پارتی‌و یەكێتی پڕۆژەیان هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان؟

12-10-2017 03:39
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2013. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكێتی هیچ پڕۆژەو داوایەكی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بەڵام داوادەكات هەڵبژاردن ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش بگرێتەوە، پارتیش هیچ داوایەكی لەوجۆرەی نییەو یەكگرتووش دەڵێت، پەرلەمانتارەكانیان دەنگ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نادەن.

 

ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆش تیروپشكی بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارە سیاسییەكان ئەنجامداو ڕایگەیاند، بەهەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ هەڵبژاردنەكان‌و هەر دەسەڵاتێك بیەوێت هەڵبژاردن دوابخات خۆی بەرپرسیار دەبێت.

 

بڕیارە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1-11، گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتی دانیشتەكانیان كردووەو پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتوو لەگەڵ حزبەكانی دیكەو كەمینەكان بەشدارن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان.

 

ڕێواز فایەق، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، باسلەوەدەكات دەبێت پەرلەمان لەسەر ئەوپرسە كۆببێتەوەو قسەی هەبێت‌و كۆمسیۆن بانگهێشت بكات بزانێت دەتوانێت هەڵبژاردن بكات یان نا.

 

ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، ئەوەشدەخاتەڕوو حزبەكان دەبێت لەسەر هەندێك پرسی سیاسی ڕێكبكەون كە پەیوەندی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە.

 

ڕێواز فایەق، بە پەرەگرافی وت"پێشتر لەسەر ئەوە ڕێككەوتوین لەو 7 خاڵەی یەكێتی داویەتی بە پارتی‌و دواتریش لەگەڵ یەكگرتوو ڕێككەوتنی لەسەر كراوە كە ئەو ناوچانە دەبێت هەڵبژاردنیان تێدا بكرێت، ئایا لە ئێستادا دەتوانین لەو ناوچانە هەڵبژاردن بكەین؟ ئەوە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە."

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن لەو ناوچانە نەكرێت پڕۆسەكە دوادەخرێت؟ ڕێواز فایەق وتی"ئەوە پەشیمان بوونەوەیە لە ڕیفراندۆم، ڕیفراندۆم لە هەڵبژاردن گرنگترو گەورەترە، تۆ چۆن ڕیفراندۆمی تێدادەكەیت‌و نایەڵیت نوێنەری هەبێت لە پەرلەمان" وتیشی"لە ڕووی قانونییەوە كۆمسیۆن دەتوانێت لەو ناوچانە هەڵبژاردن بكات، لەڕووی واقعییەوە حزبە سیاسییەكان دەتوانن هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن‌و بڕیاری لەبارەوە بدەن."

 

ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداربوون لە ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول كە تێیدا زیاتر لە سەدا 92ی بەشداربووان دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق.

 

لە وەڵامی ئەوەی وەك یەكێتی هیچ پڕۆژەو داوایەكیان هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن؟ ڕێواز فایەق وتی"نەخێر، ئێمە دەڵێین هەڵبژاردن بكرێت لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەوە مەبەست‌و ئامانجمانە، ئەگەر لە 1-11 ئەوەدەكرێت ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە، مەسەلەی دواخستنی هەڵبژاردن دەبێت بڕیاری هەموو حزبەكان بێت نەك داخوازی حزبێك، هەرچەند ئێمە لە دۆخێكی زۆر خراپداین‌و ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات نازانین بە چ ڕوویەكەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكەین كە هێشتا هەفتەیەكە جەنابی مام جەلال كۆچی دوایی كردووە، بۆ ئێمە زەحمەتە هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵام بڕیار بدرێت ئێمەش وەك حزبەكانی دیكە دەستپێدەكەین."

 

هاوكات هەریەكە لە پارتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف ئامادەییان پیشاندا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1-11.

 

ئەمڕۆش شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەردەوامن لە كاركردن‌و هیوادارن تا 1-11 سەرجەم ئامادەكاریی‌و پێداویستییەكانیان تەواو بكەن‌و داوایكرد هەموو لایەك پابەندی ڕێكارەكانی كۆمسیۆن بن.

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن وتیشی"ئەنجوومەنی كۆمسیاران دوپاتیدەكاتەوە، بەهەموو شێوەیەك ئامادەین بۆ هەڵبژاردنەكان، بەپێی ئەوبەرنامەی كارەی لە بەردەستماندایە، بەدەر لەدەسەڵاتی ئێمەش هەردەسەڵاتێك بیەوێت ئەو ماوەیە درێژبكاتەوە خۆی بەرپرسیارە، ئێمە بەرپرسیارنین لەكاتی درێژكردنەوە."

 

28 لیست‌و قەوارە خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، ئەمڕۆ ژمارە بە لیستەكان دراو وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان بە كۆمسیۆن 2 ڕۆژ درێژكرایەوەو 15 مانگ دوا وادەیەو 17ی مانگ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات.

 

پارتی‌و یەكگرتوو كە لەگەڵ یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاردەری سەرەكین لە پرسەكە، ئامادەن بۆ هەڵبژاردن‌و هیچ داوایەكیان نییە بۆ دواخستنی پڕۆسەكە.

 

خەسرەو گۆران، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە پەرەگرافی وت"ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن" ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەو هەركات هەڵبژاردن بكرێت پارتی ئامادەیەو بەشداریی دەكات.

