پاسەوانەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سەرنوسەری پەرەگراف دەدەن‌و هەڕەشەی لێدەكەن

18-10-2017 07:51
كاتی شۆردنی چاوی سەرنوسەری پەرەگراف لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، 18-10-2017.

 

پەرەگراف

 

پاسەوانەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی لەكاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانێكدا هێرشدەكەنەسەر سەرنوسەری پەرەگراف، لێیدەدەن‌و ئازار بە چاوی دەگەیەنن‌و هەڕەشەی تووندی لێدەكەن.

 

پەرەگراف لەسەر ئەو ڕووداوە لە پڕۆسەی ئاگاداركردنەوەی ڕێكخراوە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكاندایە، هاوكات پەنا بۆ یاسا دەبات‌و داوای سزادانی ئەو كەسانە دەكات.

 

وردەكاریی ڕووداوەكە لەزاری سەرنوسەری پەرەگرافەوە

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی لە كاتێكدا سەرقاڵی ڕووماڵی خۆپیشاندانی خەڵكی شارۆچكەی دووزخورماتوو بووم كە ناڕەزاییان دەردەبڕی لەو ڕووداوانەی بەسەریان هاتووە، لە كاتژمێر یەكدا پاسەوانەكانی مەكتەبی سیاسی ڕێگرییان لە ڕووماڵەكە كردو یەكێكیان كە جلی ڕەشی لەبەردابوو هات بەرەو ڕووم‌و دوای ئەوەی باجی ڕۆژنامەوانییم پیشاندا داوایكرد مۆبایلەكەم لاببەم كە ڕاستەوخۆ لە پەیجی فەیسبووكی ماڵپەڕەكەمانەوە خۆپیشاندانەكەم دەگواستەوە، لەو كاتەدا خۆپیشاندەران هاتن بەرەو ڕووی ئەو پاسەوانەی مەكتەبی سیاسی‌و ناڕەزاییان پیشاندا كە ڕێگریی لە ڕووماڵەكەی من دەكات، پێیاندەوت ئەو هاتووە دەنگی ئێمە بگەیەنێت تۆ چۆن ڕێگریی لێدەكەیت، لەو كاتەدا چەند پاسەوانێكی دیكەی مەكتەبی سیاسی كە هەموویان جلی مەدەنییان لەبەردابوو(دواتر وتیان ئاسایشین، بەڵام دەواممان لەناو مەكتەبی سیاسییە)، هەندێكیان دەمانچەیان پێبوو، هاتن بەرەو ڕووی من‌و دوانیان دەستیان بادام‌و یەكێكیان پاڵی پێوەنام‌و وتی"بیبەنە ژوورەوە" مەبەستی ناو مەكتەبی سیاسی بوو.
خۆپیشاندەران فشارێكی زۆریان كرد‌و ڕێگرییان لێكردن كە دەستگیرم بكەن‌و منیان دەربازكرد.

 

