بارزانی: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بێ هیچ مەرجێك

09-10-2017 03:30
بارزانی داوای بەغدا بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕەتدەكاتەوە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە ئامادەن بۆ گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ بەغدا، یەكێتیی ئەوروپاش ئامادەیە بۆ میانگیری‌و داوادەكات قەیرانی نێوان هەولێرو بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێت.

 

كاردانەوەكانی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلولی كوردستان بەردەوامەو وڵاتان هاتوونەتەسەر هێڵ بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و عێراق، ئەمڕۆش بارزانی لەگەڵ ڕامۆن بلێكوا باڵیۆزی نوێی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبووەوەو یەكێتییەكە ئامادەیە بۆ میانگیریی لە نێوان هەولێرو بەغدا.

 

لەو كۆبوونەوەیەدا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق‌و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان‌و كاردانەوەكانی تاوتوێ كراوە، "شاندی یەكێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕی كە لەچوارچێوەی هەوڵەنێودەوڵەتییەكان بۆ میانگیری و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبێت و دەخوازن ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێت." بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی لەبارەی هەوڵی نێودەوڵەتیی بۆ ڕێكخستنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، "جەختی كردەوە ئێمە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند كە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئامادەین بۆ گفتوگۆیەكی كراوە، ئێستاش كوردستان ئامادەیە بۆ دیالۆگ بە ئەجێندایەكی كراوە و بێ هیچ مەرجێك و كاتیش دەدەین بە گفتوگۆ."

 

حكومەتی عێراق چەندجارێك ڕایگەیاندووە ئەوان ئامادەی گفتوگۆنابن تائەوكاتەی ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵدەوەشێتەوە كە تێیدا زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق، هەرێمیش ئەو داوایەی بەغدا ڕەتدەكاتەوە.

 

ئامادەیی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەكاتێكدایە بەغدا بەردەوامە لە دەركردنی بڕیار لە دژی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، ئەمڕۆش لیستێكی بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەی جێناكۆك ئامادەكردو بڕیارە ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، داواش لە هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران دەكات تەواوی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕابگرن.

 

ئەو هەڵوێستەی حكومەتی عێراق، دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی هات بەسەرپەرشتی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی عەبادیدا هاتووە"لە بارەی ڕیفراندۆمی ناشەرعی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بەدواداچوونی بۆ بڕیارو ڕێوشوێنەكانی پێشوی خۆی كرد بۆ بەردەوامیدان بە بڕیارەكانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك."

 

هەروەها هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی ئەو تیمە كراوە كە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سامانی عێراق لە حسابی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كە داهاتی نەوتی تێدا دادەنرێت."

 

لەگەڵئەوەشدا ڕاپۆرتی ئەو تیمە تاوتوێكراوەو "كۆمەڵێك بڕیاری تێدایە كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گێڕانەوەی موڵك و ماڵی دەوڵەت و ڕاوەدونانی گەندەڵكاران"، هەر بەپێی بەیاننامەكە.

 

هەروەها ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا دەسەڵاتی تۆڕەكانی پەیوەندیكردن بخرێتە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی و بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.

 

دوای ڕیفراندۆم پەرلەمان‌‌و حكومەتی عێراق، ژمارەیەك بڕیاریان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد لە نێویاندا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، ڕادەستكردنی دەروازە سنورییەكان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەكانی جێناكۆك‌ و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ڕیفراندۆم.

 

لە وەڵامیشدا پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان‌، بڕیارەكانیان بە نایاسایی‌ و نادەستوری وەسفكرد‌و ڕەتیانكردەوە.