 

لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی باسیلەوەشكرد، لەكاتی خۆیدا كاندیدەكانیان ئامادەدەبن‌و پێشكەشی كۆمسیۆنی دەكەن، بۆ هەڵوێستی پارتی لە ئەگەری داوای دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن حزبەكانی دیكەوە، وتی"پێش ڕووداو ناكەوین، پەرلەمان دەتوانێت ئەوشتانە بكات" لەبارەی داوای پارتی بۆ دواخستنی پڕۆسەكە، خەسرەو گۆران وتی"هیچ داوایەكی وامان نەكردووەو نیمانە."

 

یەكگرتووی ئیسلامیش بەهەمانشێوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، وەك وتەبێژەكەیان دەڵێت"واخۆمان ئامادەكردووە كە لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت."

 

سەلمان نادر، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بۆ پەرەگراف لەبارەی هەڵوێستیان لە ئەگەر داوای دواخستنی هەڵبژاردن، وتی"لەهەموو دۆخێكدا فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەنگ بە دواخستنی نادات‌و لەگەڵ ئەوەدایە لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت."

 

هەر دەربارەی ئەگەر دواخستنی هەڵبژاردن، لیستی نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات‌و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات، بەتووندی دژی دواخستنی پڕۆسەكە وەستاوەتەوە.

 

نەوەی نوێ ئەمڕۆ ڕایگەیاند"بەهەموو شێوەیەك دواخستنی هەڵبژاردنەكان ڕەتدەكەینەوەو هەرچی لە داهاتودا رووبدات ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی ئەم حیزبانەدایەو بە تایبەتتر یەكێتی و پارتی كە بەردەوام ترسیان هەیە لە هەڵبژاردن."

 

لەگەڵ ئەوانەشدا ڕێواز فایەق وەك ڕای شەخسی خۆی نەك ڕای یەكێتی، پێیوایە كۆمسیۆن ناتوانێت لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات بەتایبەت كە یەكێتی داوادەكات ناوچە كوردستانییەكانیش بگرێتەوە، وتی"وەك ڕای شەخسیی پێموانییە كۆمسیۆن بتوانێت لە 1-11 هەڵبژاردن بكات، بەتایبەت كە دەیان سەرپێچی‌و پێشێلكاری یاسایی‌و پەیڕەوییان كردووە بۆئەوەی بەو پەلەپەلە هەڵبژاردن بكەن، لەڕووی واقعییەوە ناتوانن بیكەن، بەڵام ئەگەر بڕیاردرا بكرێت ئێمە وەكو یەكێتی ڕێگر نابین."

 

لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر كۆمسیۆن بڵێت تەنها لە هەرێم دەتوانێت هەڵبژاردن بكات لە 1-11، ئایا یەكێتی داوای دواخستنی دەكات بۆئەوەی ناوچە كوردستانییەكانیش بگرێتەوە؟ ڕێواز فایەق وتی"ئەوە سەلاحیەتی من نییەو ئێمە ئەنجومەنی سەركردایەتیمان هەیە، ئەوكاتە حزب بڕیاردەدات كە ڕازیدەبێت تەنها هەڵبژاردن لە هەرێمی كرودستان بكرێت یان نا؟."

 

ماوەی یاسایی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەیەكەوە تەواودەبن، دوای هەڵبژاردن سەرۆكی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەكات بۆ یەكەم كۆبوونەوە، بەڵام تائێستا محەمەد تۆفیق ڕەحیم كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بەهۆی "كێشەی یاساییەوە" پەسەند نەكراوەو ئەو پۆستە هیچ كاندیدێكی دیكەی نییە.

 

لەبارەی ئەو كاندیدەی گۆڕانەوە وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەی خستەڕوو، سەرقاڵی ئیجرائاتن‌و دۆسیەكەیان ناردووە بۆ ئەنجومەنی شورا.

 

شیروان زرار، ئاماژەی بەوەشكرد، كاندیدەكەی گۆڕان لە ئەنجومەنی دادوەری تانەی لە بڕیارەكەداوە، وتیشی"ئەنجومەنی دادوەریش داوای سەرجەم بەراییەكانی كردووە سەبارەت بەو كاندیدە، هەركاتێك لە ئەنجومەنی دادوەری ئەو بڕیارە بۆ ئێمە یەكلایی كرایەوە ئێمەش بڕیاری خۆمانی لێدەدەین."

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

ژمارەی قەوارە سیاسییەكان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان:

 

- گۆڕان 101

 

- حیزبی زەحمەتكێشان 115

 

- بزووتنەوەی ئیسلامی 131

 

- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 142 

 

- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان 150

 

- یەكێتی نیشتمانیی كوردستان 171

 

- پارتی دیموكراتی كوردستان 178

 

- لیستی نەوەی نوێ 120

 

- حیزبی ئێزدی دیموكراتی 182

 

- هاوپەیمانی سەربەخۆی كوردستان 163

 

- پارتی پارێزگارانی كوردستان 189

 

- لیستی ئازادی 190

 

- كۆمەڵی ئیسلامی 192

 

- لیستی توركمانی دیموكراتی 240

 

- پارتی چاكسازی توركمانی 261

 

- گەشەپێدانی توركمان 270

 

- بەرەی توركمانی عێراق 293

 

- توركمانی دیموكراتی 298