هەڵوێستی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و بەرهەم ساڵح دەربارەی ڕووداوەكانی كەركوك

16-10-2017 09:38

 

پەرەگراف

 

كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كاردانەوەی فراوانی خەڵك‌و حزبەكانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حزبە دەسەڵاتدارەكان دەكرێت.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و قەوارەكەی بەرهەم ساڵح داوای كشانەوەی هێزە عێراقییەكان‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە هەرێم دەكەن، یەكگرتووش كۆبوونەوەی بەپەلەی هێز و لایەنە سیاسییەكان بە پێویست دەزانێت، كۆمەڵیش ڕووداوەكە بە كارەساتێكی‌ گەورەو هەنگاوێكی‌ مەترسیدار و پاشەكشە لە ناوچە كوردستانییەكان ناودەبات.

 

بزوتنەوەی گۆڕان داوادەكات هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنەوەو حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی كاتیی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی.

 

گۆڕان لە كاردانەوەی هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆسەر كەركوك ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، داوا لە حكومەتی عێراق دەكات دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان ڕابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن.

 

هەروەها یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە كەركوك ڕوویدا بۆ لەباربردنی دەستەكەوتەكانەو پێشهاتێكی مەترسیدارە و جێگای داخ‌و حەسرەتە.

 

یەكگرتوو لە ڕاگەیەندراوێكدا داوادەكات، سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە یەكڕیزی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی‌و بە گیانی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانییانە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببینەوە، "گەلی ئێمە كێشەی لەمە گەورەتری بەڕێكردووە، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی هێز و لایەنە سیاسیەكانیش بە پێویست دەزانین بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخ‌و پێشهاتەكاندا."

 

شەوی ڕابردوو حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكرا، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو دەستگیرا بەسەر تەواوی شاری كەركوكدا.

 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆشاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردووەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكەن‌و دەڵێن: كەركوكیان فرۆشت.

 

كۆمەڵی ئیسلامی ڕووداوەكانی ئەمڕۆی كەركوك، بە كارەساتێكی‌ گەورەو هەنگاوێكی‌ مەترسیدارو پاشەكشە لە ناوچە كوردستانیەكان ناودەبات‌و پێیوایە نەخوێندنەوەی‌ واقیعیانەی‌ پاش شەڕی‌ داعش و بڕیاری‌ هەڵەی‌ ڕیفراندۆم و گوێنەگرتنە لە ناڕەزایەتیەكانی‌ ناوخۆ و داوای‌ وڵاتانی‌ هەرێمی‌ و نێودەوڵەتی.

 

كۆمەڵ بە پێویستی دەزانێت حكومەتی‌ ناوەندی‌ بەرپرسیارانەتر لەگەڵ هەلومەرجەكان مامەڵە بكات‌و ڕێ‌ لە توند و تیژی‌وو تێكدان و خوێنڕشتن و تاڵانی‌ بگرێت.

 

هاوكات قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، پەلاماردانی سەربازیی بۆ سەر كەركوك مەحكوم دەكات‌و دەڵێت"داواكارین دەستبەجێ جوڵەی عەسكەری رابگیریت، و هێزەكان بكشێنەوە و وەزعەكە ئاسایی بكرێتەوە. لەم پێناوشدا داوا لە گشت لایەنە پەیوەندارەكان، بە تایبەتیش حكومەتی فیدرال دەكەین، ڕێگربن لە هەر پێشیلكاریەك بۆ سەر ماف و ژیانی خەڵكی سەبەرزی ئەم ناوچانە."

 

قەوارەكەی بەرهەم ساڵح، وەك ڕێگەچارەی خێرا داوای دروستكردنی حكومەتێكی ئینتقالی دەكات كە ئەركی دایەلۆگی بنیاتنەرانەبێت لەگەڵ بەغدا تاوەكو هەڵبژاردنی بیگەرد ئەنجام دەدرێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی گۆڕان

 

هاونیشتمانیانی كوردستان

 

لە ئێستادا، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌و یەكێتی‌و هاوڕاكانیان لەم هەلومەرجە نەگونجاوەدا، هیچ كاتێك خەڵكی كوردستان‌و دەسكەوتەكانمان‌و دواڕۆژی گەلەكەمان هێندەی ئێستا لە بەردەم مەترسی‌و هەڕەشەی ترسناك‌و نادیاردا نەبوە.

