نەتەوە یەكگرتووەكان زیانەكانی كەركوك‌و دوزخورماتوو ئاشكرادەكات

19-10-2017 07:22
پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بەرەو شاری كەركوك، 16-10-2017. فۆتۆ: ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق، ئامارەكانی سوتاندنی دەیان خانوو، هەڵكوتانەسەر‌و پەلاماردانی بارەگا حزبییەكان لە كەركوك‌و دوزخورماتوو ئاشكرادەكات‌و بەپێویستی دەزانێت، حكومەتی ناوەندی بەر لە توندوتیژییەكان بگرێت‌و تاوانباران بداتە دادگا.

 

ئەو ڕێكخراوە لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ نیگەرانی خۆی پیشانداوە دەربارەی تاڵان‌و وێرانكاری ماڵان‌و شوێنەكانی كار‌و بارەگای پارتە سیاسیەكان دوای سەرهەڵدانی توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی ناوچەكانی زۆرەملێ‌، ئەوەش بەپێی سایتی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق (یۆنامی).

 

بەپێی بەیاننامەكە "نەتەوە یەكگرتووەكان هەواڵی سوتاندنی نزیكەی 150 خانووی لە دوزخورماتو لە 16-17ی ئەم مانگە لەلایەن كۆمەڵە چەكدارەكانەوە بەدەستگەیشتووە لەگەڵ وێرانكردن‌و تەقاندنەوەی 11 خانووی تری خەڵك‌و بەرپرسی كوردی‌ پارتە سیاسییەكان، هەروەك چۆن باس لە هێرشیش دژی نوسینگەی پارتە توركمانییەكان لە پارێزگای كەركوك دەكرێت."

 

كەركوك‌و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا‌و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوە.

 

نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەكەیدا هاتووە "بەتوندی داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین بۆ ئەنجامدانی هەركارێك كە بكرێت بۆ پێشگرتن بەم توندوتیژییانە‌و پاراستنی خەڵكی مەدەنی‌و هەروەها بۆ دڵنیابوونیش لەوەی تاوانبارانی توندوتیژییەكان‌و تۆقاندن‌و ئاوارەكردنی زۆرەملێیانەی خەڵكی مەدەنی پەلكێشی یاسا بكرێن."

 

بارودۆخی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری كەركوك، بوە هۆی ئاوارەكانی دەیان هەزار هاوڵاتی پێكهاتەی كورد بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان‌و تائێستاش، دۆخی شارەكە بە تەواوی هێورنەبۆتەوە.

 

شەوی ڕابردووش ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا، نیگەرانی خۆیان دەربارەی ڕوودانی توندوتیژی لە نزیك شاری كەركوك دەربڕی‌و داوایان لە هەموو لایەنەكان كرد، خۆیان بپارێزن لە ترساندن‌و بەكارهێنانی هێز.