حەشدو هێزە عێراقییەکان بەبێ بەرگریی شەنگال و خانەقینیان کۆنتڕۆڵکرد

17-10-2017 12:02
دیالە/هاوینی 2017، رێگای نێوان قەزای خانەقین و زنجیرە چیاکانی حەمرین لە "ناوچە جێناکۆکەکان". فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد.

 


پەرەگراف

 

حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و ئەمڕۆش بەبێ بەرگریی پێشمەرگەو هێزەکانی هەرێم چوونەناو قەزاکانی شەنگال و خانەقین و کۆنتڕۆڵیانکردن.

 

كاتژمێری 9ی به‌یانی ئه‌مڕۆ حه‌شدی شه‌عبیی چووه‌ ناو قه‌زای خانه‌قین و ئاڵای عێراقیان لەسەر قایمقامیەت و فەرمانگەکانی دیکە هەڵکردو ئاڵای کوردستانیان داگرت.

 

‎قه‌زای خانه‌قین باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ دۆسییه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌، ئەمڕۆش پێشمەرگە هیچ بەرگرییەکی نەکردووە لە پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان.

 

هاوکات هەربه‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبیی به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك چوونه‌ ناو قه‌زای شه‌نگاله‌وه‌و ئاڵای عێراقیان له‌سه‌ر ته‌واوی فه‌رمانگه‌كان هه‌ڵكرد.

 

‎دوو كاتژمێر به‌رله‌هاتنی سوپاو حه‌شی شه‌عبیی ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش ناوه‌ندی قه‌زاكه‌یان چۆڵكردووه‌ به‌بێ روبه‌ڕوبونه‌وه‌.

 

"هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی و سوپا چوونه‌ته‌ سه‌ر بینا حكومییه‌كان و ئاڵای عیراقیان هه‌ڵكردووه‌ له‌ بری ئاڵای هه‌رێمی كورستان و له‌ئێستادا ناوه‌ندی قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه‌."

 

‎هه‌روه‌ها قایمقامیه‌ت و زۆرێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی قه‌زاكه‌ چۆڵیانكردووه‌.

 

‎قه‌زای شه‌نگال كه‌ زێدی مێژوویی ئێزیدییه‌كانه‌، له‌ مانگی ئابی 2014 كه‌وته‌ ده‌ست داعش و خه‌ڵكه‌كه‌ی روبه‌ڕوی كوشتن و ئاواره‌بوون بوونه‌وه‌، له‌ كۆتایی 2015 هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) كۆنترۆڵیانكرده‌وه‌، له‌وكاته‌شه‌‌وه‌ له‌وێ جێگیربوون.

 

‎شه‌نگال به ‌دووری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ، دانیشتووانه‌كه‌ی زۆرینه‌ی ئێزیدین و یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌پێی ده‌ستووری عیراق.

 

پێشڕەویی ئەمڕۆی حەشدو هێزە عێراقییەکان لەکاتێکدایە، دوێنێ بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكراو هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو دەستگیرا بەسەر تەواوی شاری كەركوكدا.

 

‎دوای پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆشاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكەن‌و دەڵێن: كەركوكیان فرۆشت. 

 

‎فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بارەی هێرشی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆسەر شاری كەركوك دوێنێ ڕایگەیاند، ئەو پەلامارە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.

 

‎فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە وتیشی"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."

 

‎تائێستا لەسەر پێشڕەوییەکانی ئەمڕۆی هێزە عێراقییەکان، دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکیان نییە.