دواتر من ڕووماڵەكەم ڕاگرت‌و گوێم بۆ وتەی خۆپیشاندەران دەگرت، بەڕوونی هەستمكرد كە لەژێر چاودێری وردی پاسەوانەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدام، دەم ویست بەبێ ئەوەی توشی گرفت ببم شوێنەكە جێبهێڵم، چەندجارێك شوێنی وەستانمم گۆڕی ئەوان هەر بەدوامەوە بوون، لەنزیك كاتژمێر 1:30 خولەك چووم ئاوێك بخۆم لەناو كەبابخانەیەك كە بەرامبەر مەكتەبی سیاسییە‌و ژمارەیەكی زۆر پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان نانیان دەخوارد، هەر چوومە ژوورەوە زیاتر لە 5 پاسەوانی مەكتەبی سیاسی هاتن بەدوامداو پێیانوتم بەبێ دەنگی وەرە لەگەڵمان، منیش ئامادەنەبووم، دواتر فشاریان خستەسەرم مۆبایلەكەمیان بدەمێ، هەر ئامادەنەبووم‌و دەموت من ڕۆژنامەنوسم‌و ئازارم بدەن لەسەرتان دەكەوێت، ئەوان پێكەنینیان بە قسەكانم دەهاتو یەكێكیان وتی"حساب بۆكەس ناكەین"و یەكێكی دیكەیان باجە ڕۆژنامەنوسییەكەی لەملم كردەوە‌و بردی، لەو كاتەدا داوای هاوكاریم لە پۆلیسەكان كرد، كەس وەڵامی نەدامەوە، لە پڕ دەستی یەكێك لە پاسەوانەكان یەك زللەی كێشا بە چاوی چەپمدا، نازانم دەستی كامیان بوو، زۆر ئازاری دام‌و ئاو لەچاوم هات، بۆماوەی چەند خولەكێك لەسەر كورسییەكی كەباب خانەكە دانیشتم، لەوكاتەدا یەكێك لە پاسەوانەكان هات دانیشت لەلام‌و هەڵوێستی مرۆییانەبوو، داوای لێبوردنی كردو وتی ئەوان هەڵەن تۆ هێمن بەو كاردانەوەت نەبێت، كەمێك بەبێدەنگی ماینەوەو دواتر نەقیبێكی چالاكییە مەدەنییەكان هاتنەناو كەبابخانە من ڕووم تێكردو وتم ڕۆژنامەنوسم ئەم كەسانە بە جلی مەدەنییەوە لێیاندام‌و ئازارم دەدەن، هیچ هەڵوێستی نەبوو تەنها ئەوەندەی وت"ئەمانە مەدەنی نین"، ئەو پاسەوانەی لام دانیشت داوایكرد لەگەڵیدا بچم بۆناو بینای مەكتەبی سیاسی، من چەندجارێك ڕەتمكردەوەو وتم چیتان هەیە لێرە بیڵێن، هەرچەندە مافی ئەوەیان نەبوو من ببەنەناو دەزگایەكی حزبیی، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر داواكەیان، منیش داوامكرد تەلەفۆنێك بكەم‌و كەسێك ئاگادار بكەم كە لەگەڵیان دەچم، هاوپیشەیەكی خۆمم ئاگاداركردو ئەو پاسەوانەش قسەی لەگەڵ كرد.

 

پاشان لەگەڵیدا چوومە ناو بینای مەكتەبی سیاسی، تەواوی پاسەوانەكانی دەرەوە كە هێرشیانكردەسەم هاتنە ژوورەوە، لەژێر فشارێكی زۆردا مۆبایلەكەیان پشكنیم‌و سەیری وێنەو ڤیدیۆو ڤایبەرو سناپچاتیان كرد، پاشان زیاتر لە دوو كەسیان هەڕەشەیان لێكردم ئەگەر هەرشتێك لەسەرئەوان بڵاوبكەمەوە كە زیاتر مەبەستیان وێنەیان بوو، پێیان وتم"هەرشتێك بڵاوبكەیتەوە، لەهەركوێبیت دەتدۆزینەوەو خراپت بەسەر دەهێنین" نزیكەی 20 خولەك ڕایانگرتم‌و پاشان باجەكەیان دامەوەو ئەو كەسەی یەكەمجار لەدەرەوە هات بۆم، تادەرگای دەرەوەی مەكتەبی سیاسی هات‌و بەڕێی كردم، لەوێش چەند خولەكێك وەستاین‌و ئەو بەرگریی‌و منیش ڕەخەنم لە ڕەفتارەكانیان گرت.

 

ئازار چاوم بەردەوام بوو، چوومە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار، پاش بینینی پزیشك چاویان بۆ پاككردمەوەو وەك خۆیان وتیان كەمێك بەنجیان تێكرد بۆئەوەی ئازارەكەی نەمێنێت، دواتر پزیشك دوو دەرمانی وەك چارەسەر بۆ نوسیم‌و پێیوتم سبەینێ سەردانی نەخۆشخانەی د.ئاسۆ بكە كە تایبەتە بە چاو لەوێ پشكنینت بۆ بكەن، لەبەرئەوەی هەندێك حاڵەت هەیە دوای 24 كاتژمێر كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت، پاشان داوای كتابی بنكەی پۆلیسی كرد بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی پزیشكیی، چوومە بنكەی پۆلیسی بەختیاری‌و كتابەكەم بۆهێناو بردەمەوە بۆ بنكەكەو وێنەیەكی كتابەكەیان دابەخۆم.

 

وەك ڕۆژنامەنوسێكی سەربەخۆ‌و ئەندامی كارای سەندیكای ڕۆژنامەنوسان بە مافی خۆمی دەزانم سكاڵای یاسایی تۆماربكەم، بۆ ئەومەبەستەش بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەندیكا ڕێكاری یاسایی دەگرمەبەر.

 

سوركێو محەمەد- سەرنوسەری پەرەگراف
ئێوارەی ڕۆژی 18-10-2017