۆسەیەکی شکۆداری بۆ سازبکەن کە شایەنی مام جەلال بێت، وتیشی"عێراقییەکان ئارەزومەندن ئەگەر بکرێت مام جەلال بە بەغدادا بێتەوەو لە بەغدا پڕۆسەیەکی شکۆداری بۆ سازبکەن وەکو سەرۆکێکی کارا."
 

تاڵەبانی ڕۆژی17-12-2012 لەبەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە باری تەندروستی تێكچوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كراو دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی دووساڵ دواتر گەڕایەوە سلێمانی، لەدوای ئەوەش چەندجارێك سەردانی ئەو وڵاتەی كردوەتەوە بۆ پشكنینی پزیشكی‌.
 

مام جەلال لەگەڵ هێرۆ كچی سیاسەتمەداری ناودار ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوەو دوو كوڕیان هەیە بەناوەكان بافڵ‌و قوباد.