پارتی‌و یەكێتی: یەكڕیزیی‌و گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ بەغدا‌و ڕەتكردنەوەی دەستێوەردانی سەربازیی

15-10-2017 05:01
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی لە دوكان. فۆتۆ؛ ڕووداو.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی تەئكید لە یەكڕیزی‌و گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ بەغدا دەكەن بە چاودێری لایەنی نێودەوڵەتی‌و دەستێوەردانی سەربازیی‌و جوڵاندنی هێز ڕەتدەكەنەوە.

 

دوای كۆبوونەوەی باڵای پارتی‌و یەكێتی لە دوكان كە مەسعود بارزانی‌و فوئاد مەسعوم سەرۆك كۆماری عێراق بەشداربوون تێیدا، ئەو دوو حزبە ڕاگەیەندراوێكی 5 خاڵییان بڵاوكردەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا وەڵامی هیچ داواكارییەكی بەغدایان نەداوەتەوە لەبارەی ئاڵۆزییەكانی كەركوك تەنها تەئكید لە گفتوگۆ دەكەن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق سوورە لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لەو پارێزگایەو گەڕاندنەوەی نەوتەكەی بۆژێر دەسەڵاتی خۆی.

 

كۆبوونەوە باڵاكەی پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدابوو چەند ڕۆژێكە ڕەوشێكی ئاڵۆز لە باشوری كەركوك دروست بووە لەنێوان هێزە عێراقییەكان لەناویاندا حەشدی شەعبی كە هاوسۆزیی بۆ ئێران هەیە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە.

 

دوای كۆبوونەوەكەش مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هەموو دۆخەكەو هەڕەشەكانیان تاوتوێ كردووە.

 

مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕوو، هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنوری كەركوك نادەستورییەو پێچەوانەی ڕێككەوتنێكی ئەمەریكاو عێراقیشە، وتی"نەدەبوو حەشدی شەعبی بێت، هاتووە ئێمەش لە بەرامبەری وەستاوین، پێشنیار بۆچارەسەری كەركوك هەیەو لەناوكۆی پێشنیارەكان بۆ چارەسەری كێشەی كەركوك قبوڵكراوە لەلامان."

 

هاوكات نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارن بەغدا بیر لە "هەڵەی بەكارهێنانی هێز" نەكاتەوەو حكومەتی ئێستای عێراق چەند بەهێزبێت هێندەی حكومەتی پێشوو بەهێز نابێت كە كوردی ئەنفال كرد، تەئكیدی كردەوە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن. 

 

بەرپرسانی كورد نەچوونە ژێرباری فشارە ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان كە زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژایەتییەكانیان دووپاتكردەوەو هەریەكە لە بەغداو تاران‌و ئەنقەرە زۆر بەتووندی دژی وەستانەوەو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لەدژی هەرێم دەركرد.

 

دوێنێش قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ڕەنگە گەلی كورد ئەو سەركەوتنانە لەدەستبدات كە بە دەستیهێناوە، پەرەگراف پێشتر ئاشكرایكرد، ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵكردووە هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی.

 

دەربارەی فشارەكانی ئێران، مەلا بەختیار وتی"ئێران فشاری كردووەو چی كردووەو چی نەكردووە سیاسەتی خۆیەتی‌و ئێمەش سیاسەتی خۆمان پەیڕەودەكەین، پێش‌ ڕیفراندۆم گفتوگۆ هەبووەو دوای ڕیفراندۆمیش دەبێت، سیاسەتی سەربەخۆی خۆمان لە قۆناغە چارەنوسسازەكاندا چی پێویستكردبێت وامان كردووە، لەژێر فشاردا هیچ پاشەكشەیەك ناكەین، بەڵام بەپێی پێویستی ئەركی هاوبەش‌و دیموكراسی‌و مافەكانمان ئامادەی گفتوگۆین."

 

حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی نایەوێت شەڕو پێكدادان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دروست ببێت، بەڵام سوورە لەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لە پارێزگای كەركوك، بۆئەو مەبەستەش عەبادی بە پاڵپشتیی ئێران پەیامی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە كە بڕیار بەدەستی سەرەكی پارێزگاكەیەو داوایكردووە ئاستەنگ بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق دروست نەكرێت لەكاتی پێشڕەوییان بۆ كەركوك.

 

 دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی