هەڵوێستی توركیاو ئێران دەربارەی كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن عێراقەوە

17-10-2017 05:12
پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بەرەو ناوەندی كەركوك 16-10-2017. فۆتۆ: ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كاردانەوەی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتەوەو توركیا پشتیوانیی دەكات، ئێرانیش دەڵێت، زۆربەی كورد دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین‌و بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی بەغدا كردەوە.

 

حەشدی شەعبی‌و هێزەكانی عێراق دوێنێ شاری كەركوك‌و چەند قەزاو ناحیەیەكیان كۆنتڕۆڵكردەوە، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكرد.

 

ئەمڕۆش حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام بوون‌و بەبێ بەرگریی پێشمەرگەو هێزەكانی هەرێم چوونەناو قەزاكانی شەنگال و خانەقین و چەند ناوچەیەكی دیكەو كۆنتڕۆڵیانكردن.

 

لەكاردانەوەی ئەو ڕووداوانەدا، بینالی یڵدرم سەرۆكی گشتیی ئاك پارتی‌و سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕایگەیاند"زانیاریی ئەوە هاتووە كە كەركوك بە تەواوی لە پەكەكە و هێزەكانی پێشمەرگە پاككراوەتەوە" وتیشی"كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لە لایەن حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، پێشهاتێكی ئەرێنییە."

 

یڵدرم لە وتارێكدا كە لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، باسی لەوەشكرد سەرەڕای دژبوونی هەموو جیهان، بەڵام بەهۆی پێداگری مەسعود بارزانی‌و تیمەكەی "ڕێگەی هەڵە گیرایەبەر"و ڕیفراندۆم كرا، ئەوەشی خستەڕوو عێراق، توركیاو ئێران ژمارەیەك سزا بەسەر هەرێمدا دەسەپێنن، وتی"رێوشوێنی نوێ لەبەردەرگایە. یەكێك لەوانە ڕادەستكردنی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلە بە حكومەتی ناوەندی. لەو بارەیەشەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەست بە پڕۆسەكە دەكەین."

 

سەرۆك وەزیرانی توركیا تەئكیدی كردەوە، باجی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خەڵكی كوردستان نایدەن، "ئەوانەی بڕیارەكەیان داوە، باجەكەی دەدەن. كارەكە هێندە سادەیەو سەرەنجام دەستیان بەدانی ئەو باجە كردووە. لەوبارەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی عێراقدا لە نزیكەوە درێژە پێدەدەین."

 

ئێران‌و توركیا لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دژی پڕۆسەكە وەستانەوەو فشارەكانیان تووند كردەوە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە بڕیارەكەی، بەڵام كورد نەچووە ژێر باری فشارەكان، دوای ڕیفراندۆمیش ئەو دوو وڵاتە بەردەوامبوون لە دژایەتییەكانیان‌و پاڵپشتی‌و هاوكاریی بەغدایانكرد بۆ سزادانی هەرێم.

 

هەرلە كاردانەوەی كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن عێراقەوە، عەلی ئەكبەر ولایەتی ڕاوێژكاری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ ئەوەی ڕەتیدەكاتەوە سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی هیچ دەستێوەردانێكی لە ئۆپەراسیۆنی كەركوك هەبووبێت، هاوكات دەڵێت"زۆربەی خەڵكی كوردی عێراق خۆیان دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین و دیمان كە خۆیان بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی دەوڵەتی بەغدا كردەوە، بارزانی دەبێت قبوڵی بكات كە هەڵەی كردووەو دان بنێت بەم هەڵەی خۆیداو خەسارەكان پڕ بكاتەوە."

 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆشاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكەن‌و دەڵێن: كەركوكیان فرۆشت.

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بارەی هێرشی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆسەر شاری كەركوك دوێنێ ڕایگەیاند، ئەو پەلامارە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە وتیشی"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."