سەركردایەتی سیاسیی كوردستان-عێراق‌ ناوی خۆی گۆڕی‌و بەردەوام دەبێت

11-10-2017 06:44
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان‌.

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی سیاسیی كوردستان-عێراق ناوی خۆی گۆڕی بە ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان‌و لەكاركردن بەردەوام دەبێت.

 

ئەو سەركردایەتییە 1ی ئەم مانگە لەلایەن حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاندو بە هەمان ئەندامانیەوە بەناوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق، درێژەیان بەكاركردندا، بەڵام سەركردایەتییەكە ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندبووەوەو ئەمڕۆش ناوی خۆی گۆڕی.

 

لە دووەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق كە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو گۆڕانكارییە سیاسییەكان‌و كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم تاوتوێ كراوەو 4 خاڵ ڕاگەیەندراوە.

 

لەخاڵی چوارەمدا هاتووە"ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت."

 

بەردەوامیی سەركردایەتییەكە لەژێر ناوێكی نوێدا دوای ئەوەدێت كە هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی ئەو سەركردایەتییە كردو ڕەتیانكردەوە، گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەشی كرد.

 

دواین ڕەخنە كە ئاڕاستەی سەركردایەتییەكە كرا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو كە لە ڕونكردنەوەیەكیدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان-عێراقی بە "مەجلیسی قیادەی سەورە-عێراق"ی حزبی بەعس ناو برد‌و وتی، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نابم‌و نیم.

 

بەرلە ڕونكردنەوەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو سەركردایەتییەیان ڕەتكردەوەو بە ناشەرعی‌و گەڕانەوە بۆ دواوە لەقەڵەمیاندا.

 

سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كوردستان-عێراق كە ئەمڕۆ ناوی خۆی گۆڕی، لەیەكەم كۆبوونەوەیدا(1-10-2017) 7 بڕیاری دەركرد‌و بەناوی گەلی كوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە كرد دەرباری ڕیفراندۆم.

 

ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بارزانی وەك خۆی ڕایگەیاندووە خۆی كاندید ناكاتەوەو هیچ خزمێكیشی كاندید ناكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایە‌و ساڵی 2013 دوای كۆتایی هاتنی دووخولی سەرۆكایەتیی، 2 ساڵی دیكەی بۆ درێژكرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای كۆتایی هاتنی دووساڵەكەش بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە تائێستا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان

 

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان كۆبۆوە.

 

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ ڕۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.

 

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر ڕیفراندۆم تاوتوێ كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:

 

یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.

 

دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.

 

سێیەم: كۆبوونەوەكە بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.

 

چوراەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت.

 

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان

11ـی 10ـی 2017