 

هەمو ئەوانەش لە ئەنجامی سیاسەتی شكستخواردو و هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی كوردستانە. لە ئێستادا نەك تەنها ژیان‌و ئاسایشی هاوڵاتیان‌، بەڵكو هەمو دەسكەوتەكانمان‌و ئەزمونی حوكمڕانی لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدان. بەرپرسیارێتی ئەو ئەگەرانەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە خوێن‌و فرمێسكی گەلەكەمانیان بۆ بەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی بەكارهێنا.

 

هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و خەڵكی خۆراگری كوردستان بە گشتی‌و، هاوڵاتیانی پارێزگای كەركوك بە تایبەتی، لە شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان‌و داگیركەرانی كوردستاندا ببونە سیمبوڵی خۆڕاگری‌و شانازی گەلەكەمان. بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان لە ئەنجامی سیاسەتە بەرژەوەندیخوازو شكستخواردوەكانیان‌و نەخوێندنەوە بۆ ئەگەرو پێشهاتەكان وایانكرد هەمو ئەو سەروەریانە بكەونە مەترسییەوە.

 

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی ئەم پەلامارانە دەكەین‌و هاوخەمی خۆمان بۆ كەسوكاری شەهیدەكان‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم شەڕە وێرانكارییە رابگرن‌و رێگە نەدەن حكومەتی عیراق ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەین دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان رابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن. ناكرێ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكرێتە پاساو بۆ پێشێلكرنی دەسكەوت‌و مافە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانمان‌. لەو پێناوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیە بە ئەركی نیشتمانی خۆی هەستێ بۆ گفتوگۆ لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكان.

 

هەمو هێزو كەسایەتی‌و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەكانی كوردستان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بە ئەركو بەرپرسیاریێتی نیشتمانی خۆیان هەستن‌و نەخشەیەكی گشتگیر بۆ دەربازكردنی گەلەكەمان دارێژین‌و هەنگاوی كرداری بنێین بۆ دەرچون لەم قەیرانە ترسناكە. نابێ لەژێر هیچ فشارێكدا دەسبەرداری مافە دەستوریییەكانمان‌و ئەو دەسكەوتانە بین، كە بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان بەدەستهاتون.

 

هەمو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەكەماندا هێنا دەستلەكاربكێشنەوە، وەك چۆن خۆیان لە راگەیاندنەكاندا دەیانوت ئەنجامی خراپی ریفراندۆم لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوا دەكەین حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی كاتی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی.

 

بزوتنەوەی گۆڕان
١٦/١٠/٢٠١٧

 

دەقی ڕاگەیەندراوی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

 

بەداخەوە جارێكی تر ناحەزانی میللەتەكەمان تەفرەقە و دووبەرەكی ناوخۆیان قۆستەوە و پەلاماری شاری كەركوكی خۆشەویستیاندا .. ئەوەی ئەمرۆ لەو شارە روویدا بۆ لەباربردنی دەستەكەوتەكانمان، پێشهاتێكی مەترسیدارە و جێگای داخ و حەسرەتە. ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا خوازیارین كە ئەم هەلومەرجە كاتی چنینەوەی دەستكەوتی حزبی و موزایەدە و شەماتەت كردن بە یەكدی نیە، كاتی ئەركی نیشتیمانی و ئەخلاقی یە و مێژوو رەحم بە كەس ناكا.

