وەزارەتی پێشمەرگە: هێڵەكانی تەماس لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕێكدەخرێنەوە

17-10-2017 06:37
هێڵەكانی تەماس لە نێوان پێشمەرگە‌و سوپای عێراق ڕێكدەخرێنەوە. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێڵەكانی تەماس لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بەو شێوەیە دەمێننەوە كە ڕۆژی بەرلە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی10ـی2016 جێگیر بوون‌و هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون‌و پابەندن پێوەی‌و لەم رۆژانەدا هێڵەكانی تەماس بەپێی ئەو ڕێككەوتنە ڕێكدەخرێنەوە.

 

ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوەدێت حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كوردستان پێشڕەوییانكردو كەركوك‌و شەنگال‌و خانەقین‌و چەند ناوچەیەكی دیكەیان كۆنتڕۆڵ كردەوە، ئەوەش دوای كشانەوەی پێشمەرگە.

 

ئەمڕۆش وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند"بەپێی ڕێككەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ، كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و بە چاودێریی هاوپەیمانان، ئیمزا كرا، بڕیار درابوو كە هێڵەكانی تەماس لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەو شێوەیە دەمێننەوە كە ڕۆژی بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە 17ـی10ـی2016 جێگیر بووە."

 

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت"ئێستاش هەردوولا پابەندی ئەو رێككەوتنە دەبن و لەم رۆژانەدا هێڵەكانی تەماس بەپێی ئەو ڕێككەوتنە ڕێكدەخرێنەوە."

 

بەرلە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەت، مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، ئەوەی لە شاری كەركووك ڕوویدا دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشە بكەن.

 

بارزانی كە ئەوە یەكەم پەیامی دوای ڕووداوەكانی كەركوك بوو، وتیشی، لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغداو هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنیەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.

 

بارزانی خەڵكی كوردستانی دڵنیاكردەوە كە ئەوەی پێویستەو دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكان‌و ئارامی و ئاسایشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەن، هەروەها داكۆكی لە پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان‌و هێزە سیاسییەكان كرد.

 

"گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین" بارزانی وای وت.