پارتی‌، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و لیستەكەی بەرهەم ساڵح ئامادەن بۆ هەڵبژاردن

10-10-2017 07:25
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2013. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1-11و ئامادەكارییە ناوخۆییەكانیان دەستپێكردووەو لەكاتی خۆیدا كاندیدەكانیان پێشكەشی كۆمسیۆن دەكەن.

 

28 لیست‌و قەوارە خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، 13ی ئەم مانگە كۆتا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدەكانیان بە كۆمسیۆن‌و 15ی مانگ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەستپێدەكات‌و 29ی مانگ كۆتایی دێت، كۆمسیۆن چەندجارێك تەئكیدی كردوەتەوە كە ئەوان ئامادەن پڕۆسەكە بەڕێوەببەن لەوادەی خۆیدا.

 

خەسرەو گۆران، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە پەرەگرافی وت"ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن" ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەو هەركات هەڵبژاردن بكرێت پارتی ئامادەیەو بەشداریی دەكات.

 

لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی باسیلەوەشكرد، لەكاتی خۆیدا كاندیدەكانیان ئامادەدەبن‌و پێشكەشی كۆمسیۆنی دەكەن، بۆ هەڵوێستی پارتی لە ئەگەری داوای دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن حزبەكانی دیكەوە، دەڵێت"پێش ڕووداو ناكەوین، پەرلەمان دەتوانێت ئەوشتانە بكات" لەبارەی داوای پارتی بۆ دواخستنی پڕۆسەكە، خەسرەو گۆران وتی"هیچ داوایەكی وامان نەكردووەو نیمانە."

 

هەرچەندە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم 20 ڕۆژی ماوە، بەڵام ساردوسڕی بە پڕۆسەكەوە دیارە.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، دژی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنن.

 

هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەوەدەخاتەڕوو، حزبەكەی داوادەكات هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت‌و ئامادەكارییان دەستپێكردووە.

 

"لەسەر ئاستی كاندیدەكان‌و لەسەر ئاستی لۆجستی ئامادەكاریمان كردووە، ڕاستە ئامادەین، بەڵام پڕۆسەكە تۆزێك پەلەپەل‌و شێواویی پێوەیەو كارێك كرا بەپێی ستانداردی خۆی نەڕوات كە 6 مانگ پێش ئەوە كۆمسیۆن ئامادەكاریی بۆبكات، ئەمە كاریگەری هەیە لەسەر كاری ئێمەو كۆمسیۆن، بەڵام خۆمان ئامادەكردووەو لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت" هاوژین عومەر  بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵ، پێیوایە بەپێی ئامادەكارییەكان‌و بڕیاری كۆمسیۆن‌و سەرۆكایەتی هەرێم، دەتوانرێت پڕۆسەكە لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

 

هاوژین عومەر وتی"كۆمسیۆن ئامادەیەو ڕێكارەكان وەك پێویست دەڕۆن بەڕێوە، بەڵام دەسەڵاتێك بێت‌و ئەم پڕۆسەیە پەك بخات، ئەوە لەكاتی خۆیدا قسەی لەسەر دەكەین، ئێمە نە لەگەڵ دواخستنین‌و نە پشتگیری دەكەین، ڕەنگە لەكاتی خۆشیدا دژایەتی بۆ هەرهەوڵێكی لەوجۆرە ڕابگەیەنین، چونكە هیچ ڕێگرییەكی لۆجستیمان نییەو ناكرێ پڕۆسەی دیموكراسی لەبەر بەرژەوەندی هەرلایەنێك ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دواوە ببرێت."

 

بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهەمانشێوە ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە، سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بە پەرەگرافی وت"بەرنامەی سیاسی‌و دروشمی سەرەكی لیستمان ئامادەیەو ناوی كاندیدەكانیش لەكاتی خۆیدا پێشكەش بە كۆمسیۆن دەكەین، لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەكەدانین‌و پێویستە لەكاتی خۆیدا بكرێت."

 

گۆڕان لە ئاستی باڵادا لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكەی بۆ پەرلەمان، لەناو ئەو كەسانەدا كە فۆڕمی خۆكاندید كردنیان پڕكردووەتەوە بڕیارە تا 2 ڕۆژی دیكە 100 كاندید ئامادە بكرێت‌و ناوەكانیان بۆ كۆمسیۆن بنێردرێت.

 

پەرەگراف زانیویەتی ئەو كەسانەی فۆڕمی خۆكاندید كردنیان پڕكردوەتەوە، پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان‌و ڕۆژنامەنوسانی كەناڵی كەی ئێن ئێن-یان تێدایە.

 

"ڕای زۆرینە لەناو گۆڕاندا ئەوەیە لافیتەو پۆستەرات هەڵنەواسرێت بۆ بانگەشە، چونكە دیاردەیەكی ناشرینەو ژینگە پیس دەكات‌و دەنگدەر بێزار دەكات"سەرچاوەكەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت وای وت. بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە زمناكۆ جەلال، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بەهەمانشێوە تەئكید لەوەدەكاتەوە بەوپێیەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن یەكێكە لە بنەماكانی سیستمی دیموكراسی، پێوستە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

 

ئەو قەوارەیە بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح یەكەمجارە بەشدریی هەڵبژاردن دەكات، ئارام قادر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌و هاودیدی قەوارەكە بە پەرەگرافی وت"ئامادەكارییەكانمان تەواو بووە كە بریتیە لە كاندیدو دروستكردنی لیژنەكان، بەرنامەی سیاسیمان ئامادەیە بۆئەوەی بخرێتەبەردەم هاوڵاتیانی كوردستان بۆئەوەی بزانن هاوپەیمانی دەیەوێت چییان بۆ بكات‌و چی بكەین لە داهاتوودا."

