عەبادی بە پشتیوانیی ئێران پەیامێك ئاڕاستەی یەكێتی دەكات دەربارەی كەركوك

13-10-2017 03:04
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ، قاسم سلێمانی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد  

 

ئێران گڵۆپی سەوز بۆ عەبادی هەڵدەكات هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران‌و یەكێتی دێت بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە بەهۆیەوە تاران "بەتەواوی پشتی كردووەتە یەكێتی" بەپێی سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و عێراقە لەگەڵ ئێران.

 

حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی نایەوێت شەڕو پێكدادان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دروست ببێت، بەڵام سوورە لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لە پارێزگای كەركوك، بۆئەو مەبەستەش عەبادی پەیامی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە كە بڕیار بەدەستی سەرەكی پارێزگاكەیەو داوایكردووە ئاستەنگ بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق دروست نەكرێت لەكاتی پێشڕەوییان بۆ كەركوك.

 

ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕین، بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزە عێراقییەكان بەتایبەت حەشدی شەعبی، ئەوەش لە دەرئەنجامی ئاڵۆزییەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر لە دوای ڕیفراندۆمەكەی كوردستان كە زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراقدا.

 

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد بەگشتی‌و یەكێتی بەتایبەت لە ڕیفراندۆم، بۆئەو مەبەستەش وەفدی یەكێتی بانگهێشتی تاران كراو قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كە بەرپرسی مەلەفی عێراقە سەردانی هەرێمی كردو لەگەڵ حزبەكان كۆبووەوە، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی ئێران شكستیان هێنا.

 

دوای ڕیفراندۆم ئێرانییەكان بەتەواوی لە یەكێتی نیگەران بوون كە دۆستایەتی‌و پەیوەندییەكی پتەوی مێژویی لە نێوانیاندا هەیە، ئێستا نێوانی ئێران‌و یەكێتی بە جۆرێكە وەك سەرچاوە ئاگادارەكە بە پەرەگرافی وت"ئێستا ئێران گوێ لە یەكێتی ناگرێت‌، لەدوای ڕیفراندۆمەوە چەندجارێك یەكێتی داوایكردووە بە ئاشكرا یان نهێنی سەردان ئێران بكەن‌، بەڵام ئێران وتویەتی گفتوگۆمان نەماوە."

 

ئێران بە ئاشكرا تووندترین كاردانەوەی هەبووە دژی ڕیفراندۆم، وەك یەكەم هەنگاوی كردارییش ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست.

 

هاوكات قاسم سلێمانی، ڕۆژانی 10و11ی مانگی ڕابردووی لە هەرێم بەسەربردو لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكانی كۆبووەوەو سووربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامەنەدانی ڕیفراندۆم، پەرەگراف ئەوكات بڵاویكردەوە، قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

كورد نەچووە ژێرباری فشارو هەڕەشەكانی ئەوكاتی قاسم سلێمانی‌و ڕیفراندۆمی بە مافێكی یاسایی دانا، هەربۆیە ئێران فشارەكانی لەسەر یەكێتی تووند كردەوە بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك، بۆئەو مەبەستە مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك كە سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە لە دوو كۆبوونەوەیدا ڕیفراندۆمی ڕەتكردەوە، بەڵام لە ساتەكانی كۆتاییدا ڕەزامەندیی پیشانداو ڕیفراندۆم كەركوكیشی گرتەوە، ئەوەش تەواو ئێرانییەكانی نیگەران كرد.

 

سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وتی"چەند ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم قاسم سلێمانی لەدوا كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی بە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی وتووە، ئەگەر ڕیفراندۆم بكەن ئەمە دوا كۆبوونەوەی من‌و ئێوەدەبێت‌و ئیتر نامبیننەوە."

 

دواین پەیام لە عەبادییەوە بۆ یەكێتی

 

لەدوای پشتكردنە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران‌و توركیا بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، حەیدەر عەبادی هەڵوێستەكانی تووندكردەوەو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لە نێویاندا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، ڕادەستكردنی دەروازە سنورییەكان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و‌ لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ڕیفراندۆم.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت"لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا عەبادی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتییەوە كردووەو پێی وتوون نامانەوێت شەڕ ڕووبدات، هێزەكانمان دەنێرینە كەركوك‌و یاسا جێبەجێ دەكەین، ڕوبەڕومان مەبنەوە، چونكە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو ڕووبدات وەك تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكەین."

 

هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "عەبادی وتوشیەتی تا 10 ڕۆژی ئایندە دێینە كەركوك."

 

ئەو پەیامەی عەبادی دوای ئەوەدێت، دوو ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم عەبادی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە دەستوور دەسەڵات بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنن، داواشی لە پێشمەرگە كرد لە كەركوك بچنە دەرەوە.

 

لەدوای ئەو هەڕەشەو گوشارانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەكدارەكانی عێراق بەتایبەت حەشدی شەعبی كە زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی وەفایان بۆ ئێران هەیەو شوێنكەوتووی سیاسیەتی ئێرانن، هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی پێشمەرگە لە باشوری كەركوك كۆكردەوەو ڕەوشی ئەو پارێزگایە ڕوبەڕوی ئاڵۆزی بووەوە.

 

ئێوارەی دوێنێش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بافڵ تاڵەبانی كوڕی لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هۆشدارییاندا لە ڕەوشی كەركوك‌و داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكە‌و گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدایان كرد.

 

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا چەند داواكارییەكی خستەڕوو كە هەمان داواكاریی حكومەتی عێراقە لە دوای ڕیفراندۆم، لەوانە؛ ئیدارەی هاوبەش لەناوچە جێناكۆكەكان‌و ئەنجومەنی نوێ بۆ كەركوك‌و گۆڕینی پارێزگار كە لەپشكی یەكێتییە ئەگەر پێویست بكات.

 

ئەمڕۆش فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دژایەتی خۆی بۆ شەڕ‌و خوێنڕشتن پیشانداو داوای لە عێراق كرد، لە بری جوڵاندنی هێز بە گفتوگۆ‌و دیالۆگ چارەسەری كێشەكان بكەن.

 

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە ئەوەدەخاتەڕوو، حەشدی شەعبی‌و هەندێك لە هێزەكانی سوپا دەستیان بە جموجۆڵ‌و خۆئامادەكردن كردوە بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركوك ئەوەش"ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە" داواشدەكات هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان"لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستان و بەرپەرچی هەموو جۆرە هەڕەشە و پەلامارێك بدەنەوە."

 

لەگەڵ تووندبوونەوەی هەڕەشەو ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، ئەوە ئێستا دەتوانێت رۆڵی یەكلایی كەرەوەی هەبێت‌و دۆخەكە هێوربكاتەوە ئێرانییەكانن، بەڵام وەك شارەزایەكی پەیوەندییەكانی ئێران‌و هەرێم دەڵێت، لە ئێستادا ئێران ئامادەنییە هەنگاوێكی لەوجۆرە بنێت، بەهۆی نیگەرانییەكانی لە یەكێتی، بەتایبەت كە ناوچە ئاڵۆزەكان لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدان.

 

"ئێران زۆر شتی بۆ یەكێتی كردووە لە ڕابردوودا، پێشبینی نەدەكرد یەكێتی وا مامەڵەبكات لە پرسی ڕیفراندۆمدا، ئێستا ئێرانییەكان دەڵێن شتێك بەناوی یەكێتی نەماوە، هەتا ئەگەر پەشیمانیش ببنەوە قسەیان وەرناگیرێ"ئەو شارەزایەی پەیوەندیەكانی ئێران‌و هەرێم كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وای وت.

 

ئەو شارەزایە باسیلەوەشكرد، جگە لەئێران هیچ وڵاتێكی دیكەش لەگەڵ كوردستاندا نییە لەم دۆخەدا، وتیشی"ئێران هەمیشە قەیرانەكانی بۆخۆی قۆستۆتەوە، كە داعش هات ئێران قۆستیەوەو حەشدی شەعبی لە عێراق دروستكرد، ئەگەر داعش نەبوایە هیچ بیانویەك نەبوو حەشد دروست ببێت، پێدەچێت ئێران ئەم قەیرانەی ڕیفراندۆمیش بقۆزێتەوەو هەندێك دەستكەوت لە كورد وەربگرێتەوە لە ڕێی حكومەتی بەغداوە."

 

دەربارەی كاریگەریی پەیامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئێرانییەكان، ئەو شارەزایە وتی"ئەگەر ئەو پەیامە ئێران‌و عەبادی لێی وەربگرتنایە بەیاننامەیان دەرنەكردو بڵاویان نەدەكردەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە لەهەر دەرگایەكیانداوە لێیان نەكراوەتەوە."