دادگایەكی عێراق بڕیاری دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسوڵ دەردەكات

19-10-2017 01:44
كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دادگایەكی عێراق بڕیاری دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسوڵی دەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێزە عێراقییەكانی لە كەركوك بە داگیركار" ناوبردووە.

 

دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەركردووە بەهۆی لێدوانەكانی ئەم دواییانەی، كە هێزەكانی سوپای عێراقی‌و پۆلیسی فیدراڵی لە پارێزگای كەركوك بە هێزی داگیركار ناوبردووە."

 

بەیرەقدار دەڵێت"دادگا پێیوایە ئەو لێدوانەی كۆسرەت ڕەسوڵ ئیهانەو هاندانە بۆ سەر هێزە چەكدارەكان و لەسەر بنەمای ماددەی 226 یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ دوێنێ پەیامێكی تووندی لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە "چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسیی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە."

 

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ئەوەی هێزیان بەسەریدا شكاوەو لەدەستیان هاتووە كردوویانە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە، "بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر‌و نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت."