پەرەگراف ناوەڕۆكی داوایەكی ئێران لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح ئاشكرادەكات

17-10-2017 10:00
بەرهەم ساڵح سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئێرانییەكان داواكارییەك ئاڕاستەی حزبەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی و سەردانكردنی بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح كۆبوونەتەوە، بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.

 

یەكێك لەو سەرچاوانە كە ئاگاداری وردەكاریی داواكارییەكەیە دەڵێت"ئێرانییەكان داوایان لەو لایەنانە كردووە كە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوون، مامەڵەی نوێ لەگەڵ واقیعی ئێستا بكەن‌و شاندێك پێكبهێنن بۆ سەردانی بەغداو حكومەتێكی كاتیی دروست بكەن."

 

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكە كە بەهەمانشێوە ئاگاداری وردەكارییەكەیە دەڵێت"ئێران داوای كردووە لە سلێمانییەوە حكومەتێكی كاتیی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن‌و ئەگەر پارتی نەچووە ژێرچەتری ئەو حكومەتە ئەوا هێزە عێراقییەكان دەبەنە هەولێرو حكومەتەكە دەسەپێنن بەسەر ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارتیدا."

 

ئێران دڵنیاییداوە بە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كە هاوكاریان دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو چارەسەركردنی كێشەكان، "ئێران گرەنتیداوە لە ڕێككەوتنی ئەو حكومەتە نوێیە لەگەڵ بەغدا."

 

ئەو داواكارییەی ئێران لەكاتێكدایە كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك‌و زۆرێك لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە 2 ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە عێراقییەكان بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە، كاردانەوەی فراوانی خەڵك‌و حزبەكانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حزبە دەسەڵاتدارەكان دەكرێت.

 

لەو چوارچێوەیەشدا هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و قەوارەكەی بەرهەم ساڵح بە فەرمی داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی كاتییان كرد لە هەرێم.

 

لە ئێستادا گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح تاوتوێ ئەو داواكارییەی ئێرانییەكان‌و هەڵوێست وەرگرتنی كرداریی دەكەن لەم دۆخەدا، بەڵام یەكێك لە سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێت بەڕای كەسیی ئەو پێناچێت بچنەژێرباری ئەوداوایەی ئێرانییەكان، "حزبەكانی دەرەوەی پارتی توانای یاریی گەورەیان نییە، تائێستا دەڵێن بەرچاومان ڕوون نییە، لەگەڵئەوەشدا متمانەیان بەیەك نییەو دەترسن هەنگاوێكی لەوجۆرە خراپ بشكێتەوە لەسەریان لە داهاتوودا."

 

بە پێچەوانەوە سەرچاوەكەی دیكە ڕای وایە ئەو داوایەی ئێران قبوڵدەكەن‌و حكومەتێكی كاتیی دروست دەكەن، "ئێران ڕۆڵی یەكلایی كەرەوەی هەیەو لە ئێستاشدا پارتی‌و یەكێتی كردووەتە دەرەوەی هاوكێشەكەو گوێیان بۆ ناگرێت، لەبەرئەوە ئەو داوایەی ئێران قبوڵدەكرێت، چونكە ئەگەر ئەوەنەبێت ڕێگاچارەی دیكە نییە."

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاترو ڕای بزوتنەوەی گۆڕان، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەكە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

 

هاوكات د.ڕێبوار كەریم مەحمود، بەرپرسی ئۆفیسی وتەبێژانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، باسلەوەدەكات، بەرهەم ساڵح لە پەیوەندییەكی بەردەوامدایەو لایەنەكانی ناوخۆی عێراق‌و دەرەوەو ناوچەكە بەردەوام پەیوەندی پێوەدەكەن بۆئەوەی كەمترین زیان لەم پڕۆسە سەربازییانە بكەوێتەوەو لەم نێوەدەشدا هەوڵی خۆیداوە.

 

لەوەڵامی ئەوەی دوێنێ ئێرانییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا كۆبوونەوەتەوە؟ ڕێبوار كەریم بۆ پەرەگراف وتی"هیچ كۆبوونەوەو ڕێگایەك بۆ خزمەتكردنی میللەت دورنییەو بەدووری نازانێت."

 

بەرپرسی ئۆفیسی وتەبێژانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەم ساڵح پێشنیاری حكومەتێكی بەرفراوان دەكات لەسەر ئاستی كوردستان نەك پارێزگاو ناوچەیەك، "پێشنیازەكە بۆ خۆی نییەو پرسەكە لای كەسێكی دیاریكراونییە، بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەیە، بەڵام هەموو ئەو لایەنە عێراقی‌و ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییانەو لەناوخۆی كوردستانیش لە ئێستادا قبوڵكراوترین كەسایەتی بەلایانەوە د.بەرهەمە."

 

ڕێبوار كەریم ئامادەنەبوو بە ڕوونی وەڵامی ئەوپرسیارە بداتەوە كە ئایا ئێران ئەو داوایەی لە بەرهەم ساڵح كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی؟ تەنها ئەوەندەی وت"هەموو لایەنەكان ڕۆڵی د.بەرهەم بە ئیجابی‌و پێویست بۆ ئێستای عێراق دەزانن، ڕۆڵی د.بەرهەم پەیوەندی بە پۆستەوەهەبێت یان نا كاریگەرە."

 

ئێران ڕۆڵی گەورەی هەیە لە ڕووداوەكانی عێراقداو هەژموونی تەواوی هەیە بەسەر حكومەتی عێراق‌و هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیی، فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە بەفەرمی ڕایگەیاندووە پەلاماری شاری كەركوك، "لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە" لەگەڵئەوەشدا هەندێك بەرپرسی یەكێتی بە "یارمەتیدەرو خیانەتكاری گەورە" ناودەبات.

 

لەكاردانەوەی ڕووداوەكانی كەركوكدا دوێنێ گۆڕان ڕایگەیاند"هەمو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەكەماندا هێنا دەستلەكاربكێشنەوە، وەك چۆن خۆیان لە راگەیاندنەكاندا دەیانوت ئەنجامی خراپی ریفراندۆم لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوا دەكەین حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی كاتی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی."

 

هەروەها قەوارەكەی بەرهەم ساڵح هەردوێنێ لە كاردانەوەی ڕووداوەكاندا ڕایگەیاند"وەك ڕێگەچارەی خێراش، دروستكردنی حكومەتیكی ئینتقالی كە ئەركی دایەلۆگی بنیاتنەرانە بێت لەگەڵ بەغدا تاوەكو هەڵبژاردنی بێگەرد ئەنجام دەدرێت بەپێویست دەزانین."

 

دوو ڕۆژ بەرلە كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن حەشدو هێزە عێراقییەكانەوە، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە گەلی كورد ئەو سەركەوتنانە لەدەستبدات كە بە دەستیهێناوە.

 

ئەو لێدوانەی قاسم سلێمانی لەكاتێكدا بوو پەرەگراف پێشتر ئاشكرایكرد، ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵكردووە هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئێران‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەت یەكێتی بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

ئێران‌و توركیا لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دژی پڕۆسەكە وەستانەوەو فشارەكانیان تووند كردەوە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە بڕیارەكەی، بەڵام كورد نەچووە ژێر باری فشارەكان، دوای ڕیفراندۆمیش ئەو دوو وڵاتە بەردەوامبوون لە دژایەتییەكانیان‌و پاڵپشتی‌و هاوكاریی بەغدایانكرد بۆ سزادانی هەرێم.

 

ئێران زیاتر لە توركیا كاردانەوەی تووندی هەبووە دژی ڕیفراندۆم، وەك یەكەم هەنگاوی كردارییش ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست.

 

هاوكات قاسم سلێمانی، بەرلە ڕیفراندۆم لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكان كۆبووەوەو سووربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامەنەدانی پڕۆسەكە، پەرەگراف ئەوكات بڵاویكردەوە، قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

قاسم سلێمانی ئەوكات "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێنابوو بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتبووی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."