نەجمەدین كەریم باسلە هێرشەكەی سەر كەركوك دەكات

19-10-2017 11:22
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

نەجمەدین كەریم چەند زانیارییەك لەسەر ڕووداوەكانی كەركوك ئاشكرادەكات‌و ئەوەدەخاتەڕوو، ژیانی لە مەترسیدا بووەو ئێستا ئەگەر بگەڕێتەوە ئەو شارە ژیانی لە مەترسیدا دەبێت، كۆبوونەوەیەكی كوڕو برازاكانی مام جەلالیش لەگەڵ ئێرانییەكان باسدەكات.

 

لە یەكەم دەركەوتنیدا دوای ڕووداوەكانی كەركوك، نەجمەدین كەریم بۆ ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمەریكی قسەی كردووەو دەڵێت"ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە كەركوكم بەجێهێشت‌و ئێستا پلانم نییە بگەڕێمەوە، چونكە ئەگەر بگەڕێمەوە ژیانم لە مەترسیدا دەبێت."

 

پارێزگاری پێشووی كەركوك ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو شەوەش كە حەشدو هێزە عێراقییەكان هێرشیان كردووەتەسەر كەركوك ژیانی لە مەترسیدا بووە، "دەبوو بە ئاگایانە هەڵسوكەوت بكەم بۆئەوەی بە سەلامەتی دەرچم."

 

ئەو وتانە یەكەم لێدوانی نەجمەدین كەریمە دوای ئەوەی شەوی 15ی ئەم مانگە حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك پێشڕەوییان كرد، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كردو ژمارەیەكی زۆریان شەهیدو بریندار بوون، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو تەواوی شاری كەركوك كەوتە دەست هێزە عێراقییەكان.

 

دوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسیانلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكردو دەیانوت: كەركوكیان فرۆشت.

 

نەجمەدین كەریم تەئكید لە پەلاماردانی خەڵكی مەدەنی دەكات لەناو شاری كەركوك لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوەو دەڵێت"عەبادی ڕایگەیاند كە هیچ قوربانییەك نەكەوتووەتەوە، بەڵام ئێمە ئۆتۆمبێلی پڕ لە جەستەی مردوومان بینی."

 

"لێكتێگەیشتنی ئەوە هەبوو كە فەرماندەكانی پێشمەرگە بەشداری لەم شەڕەدا نەكەن كاتێك هێزە عێراقییەكان هاتنەناو كەركوك" نەجمەدین كەریم كەهاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە وادەڵێت، دەشڵێت"رۆژی پێش هێرشەکە، کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی، بافڵ، هەروەها برازاکەی، لاهور (لاهور تاڵەبانی) و برا گەورەکەی ئاراس (ئاراس شێخ جەنگی) هاتن بۆ کەرکوک و لەگەڵ نوێنەری قاسم سلێمانی کۆبوونەوە. ئەوان دوا هۆشدارییان دا، یان واز لە پۆستەکەت دەهێنیت یاخود هێرشت دەکەینەسەر."

 

پارێزگاری پێشووی كەركوك، نیگەرانە لە هەڵوێستی ئەمەریكا لەو ڕووداوانەشدا، وتیشی"ڕۆژێك دێت دەگەڕێینەوە كەركوك، دڵنیا نیم كەی دەبێت، بەڵام دەگەڕێینەوە."

 

پێشتریش كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پەیامێكی تووند لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە "چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسیی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ئەوەی هێزیان بەسەریدا شكاوەو لەدەستیان هاتووە كردوویانە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە، "بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر‌و نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت."

 

هەروەها مەسعود بارزانی تەئكیدی كردەوە، ئەوەی لە شاری كەركوك ڕوویدا دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشە بكەن.

 

لە یەكەم كاردانەوەی هێرشەكەی سەر كەركوكیشدا، فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند"ئەو پەلامارە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە."

 

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە وتیشی"بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە."