خەڵكی كەركوك شارەكە بەجێدەهێڵن‌و دەڵێن: خیانەتێكی گەورەكراو كەركوك فرۆشرا

16-10-2017 03:28
كه‌ركوك/16-10-2017/ هاوڵاتیان ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ جێهیشتنی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن لێپرسراوان و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه.‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف

 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆشاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردووەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكەن‌و دەڵێن: كەركوكیان فرۆشت.

 

شەوی ڕابردوو حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكرا، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكرد.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كەركوك بە پەرەگرافی وت"ماڵی مام جەلال بەرپرسانی پێشمەرگەیان لەبەرەی پێشەوە ئاگادار كردووەتەوە كە بكشێنەوە، بەبێ ڕەزامەندی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و شێخ جەععفەر."

 

لە بەیاننامەیەكیشدا، فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند"ئەو پەلامارە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە."

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."

 

لە ئێستادا هێزە عێراقییەكان گەیشتوونەتە ناوشاری كەركوك‌و چەند گەڕەكێكیان كۆنتڕۆڵ كردووە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو كەركوك بە پەرەگرافی وت"هێزە عێراقییەكان شەڕی بارەگاكانی یەكێتی ناكەن‌و ماڵی بەرپرسانی یەكێتی دەپارێزن‌و چەند فەرماندەیەكی یەكێتی لەشارەكەدا ماون، ئەوان پەلاماری بارەگاكانی پارتی دەدەن لەشارەكە."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"فەرهود دەستیپێكردووەو ماڵە كوردەكان تاڵاندەكرێن، بەتایبەت لە گەڕەكی فەیلەق توركمان‌و عەرەبەكان ماڵە كوردەكان تاڵان دەكەن."

 

خەڵكی شارەكە كە ڕاستەوخۆ بۆ كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی‌و كەی ئێن ئێن قسەیان دەكرد، تێكڕا بە نیگەرانییەوە باسیان لەوەدەكرد كە خیانەتیان لێكراوەو كەركوك فرۆشراوە. 

  

ژمارەیەكی زۆر لە گەنجانی كەركوك خۆبەخشانە چەكیان هەڵگرتووەو بەرگریی لەشارەكە دەكەن، هاوكات لەچەند شوێنێك خەڵكی شارەكە هەوڵیانداوە ڕێگریی بكەن لە هەڵهاتنی بەرپرسان‌و پێشمەرگە.

 

 

خۆبەخشێك كە لەناو شارەكەوە قسەی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی كرد، باسیلەوەكرد لای فڕۆكەخانەی كەركوك بە پێشمەرگەكانی یەكێتییان وتووە بۆ بەرگری ناكەن؟ ئەوانیش وتویانە فەرمانمان پێنەكراوە، هاوڵاتییەكان بە پێشمەرگەكانیان وتووە ئەگەر شەڕ ناكەن‌و چەك‌و پێداویستی‌و ئۆتۆمبێلی هامەرە سەربازییەكانیان بدەن بە خەڵك با بەرگریی بكات، بەڵام پێشمەرگەكان ئەوەیان ڕەتكردووەتەوەو هەڵهاتوون.

 

هەرچەندە خۆبەخشەكانی كەركوك ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستنی شارەكە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی سەربە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە شەوی ڕابردوەوە داوایان لە خەڵكی كەركوك كرد چەك هەڵنەگرن‌و لەماڵەكانیان بمێننەوە، لەوانەش ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری شارەكەبوو كە بەهەمانشێوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەڵام لەم پرسەدا هاوڕای باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نییە.

 

هێرۆر ئیبراهیم ئەحمەد ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی ڕەوشی كەركوك بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"ئێستا كە ئەم شارە قارەمانە ڕوبەڕوی موئامەراتی دەولی بوەتەوە پێشمەرگەكانی یەكێتی قارەمانانە بەرگری لەو شارە ئەكەن ‌و ئێمەش لە چەند ڕۆژی پێشودا هەموو هەوڵ ‌و كۆششێكمان خستبوە گەڕ لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانان ‌و عیراق ‌و وڵاتانی دراوسێ بۆئەوەی كەركوك لەم هێرش‌و پەلامارە ناڕەوایە بپارێزین ‌و چەند جارێك توانیمان كە دەستپێكی هێرشەكان دوا بخەین بەڵام شەوی ڕابردوو ئەوەی لێی ئەترساین بەداخەوە ڕوویدا." 

 

هاوكات ئاراس شێخ جەنگی لە هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی‌و برازای مام جەلال، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی باسیلەوەكرد، پەیوەندییان بە بەغداوە كردووەو نوسینگەی سەرۆك وەزیران پێی وتوون سوپای عێراقی نایەتە ناو كەركوك.

 

بەپێچەوانەی لێدوانەكەی ئاراس شێخ جەنگی خەڵكی شارەكە تەئكید لەوەدەكەن هێزە عێراقییەكان لەناو شاری كەركوكدان، ئاراس شێخ جەنگی لەبارەی ڕۆڵی خۆبەخشەكان وتی"دوێنێ‌و بەیانیش پێمان وتوون ڕجاتان لێدەكەین مەیەنە دەرەوە ئێستا لەم دۆخەدا ئیشمان بەئێوە نییە‌و ئێوە كێشەی گەورەمان بۆ دروست دەكەن... خۆبەخشەكان ئەگەر بەقسەی من دەكەن بچنەوە لەماڵەوە دابنیشن هەركات پێویستمان پێیانبوو بانگیان دەكەین."

 

ئاراس شێخ جەنگی باسیلەوەشكرد، هێزە عێراقییەكان دەگەرێنەوە ئەو ناوچانەی پێشتر لێی بوون، وەك سەربازگەی كەی1 و فڕۆكەخانەو بیرە نەوتەكان، وتی"بە سەركردایەتی كورد وتراوە نەوت پێویستە دەوڵەتی ناوەندی بكرێتەوەو نابێت حزب‌و بنەماڵە بیفرۆشێت، ئەمە نەوتی میللەتە."

 

ئەو برازایەی مام جەلا وتیشی"ئێمە 2014 هاتووین ئەو ناوچانەمان داگیركردووە ئەو كاتە سوپای عێراق شكاوە لەوێ، دەبێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێن."

 

ئاراس شێخ جەنگی ڕەتیكردەوە پێشمەرگە كشابێتەوەو وتی: ئێمە هێزی خۆمان دەناسین شەڕی ئەو هێزەمان پێناكرێت، فەرماندەكانی پێشمەرگەی یەكێتی قارەمانانە شەڕیان كردووە، بەڵام چی بكەن فیشەكیان پێنەبووە‌و وەزارەتی پێشمەرگە نەیداونەتێ.