فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە: هەندێك بەرپرسی یەكێتی خیانەتێكی گەورەو مێژووییان كرد

16-10-2017 01:37
كەركوك، 2015، شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی مەریەم بەگ. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بارەی هێرشی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆسەر شاری كەركوك ڕایگەیاند، ئەو پەلامارە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە


ڕاگەیێندراوێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

ڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان

 

بەڕەبەیانیی ئەمڕۆ 16ـی 10ـی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بە فەرماندەیی ئیقبالپوور و بە هاوكاریی هێزەكانی عێراقی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك دەست پێكردووە. ئەو هێرشە بە ئاشكرا ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەلی كوردستان.

 

ئەو پەلامارە كە لە لایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.

 

بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە.

 

بە گشت لایەكیش ڕادەگەیێنین كە ئەو پەلامارەی حەشد و هێزەكانی عێراقی بە چەك و زڕێپۆش و دەبابەی ئابرامزی ئەمەریكی و چەكی تری هاوپەیمانان ئەنجام دراوە. ئەو چەكە ئەمەریكیانە دەمێكە لەژێر ناوی شەڕی داعش بە سوپای عێراق و حەشد دەدرێت، ئەوە لە حاڵێكدابوو كە لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی پێویستی پێ نەدرا بۆ شەڕ و بەرگری لە بەرانبەر تیرۆریستاندا.

 

لێرەدا گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە سەرباری بوونی ناپاكی هەندێ بەرپرس و پیلانگێڕیی حكوومەتی عێراق و سوپای پاسدارن بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە لە هەموو شوێنەكان بەرگرییەكی قارەمانانە دەكات و جەختیش لەوە دەكەینەوە كە مومكین نییە بە پیلانگێڕی ئیرادەی گەلی كوردستان تێكبشكێت و ڕێگە بدەین نەیارانی گەلی كوردستان سەربكەون.

 

داوا لە هەموو پێشمەرگە ڕاستەقینەكانی گەل و وڵات و جەماوەری خۆڕاگر و دوژمن بەزێن دەكەین ئەوەی لە دەستیان بێت بیكەن بۆ بەرخودان و تێكشكاندنی پەلاماردەران. بەرپرسی یەكەمی شەڕفرۆشتن بە گەلی كوردستان حكوومەتەكەی عەبادییە و دەبێ بە قورسی باجی ئەو زوڵمەی بدات.

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

16ـی 10ـی 2017