یەكێتی لە كەركوك بووە بە دوو بەشەوە لەبارەی پێشڕەویی حەشدی شەعبی

13-10-2017 07:20
ئۆتۆمبێلێكی حەشدی شەعبی لە سنورەكانی كوردستان، مانگی 5ی 2016. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

یەكێتی لە كەركوك بووە بە دوو بەشەوە لەبارەی پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش پێشمەرگە شوێنێكی ستراتیژیی بۆ حەشد"چۆڵكرد"و دوای بە جێهێشتنی شوێنەكە ڕێگای نێوان كەركوك – بەغدا بەدەست كوردەوە نەماو هێزەكانی پێشمەرگە لەیەك دابڕان، بەپێی سێ سەرچاوەی ئاگادار.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە باشوری كەركوك بە پەرەگرافی وت"لە گوندی عەبادات كە دەكەوێتە نێوان تازە خورماتوو-داقوق هێزەكانی پێشمەرگە لە سایلۆیەكدا جێگیر بووبوون، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سایلۆكەیان بە جێهێشتووەو حەشدی شەعبی چووەتە شوێنەكە" دوو سەرچاوەی دیكەش هەمان زانیارییان پشتڕاست كردەوە.

 

بەوتەی ئەو سەرچاوانە ئەو شوێنەی كە پێشمەرگە چۆڵی كردووە ستراتیژییەو دەكەوێتەسەر ڕێگای كەركوك-بەغدا، "بەچۆڵكردنی شوێنەكە ڕێگاكە بەدەست كوردەوە نەماو ئێستا ئاڵای حەشدی شەعبی بەسەرەوەیە، ناوچەكە ستراتیژییەو ئەوكارە بووەتەهۆی دابڕینی هێزەكان كە نزیكەی 10 هەزار پێشمەرگە دەبن لە داقوقەوە هەتا دوزخورماتوو."

 

سەرچاوەیەكی پەرەگراف دەڵێت"شەقامی سەرەكی كەوتەدەست ئەوان‌و بازگەی تێدا دادەنێن‌و دەستدەكەن بە دەستگیركردنی خەڵك، ژیانمان قورس بوو، ئێستا ئەگەر بتەوێت لە دوزخورماتووەوە بچیتە كەركوك دەبێت بڕۆیتە قادر كەرەم‌و لەوێوە بۆ چەمچەماڵ‌و ئەوكات بچیتە كەركوك."

 

ئەو شوێنەی چۆڵكراوە هێزەكانی پشتیوانی 2ی تێدابووە بە سەرپەرشتی لیوا مەریوان مەحمود، ئەو شوێنە پێش هاتنی داعش لە مانگی 6ی 2014 سوپای عێراقی تێدابووە، ئێستا ئاڵای حەشدی شەعبی تێدا دەشەكێتەوە.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە لیوا مەریوان، هەرچەندە وتی دوای 10 خولەكی دیكە قسەدەكات، بەڵام دواتر وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

 

لایخۆیەوە وەستا ڕەسوڵ بەرپرسی میحوەری باشوری كەركوكی هێزی پێشمەرگە باسلەوە دەكات دۆخەكە"زۆر باشە"‌و ڕەتیدەكاتەوە ئەو شوێنە پێشمەرگەی تێدابووبێت، بە پەرەگرافی وت"ئەو شوێنە پێشتر چۆڵبووەو هێزی لێنەبووە، سایلۆیە بۆچی پێشمەرگەی تێدابێت."

 

لەبارەی زانیاریی سەرچاوەكانی پەرەگراف، وەستا ڕەسوڵ وتی"بڕۆ بۆخۆت قسە لەگەڵ ئەوان بكە، من بەرپرسەكەتم وا قسەت بۆ دەكەم تۆ باسی ئەوان دەكەیت، دەیباشە من هەر هێزی تێناكەم خۆم ئازادنیم."

 

هاوكات فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری داقوق، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد لە میحوەرەكەی ئەوان هیچ كشانەوەیەك نەبووە، لەبارەی كاریگەری كشانەوەی پێشمەرگە لە عەبادات بۆسەر میحوەرەكەی ئەوان، ئەو فەرماندەیە وتی"ئەوە میحوەری ئێمە نییە، بەڵام كشانەوەكە باش نییە."

 

ئاڵۆزییەكانی كەركوك یەكێتی نیشتمانی لەوشارە كردووە بە دوو بەشەوە، بەشێكیان "بێباكن" لە هاتنە پێشەوەی حەشدی شەعبی‌و بەشەكەی دیكەیان كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

 

"ئەو بەرپرسانەی سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدن بێباكن‌و هێزەكانیان نەكەوتوونەتە ئامادەباشیی هەندێكیان هەر لە كەركوكیش نین وەك دژەتیرۆرو هێزە ڕەشەكەی مەڵبەند، بەڵام كۆسرەت ڕەسوڵ‌و شێخ جەعفەر خۆیان لێرەن‌و هێزەكانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی ململانێی باڵەكانی یەكێتی لە كەركوك بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بەرلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەهەمانشێوە یەكێتی بووبوو بە دوو بەشەوە لە كەركوك، ئەو مەكتەب سیاسییانەی سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدن تا دواساتەكان لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبوون‌و لە دوو كۆبوونەوەدا مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك ڕیفراندۆمی ڕەتكردەوە، بەڵام باڵەكەی دیكە پشتیوانیی سەرسەختی پڕۆسەكەبوون.

 

كشانەوەكانی ئەمڕۆی پێشمەرگە لە باشوری كەركوك لەكاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو بافڵ تاڵەبانی كوڕی لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هۆشدارییاندا لە ڕەوشی كەركوك‌و داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكە‌و گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدایان كرد.

 

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا چەند داواكارییەكی خستەڕوو كە هەمان داواكاریی حكومەتی عێراقە لە دوای ڕیفراندۆم، لەوانە؛ ئیدارەی هاوبەش لەناوچە جێناكۆكەكان‌و ئەنجومەنی نوێ بۆ كەركوك‌و گۆڕینی پارێزگار كە لەپشكی یەكێتییە ئەگەر پێویست بكات.

 

دوو ڕاگەیەندراوەكەی ماڵی مام جەلال دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاوكرایەوە، لەكاتێكدا كۆبوونەوەكە هیچ لێدوان‌و ڕاگەیەندراوێكی نەبوو دەربارەی هەڵوێستی یەكێتی‌و دۆخی كەركوك.

 

لە دەرئەنجامی ئاڵۆزییەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە چەند سەنگەرێك كشانەوە لە باشوری كەركوك‌و حەشد چووە شوێنەكانیان، بەڵام دواتر ڕایانگەیاند، كشانەوەكە پلانی سەربازییەو پێشتر دیراسەیان كردووەو بەمەبەستی تۆكمەكردنی سەنگەرەكانیانە.

 

حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی نایەوێت شەڕو پێكدادان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دروست ببێت، بەڵام سوورە لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لە پارێزگای كەركوك، بۆئەو مەبەستەش عەبادی پەیامی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە كە بڕیار بەدەستی سەرەكی پارێزگاكەیەو داوایكردووە ئاستەنگ بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق دروست نەكرێت لەكاتی پێشڕەوییان بۆ كەركوك.

 

ئەمڕۆش لە ڕاپۆرتێكدا پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد، ئێران گڵۆپی سەوز بۆ عەبادی هەڵكردووە هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران‌و یەكێتی دێت بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە بەهۆیەوە تاران "بەتەواوی پشتی كردووەتە یەكێتی."