عێراق داوا لە ئێران‌و توركیا دەكات سنور بەڕوی هەرێمدا دابخەن

09-10-2017 02:13
بەغدا/9-10-2017/ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری عێراق بۆ ئاسایشی نیشتیمانی. فۆتۆ؛ ڕاگەیاندنی حکومەت.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

حكومەتی عێراق لیستێكی بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەی جێناكۆك ئامادەكردووەو بڕیارە ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، داواش لە هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران دەكات تەواوی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕابگرن.

 

ئەو هەڵوێستەی حكومەتی عێراق، دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی هات كە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

 

لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی عەبادی كە پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، تیایدا هاتووە "لە بارەی ڕیفراندۆمی ناشەرعی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بەدواداچوونی بۆ بڕیارو ڕێوشوێنەكانی پێشوی خۆی كرد بۆ بەردەوامیدان بە بڕیارەكانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك."

 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ لەوانە "سزادان و گرتنبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەوانەی هەستاون بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم"، بۆ ئەومەبەستەش لیستێك ئامادەكراوە بەبێ ئەوەی ناوەكان ئاشكرابكرێن.

 

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، جەختدەكاتەوەلەوەی ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردە نەك سزادانیان.

 

هەروەها هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی ئەو تیمە كراوە كە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سامانی عێراق لە حسابی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كە داهاتی نەوتی تێدا دادەنرێت."

 

لەگەڵئەوەشدا ڕاپۆرتی ئەو تیمە تاوتوێكراوەو "كۆمەڵێك بڕیاری تێدایە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گێڕانەوەی موڵك و ماڵی دەوڵەت و ڕاوەدونانی گەندەڵكاران"، هەر بەپێی بەیاننامەكە.

 

هەروەها ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا دەسەڵاتی تۆڕەكانی پەیوەندیكردن بخرێتە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی و بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.

 

ئەنجومەنەكە داوا لە توركیاو ئێران دەكات تەنیا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكرێت‌و تەواوی دەروازە سنورییەكانیان بەڕوی هەرێمدا دابخەن، تا ئەوكاتەی حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی ئەو دەروازانە دەگرێتەدەست، لەگەڵ ڕاگرتنی تەواوی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت نەوت.

 

پەرلەمان‌‌و حكومەتی عێراقی، ژمارەیەك بڕیاریان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە لە نێویاندا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، ڕادەستكردنی دەروازە سنورییەكان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەكانی جێناكۆك‌ و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ڕیفراندۆم.

 

لە وەڵامیشدا پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان‌، بڕیارەكانیان بە نایاسایی‌ و نادەستوری وەسفكرد‌و ڕەتیانكردەوە.

 

هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی ڕابردوداو ڕیفراندۆمی لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامداو دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق زیاتر لە سەدا 92ی بەدەستهێنا بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن.