قاسم سلێمانی: بەداخەوە ڕەنگە گەلی كورد سەركەوتنەكانی لەدەستبدات

14-10-2017 05:24
قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.

پەرەگراف

 

قاسم سلێمانی ڕایگەیاند، ڕەنگە گەلی كورد ئەو سەركەوتنانە لەدەستبدات كە بە دەستیهێناوە، ئەوەش لە كاتێكدایە چەند ڕۆژێكە ئاڵۆزی لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و هێزە چەكدارەكانی عێراق دروست بووە لە باشوری كەركوك.

 

ئەو لێدوانەی قاسم سلێمانی لەكاتێكدایە پەرەگراف دوێنێ ئاشكرایكرد، ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵكردووە هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران‌و یەكێتی بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە بەهۆیەوە تاران "بەتەواوی پشتی كردووەتە یەكێتی" بەپێی سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی پەیوەندی نێوان هەرێم‌و عێراقە لەگەڵ ئێران.

 

قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی گۆڕی مام جەلالی كردووە لە سلێمانی، میدیای یەكێتی ئەمڕۆ وێنەو ڤیدیۆی سەردانەكەی بڵاوكردەوە.

 

لە بەشێكی گرتە ڤیدیۆییەكەدا قاسم سلێمانی قسەدەكات‌و لەدەستدانی مام جەلال بە دروستبوونی بۆشاییەكی گەورە ناودەبات، دەربارەی مام جەلال دەشڵێت"لەپاڵ دابینكردنی مافی گەلی كورد‌و هەروەها لە عێراقدا توانی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دۆستەكانیدا بە باشترین شێوە بەهێز بكات‌و پارێزگاریی لێبكات، هەروەها دۆستەكانیشی پشتیوانییان لە سەرۆك مام جەلال‌و عێراق كردووە، هەروەها سەرۆك مام جەلال لێهاتوو دانابووە لە دەستنیشانكردنی پرسەكان ئەوەش هۆكاربووە بۆ خۆشبەختی گەلی كورد‌و ئەو سەركەوتنانەی بە دەستیهێناوە كە بەداخەوە لە ئێستادا لەوانەیە لەدەستی بدەن."

 

ڤیدیۆی لێدوان‌و سەردانی قاسم سلێمانی بۆسەر گۆڕی مام جەلال

 

ئاماژەكردن بە لەدەستدانی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەلایەن قاسم سلێمانی لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە ڕەوشێكی ئاڵۆز لە باشوری كەركوك دروست بووە لەنێوان هێزە عێراقییەكان لەناویاندا حەشدی شەعبی كە هاوسۆزیی بۆ ئێران هەیە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە.

 

پەرەگراف لە ڕاپۆرتەكەیدا وردەكاریی هەڕەشەكانی ئێران‌و قاسم سلێمانی بڵاوكردەوە كە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم‌و بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كردووە، ئەوەش پاڵنەربووە بۆ حكومەتی بەغدا تاوەكو هەڵوێستەكانی دژی هەرێم تووندتر بكات.

 

حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی نایەوێت شەڕو پێكدادان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دروست ببێت، بەڵام سوورە لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لە پارێزگای كەركوك، بۆئەو مەبەستەش عەبادی بە پاڵپشتیی ئێران پەیامی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە كە بڕیار بەدەستی سەرەكی پارێزگاكەیەو داوایكردووە ئاستەنگ بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق دروست نەكرێت لەكاتی پێشڕەوییان بۆ كەركوك.

 

پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغدا چووە قۆناغێكی ئاڵۆزتر لە دوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان كە زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراقدا.

 

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد بەگشتی‌و یەكێتی بەتایبەت لە ڕیفراندۆم، بۆئەو مەبەستەش وەفدی یەكێتی بانگهێشتی تاران كراو قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كە بەرپرسی مەلەفی عێراقە سەردانی هەرێمی كردو لەگەڵ حزبەكان كۆبووەوە، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی ئێران شكستیان هێنا.

 

دوای ڕیفراندۆم ئێرانییەكان بەتەواوی لە یەكێتی نیگەران بوون كە دۆستایەتی‌و پەیوەندییەكی پتەوی مێژویی لە نێوانیاندا هەیە، ئێستا نێوانی ئێران‌و یەكێتی بە جۆرێكە وەك سەرچاوە ئاگادارەكە بە پەرەگرافی وت"ئێستا ئێران گوێ لە یەكێتی ناگرێت‌، لەدوای ڕیفراندۆمەوە چەندجارێك یەكێتی داوایكردووە بە ئاشكرا یان نهێنی سەردان ئێران بكەن‌، بەڵام ئێران وتویەتی گفتوگۆمان نەماوە."

 

ئێران بە ئاشكرا تووندترین كاردانەوەی هەبووە دژی ڕیفراندۆم، وەك یەكەم هەنگاوی كردارییش ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست.

 

هاوكات قاسم سلێمانی، ڕۆژانی 10و11ی مانگی ڕابردووی لە هەرێم بەسەربردو لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكانی كۆبووەوەو سووربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامەنەدانی ڕیفراندۆم، پەرەگراف ئەوكات بڵاویكردەوە، قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێنابوو بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

كورد نەچووە ژێرباری فشارو هەڕەشەكانی ئەوكاتی قاسم سلێمانی‌و ڕیفراندۆمی بە مافێكی یاسایی دانا، هەربۆیە ئێران فشارەكانی لەسەر یەكێتی تووند كردەوە بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك، بۆئەو مەبەستە مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك كە سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە لە دوو كۆبوونەوەیدا ڕیفراندۆمی ڕەتكردەوە، بەڵام لە ساتەكانی كۆتاییدا ڕەزامەندیی پیشانداو ڕیفراندۆم كەركوكیشی گرتەوە، ئەوەش تەواو ئێرانییەكانی نیگەران كرد.

 

 

لەدوای پشتكردنە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران‌و توركیا بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، حەیدەر عەبادی هەڵوێستەكانی تووندكردەوەو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لە نێویاندا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، ڕادەستكردنی دەروازە سنورییەكان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و‌ لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ڕیفراندۆم.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت"لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا عەبادی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتییەوە كردووەو پێی وتوون نامانەوێت شەڕ ڕووبدات، هێزەكانمان دەنێرینە كەركوك‌و یاسا جێبەجێ دەكەین، ڕوبەڕومان مەبنەوە، چونكە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو ڕووبدات وەك تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكەین."

 

ئەو پەیامەی عەبادی دوای ئەوەدێت، دوو ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم عەبادی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە دەستوور دەسەڵات بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنن، داواشی لە پێشمەرگە كرد لە كەركوك بچنە دەرەوە.

 

لەدوای ئەو هەڕەشەو گوشارانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەكدارەكانی عێراق بەتایبەت حەشدی شەعبی كە زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی وەفایان بۆ ئێران هەیەو شوێنكەوتووی سیاسیەتی ئێرانن، هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی پێشمەرگە لە باشوری كەركوك كۆكردەوەو ڕەوشی ئەو پارێزگایە ڕوبەڕوی ئاڵۆزی بووەوە.