بارزانی: تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت بە بەغدا ناگیرێت‌و ناتوانن بیگرن

19-10-2017 08:17
بارزانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسوڵ ڕاگەیاند‌. فۆتۆ: سوركێو محەمەد/ 10-7-2017.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگایەكی بەغدا بۆ دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسوڵ ڕاگەیاند‌و دەڵێت، با دەستەڵاتدارنی بەغدا ئازاد بن، چ بڕیارێك دەدەن با بیدەن، بەڵام با بشزانن تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت و تێكۆشەرەكانی تریش بەوان ناگیرێت و بۆیان نییە بیگرن.

 

بارزانی لە پەیامێكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی دادگا عێراقییەكەدا باسلەوەشدەكات، ئەو بڕیارە سیاسییە‌و بە ڕوونی پیشانی دەدات كە عەقڵییەتی باڵادەست لە بەغدا بە چ شێوەیەكە، "گەلێك ڕای خۆی بە ئاشتیانە دەرببڕێت دەبێ سزای بەكۆمەڵ بدرێت، كەسێك ڕای خۆی دەرببڕێت دەبێ بگیرێت. هەر ئەو عەقلییەتەیە وای كردووە كەس نەتوانێ لەگەڵیاندا بژیێت."

 

پەیامەكەی بارزانی دوای ئەوەهات، دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەركردووە بەهۆی لێدوانەكانی ئەم دواییانەی، كە هێزەكانی سوپای عێراقی‌و پۆلیسی فیدراڵی لە پارێزگای كەركوك بە هێزی داگیركار ناوبردووە."

 

بەیرەقدار وتیشی"دادگا پێیوایە ئەو لێدوانەی كۆسرەت ڕەسوڵ ئیهانەو هاندانە بۆ سەر هێزە چەكدارەكان و لەسەر بنەمای ماددەی 226 یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ دوێنێ پەیامێكی تووندی لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە "چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسیی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە."

 

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ئەوەی هێزیان بەسەریدا شكاوەو لەدەستیان هاتووە كردوویانە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە، "بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر‌و نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت."

 

دەقی پەیامەكەی بارزانی

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 10ـی 2017 دادگەی لێكۆلینەوەی ڕەسافەی بەغدا بڕیاری گرتنی بۆ بەڕێز كاك كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری گشتیی سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەركردووە بە تۆمەتی دەربڕینی ڕای خۆی لەسەر ڕووداوەكانی كەركووك.

 

ئەم بڕیارەی دادگەی ڕەسافە كە بڕیارێكی سیاسییە بە ڕوونی پێشان دەدات كە عەقلیەتی باڵادەست لە بەغدا بە چ شێوەیەكە. گەلێك ڕای خۆی بە ئاشتیانە دەرببڕێت دەبێ سزای بەكۆمەڵ بدرێت، كەسێك ڕای خۆی دەرببڕێت دەبێ بگیرێت. هەر ئەو عەقلییەتەیە وای كردووە كەس نەتوانێ لەگەڵیاندا بژیێت.

 

با دەستەڵاتدارنی بەغدا ئازاد بن، چ بڕیارێك دەدەن با بیدەن بەڵام با بشزانن تێكۆشەرێكی وەك كاك كۆسرەت و تێكۆشەرەكانی تریش بەوان ناگیرێت و بۆیان نییە بیگرن.

 

مسعود بارزانی

19ـی 10ـی 2017