 

قەوارەكەی بەرهەم ساڵح ناوی 100 كاندید پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات‌و ئامادەسازیی كردووە بۆئەوەی هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی "بەهێز" پێشكەش بكات، وەك ئارام قادر وتی.

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە قەوارەكە دەڵێت"لە دایكبوونی قەوارەكەمان زادەی هەڵبژاردنەو بۆئەوە دروست بووین، لەبەرئەوە ئامادەكاریی تەواومان كردووە."

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) گفتوگۆی كردووە.

 

یەكگرتووی ئیسلامیش بەهەمانشێوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، وەك وتەبێژەكەیان دەڵێت"واخۆمان ئامادەكردووە كە لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت."

 

سەلمان نادر، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بۆ پەرەگراف ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، وتی"كاندیدەكانمان ئامادەن‌و لیستەكەمان كامل دەبێت."

 

لەبارەی هەڵوێستیان لە ئەگەر داوای دواخستنی هەڵبژاردن، سەلمان نادر باسیلەوەكرد هەڵوێستی یاساییان دەبێت‌و بە یاسا پڕۆسەكە پێش‌و پاش دەخرێت‌و نیسابی یاسایی پەرلەمان دەتوانێت دوای بخات، وتی"بەڵام لەهەموو دۆخێكدا فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەنگ بە دواخستنی نادات‌و لەگەڵ ئەوەدایە لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت."

 

ماوەی یاسایی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم 1-11 بەیەكەوە تەواودەبن، دوای هەڵبژاردن سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەكات بۆ یەكەم كۆبوونەوە، بەڵام تائێستا محەمەد تۆفیق ڕەحیم كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بەهۆی "كێشەی یاساییەوە" پەسەند نەكراوەو ئەو پۆستە هیچ كاندیدێكی دیكەی نییە.

 

سلێمان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت"مەسعود بارزانی خۆی كاندید نەكردۆتەوەو هیچ لایەنێك‌و كەسێكیش كاندیدی نەبووە لە ماوەی یاساییدا، محەمەد تۆفیق ڕەحیمش ڕۆژێك دوای تەوابوونی ئەو یەك مانگە هات كە كۆمسیۆن وەك ماوەی یاسایی داینابوو بۆ ناوتۆماركردن وەك كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام هێشتا مامەڵەی یاسایی بۆ نەكراوە وەك كاندید بەهۆی بەسەرچونی وادەی یاسایی ناوتۆماركردن، بۆ ئەو مەبەستە ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕووی ئەنجومەنی شورا كردۆتەوە تا بڕیار لەسەر یاسایی ‌بوونی خۆ پاڵاوتنەكەی بدات یاخود نا."

 

لە وەڵامی ئەوەی لە حاڵەتی ڕەتكردنەوەی كاندیدەكەی گۆڕان لەلایەن ئەنجومەنی شوراو نەبوونی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكان؟ سلێمان مستەفا وتی"ئەوە گرفتێكی یاساییەو دەبێت پەرلەمان دەرچەیەكی یاسایی بدۆزێتەوە، چونكە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان بەیەكەوە ئەنجامبدرێن‌و دواجار لەحاڵەتی نەبونی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەبێت پەرلەمان دەرچەیەكی یاسایی بۆ ئەوبابەتە بدۆزێتەوە پێش ئەوەی بچینە ناو كێشەیەكی یاسایی گەورەتر، چونكە ئەوە تەنگەژەیەكی یاساییە كە دروست دەبێت، ئێمە وەك كۆمسیۆن لایەنی جێبەجێكارین."

 

بۆ زانینی ئامادەكارییەكانی یەكێتی‌و هەڵوێستیان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە شۆڕش ئیسماعیل لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، بەڵام بە پاساوی نەبوونی كات ئامادەنەبوو قسەبكات، پەرەگراف دوای چەند كاتژمێرێك پەیوەندی پێوەكردەوە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

هاوكات دوێنێ وتەبێژی فەرمیی یەكێتی ڕەتیكردەوە حزبەكەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كردبێت، سەعدی پیرە وتی"تائێستا حزبەكانی هەرێم كۆنەبوونەوەتەوەو بڕیاریان نەداوە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت یان هەڵبژاردن دوادەخرێت."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، نە یەكێتی‌و نە پارتی داوای دواخستنی پڕۆسەكەیان نەكردووە، وتیشی"دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا لایەنەكان كۆببنەوەو بابەتی هەڵبژاردن بەلایەكدا بخەن بەوەی ئەنجامدەدرێت یان نا."

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و ئامادەكارییەكانیان، پەیوەندیكرد بە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.