 

بۆیە داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین كە بە یەكڕیزی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی و بە گیانی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیانە رووبەرووی ئەم دۆخە ببینەوە و گەلی ئێمە كێشەی لەمە گەورەتری بەرێكردووە، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی هێز و لایەنە سیاسیەكانیش بە پێویست دەزانین بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخ و پێشهاتەكاندا

 

لێرەوە خۆراگری خەڵكی بە هیمەتی كەركوك و ناوچەكوردستانیەكانی تری دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەنرخێنین و داواكارین میللەتەكەمان بە وورەیەكی بەرز و دان بە خۆداگرتن و گەشبینی و ئومێدی بەرزەوە رووبەرووی هەموو پێشهاتەكان ببینەوە.

 

سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان و دۆزە رەواكەیەتی

 

ئەنجومەنی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
16/10/2017

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

 

بەناوی‌ خوای‌ بەخشندەی‌ میهرەبان
راگەیەنراوێك لە كۆمەڵی‌ ئیسلامی كوردستانەوە
جەماوەری‌ بەشەرەفی‌ كوردستان
دانیشتوانی‌ كەركوك و خورماتوو...

 

بەداخەوە ئەوەی‌ ئەمڕۆ لە خورماتوو و شاری‌ كەركوك و دەوروبەری‌ ڕوویدا كارەساتێكی‌ گەورە و هەنگاوێكی‌ مەترسیدار و پاشەكشەیە لە ناوچە كوردستانیەكان و نەخوێندنەوەی‌ واقیعیانەی‌ پاش شەڕی‌ داعش و بڕیاری‌ هەڵەی‌ ڕیفراندۆم و گوێنەگرتنە لە ناڕەزایەتیەكانی‌ ناوخۆ و داوای‌ وڵاتانی‌ هەرێمی‌ و نێودەوڵەتی‌، چەند حزبێك بەناوی‌ سەركردایەتی‌ كوردەوە كارێكیان كرد پشتیوانی‌ دۆستانمان لەدەست داو حسابیان بۆ هیچ كەس و لایەن و وڵاتێك نەكرد و كێشەكانی‌ ناوخۆیان نادیدەگرت و وە تەبایی‌ شێواند و یەكڕیزی‌ نێوخۆی‌ زیاتر تێكدا ، مەخابن دەرەنجامی‌ ئەو سیاسەتە هەڵەیان ئەمەی‌ لێ كەوتەوە كە دۆخی‌ ناوچە ناكۆكی‌ لەسەرەكان بگەڕێننەوە بۆ پێش قوربانی‌ دانی‌ پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی‌ ئەو ناوچانە لە داعش، باجی‌ ئەم عینادی‌ و گوێ‌ نەگرتنەش بەشی‌ زۆری‌ كەوتۆتە سەر خەڵكی‌ هەژار و بەشمەینەتی‌ كوردستان بەتایبەت ناوچە ناكۆكی‌ لەسەرەكان كە دەیان ساڵە دەست بەسەر داهاتی‌ نەوتەكەیدا گیراوەو بەنادیاری‌ بۆ سودی‌ كەسی‌ و حزبی‌ براوە بەبێ‌ ئەوەی‌ خەڵكی‌ كەركوك و ئەو ناوچانە لێی‌ سودمەند بن، بۆ هەموو لایەك دەركەوت بەم جۆرە عەقڵیەتە و سیاسەتە ناتوانرێ‌ حكومڕانی‌ هەرێم چیتربەڕێوە ببرێ‌.

 

ئێمە لە كۆمەڵی‌ ئیسلامی كوردستان، داوا دەكەین هەمووان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و بەر بەتوند و تیژی‌ و شەڕ و ماڵوێرانی‌ بگیرێت و پێویستە حكومەتی‌ ناوەندی‌ بەرپرسیارانەتر لەگەڵ هەل و مەرجەكان مامەڵە بكات وە ڕێ‌ لە توند و تیژی‌ و تێكدان و خوێنڕشتن و تاڵانی‌ بگرێت چونكە زوڵم و ستەم دەرهاویشتەكانی‌ بۆ هەموو لایەك خراپە لە دونیا و دواڕۆژدا.

 

لەسەر دام و دەزگا بەرپرسەكان پێویستە بەدەم ئاوارە و دەربەدەرەكانەوە بچن و هاوكاریان بن وە بەپەلە هەوڵی‌ گێڕانەوەیان بدەن بۆ سەر جێگاو ڕێگای‌ خۆیان، كە مەخابن جارێكی‌ تر تراژیدیای‌ كۆڕەو و ئاوارەبوونی‌ میللەتەكەمان هاتەوە پێش چاو ئەمجارەیان لە دەرەنجامی‌ هەڵەی‌ سیاسیە بەرژەوەندی‌ خوازەكان.

 

كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان
16/10/2017

 

دەقی ڕاگەیەنراوێك لە بەرپرسی ئۆفیسی وتەبێژانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

 

هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان،

 

ئێمە لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پەلاماردانی سەربازی بۆ سەر كەركوك مەحكوم دەكەین، و داواكارین دەستبەجێ جوڵەی عەسكەری رابگیریت، و هێزەكان بكشێنەوە و وەزعەكە ئاسایی بكرێتەوە. لەم پێناوشدا داوا لە گشت لایەنە پەیوەندارەكان، بە تایبەتیش حكومەتی فیدرال دەكەین، ڕێگربن لە هەر پێشیلكاریەك بۆ سەر ماف و ژیانی خەڵكی سەبەرزی ئەم ناوچانە.

 

ئەم بارودخە ناهەموارەی ئێستای كەركوك، بەرپرسیارێتیەكەی لە ئەستۆی پێشمەرگە داعش بەزێنەكانی كوردستان نیە، بەڵكو دەرئەنجامی سیاسەتی سەركیشی و بێباك لە واقیع و بەرژەوەندی گەلە، دەرەنجامی هەوڵی گەندەڵكارەكانە، بۆ پەرەدەپۆشكردنی تالانیەكانیان، بە ناوی كەركوك و كوردایەتیەوە.

 

لێرەدا ئەركمان پشتیوانی هێزی پیشمەرگەیە، هاوكاریانە بۆ سەرخستنی ئیرادەی بەرگری لە خەڵك و نیشتمان. بێگومان ئەوەش پێویستی بەپاراستنی هاوخەباتیە لەگەڵ هێزەكانی عیراق و هاوپەیمانان بۆئەوەی جەنگی ڕەوا لە دژی مرۆڤكوژانی داعش پارێزراو بێت.

 

هاوپەیمانی داوا دەكات دەسبەجێ دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی خەڵكی كوردستان و بەغدا دەستپێبكات، چونكە پێویستە نەهێڵین جارێكی تر عیراق و كوردستان گیرۆدەی گێژاوی شەڕوئاشوب ببنەوە، وبوار نەدرێ تاڵاوەكانی مێژوو دووبار بكرێنەوە. لەم ڕووەوە گرنگە ھاوپەیمانان و دراوسێكان ڕێگری بكەن لەئاڵۆزی زیاتری دۆخەكە و بە فیرۆچونی ناڕەوانی گیانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە.

 

خەڵكی سەربەرزی كوردستان،

 

دڵنیایش دەدەین كە لەم بارودۆخە ناهەموارە دەرباز دەبین، دواجار بە تەكبیری باش وبە یەكڕیزی دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە، كۆتایی بەم سەركێشی و چاوچنۆكیە دێت، و سەرەڕای هەموو ناخۆشیەكی ئێستا، دڵنیابن مافی رەوای خەلكی كوردستان پارێزراو دەبیت و خەباتمان لەپێناو گەلەكەمان درێژەی دەبێت. وەك ڕێگەچارەی خێراش، دروستكردنی حكومەتیكی ئینتقالی كە ئەركی دایەلۆگی بنیاتنەرانە بێت لەگەڵ بەغدا تاوەكو هەڵبژاردنی بێگەرد ئەنجام دەدرێت بەپێویست دەزانین.

 

نەمری بۆشەهیدان، شیفا بۆ بریندارەكان
هەر پارێزراو بێت گەل و نیشتیمانە ئازیزەكەمان

 

د.رێبوار كەریم مەحمود
بەرپرسی ئۆفیسی وتەبێژانی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری