وەزیری دەرەوەی ئێران: یەك لایەنە هیچ كارێك لە دژی هەرێمی كوردستان ناكەین

11-10-2017 01:40
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتی بەشداریكردن لە مەڕاسیمی گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال، 6-10-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا ڕیفراندۆمی كوردستانی تاوتوێ كردو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە، تاك لایەنە هیچ كارێك لە دژی هەرێمی كوردستان ناكەن.

 

ئەوە لەكاتێكدایە ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆر بەتوندی دژی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان وەستاوەتەوە كە زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

ڕەسوڵ خزری، نوێنەری پیرانشارو سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە كۆبوونەوە داخراوەكەیان لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی مێهری وتووە"وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەرێمی كوردستان وتی، ئێران یەك لایەنە ناچێتە ناو ئەم بابەتە و بڕیارەكان سێ لایەنە لەگەڵ عێراق و توركیا دەدرێت؛ دانوستانگەلێك لە نێوان هەرێم و دەوڵەتی ناوەندی بۆ ڕوون كردنەوەی دۆخەكە لە ئارادایە."

 

ڕۆژێك بەرلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە یەكەم كاردانەوەی كردارییدا ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا لەسەر داوای حكومەت عێراق ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستاندا داخست.

 

بەرپرسانی كورد نەچوونە ژێرباری فشارە ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، ئێران هەر لەسەرەتاوە بەتووندی دژی ڕیفراندۆم وەستایەوەو فشاری توندی خستەسەر حزبە كوردییەكان بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە، بەڵام تاران سەركەوتوو نەبوو لە هەوڵەكانی دژی ڕیفراندۆم.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌.