هەرێم بەدواداچوون بۆ پرسی ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان دەكات

30-01-2017 06:26
لۆگۆی حكومەتی هەرێم

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حكومەتی هەرێم ڕەخنەی توند لە زمانی نوسینی ئەو ڕاپۆرتەی هیومان ڕایتس ۆوچ دەگرێت كە هەرێمی تۆمەتبار كردبوو بە ئەشكەنجەدانی توندی ئەو منداڵانەی بە گومانی تێوەگلانیان لەگەڵ داعش دەستگیركراون، هاوكات بە دواداچوون بۆ پرسی ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان دەكات‌و بۆئەومەبەستەش داوای هاوكاریی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە.

 

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ كە یەكێكە لەڕێكخراوە بەناوبانگەكان‌و چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەر ئاستی جیهان، لەنوێترین ڕاپۆرتیدا كە دوێنێ بڵاویكردەوە حكومەتی هەرێمی تۆمەتباركردووە بە ئەشكەنجەدانی توندی چەندین منداڵ كە بە گومانی تێوەگلانیان لەگەڵ ڕێكخراوی داعش دەستگیركراون.

 

توێژەرانی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەو منداڵانە كردووە لە سەنتەری چاكسازی ژنان‌و منداڵان لە هەولێر، لە ڕاپۆرتەكەدا منداڵەكان كە یەكێكیان كوردبووەو ئەوانی دیكە عەرەبی سوننە، چیرۆكی ئەشكەنجەدانیان گێڕاوەتەوە، "نۆ لە منداڵەكان ووتیان تەزووی كارەبایان لێدراوە. یەكێك لە منداڵەكان كە تەمەنی زۆر كەم بوو ووتی،‌ 'هەستیكردوە چاوەكانی دێنە دەرەوە' كاتێك لێكۆڵەرێك بە 'ئامێرێكی كارەبایی' ئەشكەنجەیداوە."


لەبەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت"تەمەن چواردە ساڵێك ووتی، ئەفسەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی (كە ناسراوە بە ئاسایشی گشتی) هەستاوە بە هێنانە خوارەوەی پانتۆڵەكەیی و هەڕەشەی دەست درێژی سێكسی كردۆتەسەر ئەگەر دان بە ‌بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش نەنێ."

 

حكومەتی هەرێم وەك پیشاندانی جدییەتی خۆی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ‌و دەستگیركراوان لیژنەی بەدواداچون‌و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی پێكهێناوە كە نزیكەی 30 بەرپرسی حكومیی تێدایەو نامەو گلەیی‌و ڕەخنەی ڕێكخراوەكان ئاڕاستەی ئەو لیژنەیە دەكرێت‌و وەڵامیان دەدرێتەوە.

 

دیندار زێباری، سەرۆكی ئەو لیژنەیە، پێیوایە سەرچاوەو ئامارو زانیارییەكانی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ ڕوون نییەو "تۆمەتەكانی دروستكراون" هەربۆیە ڕاپۆرتەكە ڕەتدەكاتەوەو گوماندەخاتەسەر بێلایەنیی ڕێكخراوەكە.

 

"كە ڕەتمانكردۆتەوە زمانی نوسینی ڕاپۆرتەكەمان ڕەتكردۆتەوە كە دژی هەرێمەو یەك لایەنەیە، بەڵام لەسەر پرسی ئەشكەنجەدان ئامادەین بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوە بكەین‌و داواشمان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە هاوكاریمان بكەن." دیندار زێباری بۆ پەرەگراف وای وت.

 

زێباری ئاماژەی بەوەشكرد خەڵك هەیە بە تۆمەتی داعش بوون گیراوەو مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ كراوەو بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیركراواندا دەكەن، لەگەڵ باسكردن لەوەی زانیارییەكانی شەڕی دژە تیرۆر ئاڵۆزن‌و بە ئاسانی بڕیاریان لەسەر نادرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ، دوانی دیكە لەو منداڵانە وتویانە"بیریان لە خۆكوشتن كردۆتەوەو بیستویانە كە‌ منداڵی بەندكراوی تر باسیان لە هەمان شت كردووە. هەندێكیان ترس و نیگەرانیان دەربڕی لەسەر ئەوەی كە ئەندامانی ئاسایش بگەڕێنەوە سەنتەرەكەو بیانبەن."

 

هەرچەندە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و منداڵ‌و خێزان لەپەرلەمانی كوردستان، ئاگاداری كەیسی ئەو منداڵانە نییە كە هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتەكەی لەبارەوە بڵاوكردوونەتەوە، بەڵام بەدواداچوون لەسەر ئەوبابەتە دەكات.

 

گەشە دارا، سەرۆكی ئەو لیژنەیە بۆ پەرەگراف وتی"بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەكە دەكەین، ئەو منداڵانە داعش بەكاری هێناون‌و قوربانی دەستی داعشن‌و نابێت ببنە قوربانی دەستی ئێمەش، دەبێت ڕابهێنرێنەوە كە چۆن ژیانێكی ئاسایی بەسەر ببەن."

 

سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و منداڵ‌و خێزان جەختیكردەوە كە دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیركراواندا بكرێت‌و مافەكانیان پارێزراوبێت.

 

لەگەڵ ئەوەی هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، بەڕەچاوكردنی تەمەن و ئاستەنگی زمان‌و نەبوونی هاریكاری یاسایی‌و ترسی تۆڵەسەندنەوە، پێناچێت هیچ منداڵێكی سەنتەری چاكسازییەكە داوای فەرمی یاسایی لە دژی ئەشكەنجەدان پێشكەش بكات، بەڵام دیندار زێباری باسلەوەدەكات ئەگەر ئەو منداڵانە ئەشكەنجە درابن دەتوانن سكاڵا بكەن، یاخود بە دادوەری لێكۆڵینەوە بڵێن یان لەكاتی دادگایی كردن باسی بكەن.

 

"بەدواداچونمان كردووە سكاڵایەكی وانییە كە هیومان ڕایتس ۆوچ باسیدەكات، منداڵەكان لەچاكسازییەكانن لەگەڵ ژنان‌و منداڵان‌و بە ئازادی هاتوچۆ دەكەن، ئەگەر ئەشكەنجەماندابن چۆن ڕێگە بەو ڕێكخراوە دەدەین بیانبینێت."

 

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی لیژنەی بەدواداچون‌و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان بەتەواوی زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ ڕەتناكاتەوە لەبارەی ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان، دەڵێت"مومكینە حاڵەت هەبووبێت ناتوانم بڵێم سەداسەد شتیوانییە، بەڵام بەوشێوە نییە كە هیومان ڕایتس وۆچ زەقی دەكاتەوەو دژی هەرێم بەكاریدەهێنێت‌و هەڵایەكی میدیایی گەورە لەسەر حكومەتی هەرێم دروست دەكات."

 

ئەوە یەكەمجارنییە هێومان ڕایتس ۆوچ‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە هەرێمی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان، بەڵام حكومەتی هەرێم بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردووەتەوە.

 

تائێستا نزیكەی 500 كەس لە هێزەكانی ئاسایش‌و چاكسازییەكان بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان ڕاهێنانیان پێكراوە لەسەر پرسی پاراستنی مافی دەستگیركراوان‌و مامەڵە لەگەڵكردنیان بەپێی یاسا، لەئێستاشدا حكومەت داوای هاوكاری زیاتری لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە.

 

ڕەخنەی زیاتری دیندار زێباری ئەوەیە ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە، وەڵامەكانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بڵاوناكاتەوە لەناو ڕاپۆرتەكانیدا، هەرچەندە ئەو ڕێكخراوە لە ڕاپۆرتەكەی دوێنێیدا هەندێك ڕای دیندار زێباری بڵاوكردووەتەوە، بەڵام ئەوە بەشێكی كەمی ڕاپۆرتەكەی پێكهێناوە، زێباری وتی"وەڵامی ئێمەی تێدانییە لەڕاپۆرتەكەیدا، ئاماژە بەوتەكانی حكومەت نەكراوە لە چاكسازییەكان."