دواین بارودۆخی كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك‌و هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە

16-10-2017 12:47
كه‌ركوك/16-10-2017/ هاوڵاتیان ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ جێهیشتنی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن لێپرسراوان و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه.‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوەییەكانیان بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بەردەوامن و لە ئێستادا چەند دام‌و دەزگایەكی حزبیی و ئەمنیی و سەربازیی كەركوك سەرقاڵی پاشەكشێن، ناحیەی لەلایەن، فڕۆكەخانەی كەركوك لە نزكترین ئەو ناوچانەن كە كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.

 

ناوچە دەستبەسەرداگیراوەكان

 

ئەو ناوچانەی تائێستا كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و هێزە ئە‌منییەكانی عێراق، مەكتەب خالید، گەڕەكی پیشەسازیی و تەرگەلان و ناحیەی یایچی، كۆمپانیای غازی باكور، وێستگەی كارەبای كەركوك، قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك و دووزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، ناحیەی لەیلان لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك، كێڵگە نەوتییەكانی بابەگوڕگوڕو كۆمپانیای نەوتی باكور.

 

لە ئێستادا هێزەكانی عێراق بە ‌ئاڕاستەی ناو شاری كەركوك لە گەڕەكی عەمەلە شەعبی خۆرئاوای كەركوك جوڵەدەكەن.

 

هەروەها فڕۆكەخانەی كەركوك لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی و بەرپرچدانەوەی خێراوە كۆنتڕۆڵكرانەوە، بەپێی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی.

 

ناحیەی لەیلان، لە باشووری خۆرهەڵاتی كەركوك بە ‌دووری 20كم لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستیبەسەردا گیراوە.

 

یەكێتیی و پارتی بارەگاكانیان چۆڵدەكەن

 

یەكێتیی و پارتی زۆرینەی بارەگا حزبیی و ئەمنییەكانیان لە گەڕەكە عەرەبنشینەكان لە شاری كەركوك چۆڵكردووە، لەوانە كۆمیتەو ناوچەو ڕێكخستنەكانیان لەگەڵ بارەگای ئاسایشەكانیان.

 

لە ئێستادا زۆرینەی پێشمەرگەكانی كەركوك لە هەردوو بارەگای سەرەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك كۆبوونەتەوە، بەڵام جارێ ڕوون نییە بڕیارە چۆڵی بكەن یان شەڕ دەكەن.

 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق فەرمانیكرد بە جوڵەی هێزە فیدراڵییەكان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە كەركوك و پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە: بێدەنگ نابین‌و بەرگریی دەكەین

 

وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیمانان لەبارەی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك‌و دەوروبەری لە هەولێر كۆبوونەوە، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت بە هاوپەیمانانی ڕاگەیاندووە، چیدی بێدەنگ نابن و بەرگری لە خاك و خەڵكی كوردستان دەكەن.

 

"‌ئەمە پلانی هێرشكاری و دووژمنكارانەی حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی ئیتیحادی عێراقە لە دژی خەڵكی كوردستان و ئەو ئارامی و ئاسایشەی كە لەسایەیدا تەواوی پێكهاتە جیاوازەكان و ئاوارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق حەوابوونەوە" كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت وای وتووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئاماژەی بەوەشكردووە كە حەشدی شەعبی و سوپا بە‌چەكی پێشكەوتووی هاوپەیمانان جارێكی دیكە هێرشدەكەنەسەر ناوچە كوردنشینان و باشوری كەركوك‌و هیچ بەهایەكیان بۆ سەروەری و یەكڕیزی خاك و گەلی عێراق نەهێشتووەتەوە‌، ئەمە لەكاتێكدایە كە بۆخۆیان بەردەوام باس لە پێشێلكردنی دەستوور و پێكەوەژیان لە وڵاتدا دەكەن.

 

كەریم شنگالی تەئكیدی كردووەتەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان چیدی بێدەنگ نابێت و لە بەرگریكردن لە ‌خاك و خەڵكی كوردستان درێغی ناكات، جاڕدانی ئەم جەنگەش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و فەرماندە سەربازییەكانی عێراق و ئەوانەشی كە پاڵپشتیان دەكەن.

 

وەزیری پێشمەرگە نیگەرانی لە بڕیار‌ی ئێران بۆ‌ داخستنی سنوورەكان دەربڕیوە، ئەم هەڵوێستەشی بە گەمارۆی سەر خەڵكی كوردستان ناوبردووە، هەروەها داوای كردووە حكومەتی عێراق هەوڵبدات لەڕێگەی گفتوگۆوە كێشە سیاسییەكانیان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكەن، ئەگەرنا ئەو دۆخەی كە ئێستا لە باشووری كەركووك خوڵقاندویانە وەك خۆی نامێنێتەوە.

 

لە ‌كۆتایی كۆبوونەوەكەدا فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان هیوای خواستووە كێشە سیاسییەكانی عێراق بە گفتوگۆ و ڕێگەچارەی شیاو چارەسەربكرێن و هیچ لایەك پەنا نەبەنەبەر شەڕ و تەقەكردن. ڕاشیگەیاندووە‌ ئەوان بەوردی چاودێری دۆخەكە دەكەن و لە هەر پێشهاتێكدا سەرووی خۆیان ئاگادار دەكەنەوە.