كۆسرەت ڕەسوڵ: چەند كەسێكی لادەر لە یەكێتی دەبنە دەستكێشی داگیركەران‌و سەرشۆڕانە دەچنە مێژووەوە

18-10-2017 04:27
كۆسرەت ڕەسوڵ لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك ڕەخنەی تووند لە بەشێك لە بەرپرسانی حزبەكەی دەگرێت. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێكی تووند لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك بڵاودەكاتەوەو دەڵێت، ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە "چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسیی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە."

 

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوان ئەوەی هێزیان بەسەریدا شكاوەو لەدەستیان هاتووە كردوویانە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە، "بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر‌و نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت."

 

دەقی پەیامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ

 

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی كوردایەتی

 

لای هەمووان ئاشكرایە كە كوانووی خەباتی گەلەكەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە , هەتا ئەمڕۆ كە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە لەو پێناوەشدا چەندین سەركردەی جوامێر و دەیان هەزار لاو و مێرخاسی خۆی كردۆتە قوربانی و بە سەربەرزی یەوە لاپەڕەكانی مێژووی پێ نەخشاندووە .

 

تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی كوردستان لەجیاتی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و هەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان هێنا كە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاهیلیەت .ئێستا لە كاتێكداكە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی كوردستان بە جوانی لە گوێ ی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و كەسانێك نەماوە لە م جیهانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەسەر زار نەبێت , لە پاداشتی ئەوەدا گەلی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو كە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە جیهان و ناوچەكە بۆ بونیادنانی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان , گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەكەمان بگرن , بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەكۆمەیەكی هەمەلایەنەیان كردینەوە و جارێكی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە كە ( نەتەوەی كورد بێجگە لە چیاكانی خۆی هیچ دۆستێكی تری نیە ) , بە جێهێشتنی گەلەكەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەكانی میلیشیا ی حەشدی شەعبی و یەكەكانی سوپای عێراق و ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لەكەركوك وناوچە كوردستانیەكانی تر و قەتلوعامكردنی هاوڵاتیانی كورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاكانی تر و دەركردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیانو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانیان بێجگە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالێكی تری كورد لەسەر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت .

 

بەڵام ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە .

 

دڵسۆزانو غەمخۆرانی كوردایەتی

 

ئێمە وەك خۆمان بە شاهیدی هەموو لایەك لەوەی هێزمان بەسەریدا شكا و لەدەستمانهات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان لە كەركوك و جێگاكانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستكەوتە ستراتیژیەكانی گەلەكەمان ئەنجاممان داو درێغیمان نەكرد , بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر , نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت .

 

سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەرچی زیانەكان لەڕووی لەدەستدانی دەستكەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركوك و دوز و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەكانی تری گەلەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی, بەڵام پێمان وایە كە ئەمە كۆتایی ڕێگا نیە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی كورد لەگەڵ ئەم جۆرە كەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە بۆیە هەڵسانەوە وچوونەوە پێش كارێكی زەحمەت نیە , ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە پێشمەرگەی بەوەفای ڕێبازی شەهیدانین و وورەمان وورەی ڕۆژگارەسەختەكانی خەباتە و لەهەر كاتێكی تر جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و هۆشێكی كراوەترەوە شان دەدەینە بەر ئەو ئەركە مێژووییەی كە خەباتی گەلەكەمان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەكانمان پێیان سپاردووین .

 

لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەم هەرچی زووە هیممەت بكەین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخەینەوەو عیبرەت لە ڕووداوەكان وەربگرین , یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و تۆكمەی بكەین , چونكە تەنها و تەنها ئەوە تاكەڕێگای هێزدانەبەری خەبات و كوردایەتی یە .

 

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان
بژی كورد، بژی كوردستان


كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
18/10/2017