حكومەت‌و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هۆشداریی دەدەن لە هێرشی هێزە عێراقییەكان

11-10-2017 08:10
لۆگۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە حكومەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم‌و ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هۆشداریی دەدەن لە هەڵگیرسانی شەڕو هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌و ئۆباڵی هەر شەڕێك دەخەنە ئەستۆی حەیدەر عەبادی.

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە تویتەری فەرمیی خۆی ڕایگەیاند"پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات، لەناویاندا حەشدی شەعبی‌و پۆلیسی فیدراڵی، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشی گەورە لە باشورو ڕۆژئاوای كەركوك‌و باكوری موسڵ لە كوردستان."

 

هاوكات حكومەتی هەرێم لە ڕونكردنەوەیەكدا ئێوارەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی(وڵامێك بۆ هەڕەشە و تۆمەتەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق) باسلە هەڕەشەكانی عەبادی دەكات لە هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان‌و دەڵێت"ئێمە بە هەموو جیهانی ڕادەگەیەنین دوای ئەو هەڕەشانە ئۆباڵی هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك كە لەو ناوچە سەقامگیرانە دروست دەبێت، دەكەوێتە ئەستۆی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكوومەت و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق."

 

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان دوای كۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، ڕایگەیاند، بە ڕای گشتیی جیهانی‌و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنن كە گەلی كوردستان "ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت."

 

ئەو هۆشدارییانە دوای ئەوەدێن، لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول كە زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق، پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد.

 

دوو ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم، پەرلەمانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لە دژی هەرێم دەركرد‌و داوای دادگایی كردنی مەسعود بارزانی كرد، حەیدەر عەبادی پابەند كرد بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك‌و تەواوی "ناوچە جێناكۆكەكان"و گەڕاندنەوەی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەبوو، وتەیەكی پێشكەشكردو تەئكیدی كردەوە بە پشت بەستن بە دەستوور دەسەڵات بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنن.

 

عەبادی داواشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد لە شاری كەركوك بچنە دەرەوەو هەرێمی كوردستان فڕۆكەخانەكان ڕادەستی بەغدا بكاتەوە.

 

9ی ئەم مانگەش حكومەتی عێراق لیستێكی بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەی جێناكۆك ئامادەكردو بڕیارە ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، داواشی لە هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران دەكات تەواوی مامەڵە بازرگانییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕابگرن.

 

ئەو هەڵوێستەی حكومەتی عێراق، دوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی هات كە بەسەرپەرشتی حەیدەر عەبادی، بەڕێوەچوو، دوای كۆبوونەوەكە نوسینگەی عەبادی ڕایگەیاند"لەبارەی ڕیفراندۆمی ناشەرعی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بەدواداچوونی بۆ بڕیارو ڕێوشوێنەكانی پێشوی خۆی كرد بۆ بەردەوامیدان بە بڕیارەكانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك."

 

پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان‌، بڕیارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق بە نایاسایی‌ و نادەستوری وەسف دەكەن‌و سەرجەمیان ڕەتدەكەنەوە.

 

لە وەڵامەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێمدا بۆ عەبادی هاتووە"بەڕێز حەیدەر عەبادی، زیاتر لە هەموو كەسێك دەزانێت پێشمەرگە بە چەكێكی زۆر سادە، بەڵام بە خوێنی خۆی و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین، كەركووك و ناوچەكانی دیكەی لە داعش پاراست، دوای ئەوەی سوپای عێراق لەو ناوچانە ڕایكرد و هەموو چەكەكانی خۆیشی بۆ داعش جێ هێشتن."

 

حكومەتی هەرێم دەشڵێت"خەڵكی ئەو ناوچانە شایەتن كە پێشمەرگە چۆن وەك یەك مامەڵەی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان كردووە، بەڵام دەیان ڕاپۆرتی ڕێكخراوە جیهانییەكانی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ، هەزاران ڕووداوی گرتن و بێسەروشوێنكردن، تاڵانكردن، خاپووركردن، كوشتن و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵیان لەسەر هێزە عێراقییەكان بڵاو كردوونەتەوە، بەهۆی ئەو ڕەفتارانە و بێسەروبەری لە بەڕێوەبردنی هەندێ لە هێزە عێراقییەكاندا، هەفتەی ڕابردوو ناوی حەشدی شەعبی خرایە لیستی شەرمەزارییەوە كە بەڕێز عەبادی بەو یاسایەی بۆ حەشدی شەعبی دەركراوە، فەرماندەی حەشدی شەعبیشە."

 

لەبارەی دیاریكردنی سنوورەكان بەخوێن، حكومەتی هەرێم دەڵێت"عەبادی دەڵێ گوتوویانە سنوور بە خوێن دروست دەكەین، ئەوە ڕاست نییە، بەڵكو هەموو سەرۆك و بەرپرسەكانی كوردستان ڕوونیان كردووەتەوە كە پێشمەرگە بە خوێن سنوور و شار و گوندەكانی پاراستوون، بە خوێنی خۆی سەلامەتی و پێكەوەژیان و شارستانیەتی پاراستووە، وایكرد كە شاری كەركووك و زۆر شار و شارۆچكەی سەر بە پارێزگاكانی مووسڵ، دیالە و تكریت، وەك ئەنبار و مووسڵ و شوێنەكانی دیكە، وێران نەبن."

 

حكومەتی هەرێم دەشڵێت"هەروەها سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە هیچ شتێك دوور لە ڕێوشوێنە دەستووری و دیموكراسییەكان بەسەر هیچ ناوچەیەكدا ناسەپێندرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن."