ئیسرائیل پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ كورد كۆدەكاتەوە بەرامبەر هێرشەكانی عێراق

20-10-2017 06:23
تۆپخانەكانی عێراق لەسەر ڕێگای باشوری خۆرئاوای كەركوك، 17-10-2017. فۆتۆ: ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

ئیسرائیل هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەمەبەستی ڕێگریی لە زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان‌و ڕاگرتنی هێرشەكانی عێراق، فەڕەنساش داوا لە حكومەتەكەی عەبادی دەكات ڕێز لە تەواوی مافەكانی كورد بگرێت.

 

ئەوانەش لەكاتێكدان ئەمڕۆ شەڕی سەخت لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان ڕوویدا لەكاتی پێشڕەویی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی پردێ كە دواین شوێنی سنوری پارێزگای كەركوكە.

 

دەربارەی شەڕەكەی ئەمڕۆ،فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت"میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چەكی ئەمەریكی كە بە سوپای عێراقی دراون‌و بە بەشداریی تۆپچییەكانی ئێران هێرشێكی بەرفراوانیان كردووەتەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ، تا ئێستا هەموو هێرشەكانیان تێكشكێندراون و زیاتر لە دە هامەر و تانكێكی ئەبرامزیان لەناو براون."

 

هێرشەكەی عێراق بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندییە تا كۆتا سنورە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك، ئەوەش دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك‌و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە 16ی ئەم مانگەوە بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە.

 

هێرشی هێزە عێراقییەكان كە شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنییان لێكەوتووەو زیانی بە زۆر ناوچەی كوردیی گەیاندووە، كاردانەوەی وڵاتانی دەرەوەی بەدواداهات.

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ئەوەی ئاشكراكردووە كە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە هەوڵدایە بۆ ڕاگرتنی زیانگەیاندن بە كوردو بۆئەو مەبەستە پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز كۆدەكاتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەشدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە هەریەكە لە لەگەڵ ئەنجێڵا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا‌و ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆكی ڕوسیاوە كردووەو نائارامییەكانی كوردستانیان تاوتوێ كردووە.

 

هاوكات ئیسرائیل كاتز، وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل بۆ ڕادیۆیەكی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵەكان بۆئەوەیە، ڕێگریی بكرێت لە هێرش بۆسەر كورد‌و زیانگەیاندن بە هەرێمەكەیان كە ئەوە شتێكە توركیاو ئێران‌و شیعە ناوخۆییەكان‌و چەند هێزێكی دیكەی ناو عێراق‌و بەشێكی حكومەتی عێراق دەیانەوێت.

 

"ئێستا سەرۆك وەزیران بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەمەریكا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەرقاڵە بۆ وەستاندنی زیانگەیاندن بە كوردەكان" وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل وادەڵێت.

 

هەروەها بەرپرسێكی دیكەی ئیسرایل كە نەیوستووە ناوی ئاشكرابكرێت، ئەوەی خستوەتەڕوو، هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی وەكو ئەركێكی ئەخلاقییە، "كوردەكان گەلێكی زۆر دۆستی ڕۆژئاوان كە شایستەی پشتیوانین."

 

ئیسرائیل هەمان پرسی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێ كردووەو خاكی هەرێمی كوردستان بە "شوێنێكی ستراتیژی" بۆ وڵاتەكەی ناودەبات.

 

بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرابكرێت، دەڵێت"ئەوە باشترین دەبێت ئەگەر لایەنێك چەك‌و هەر شتێكی دیكەیان پێبدات، كە ئێمە بەڕوونی ناتوانین بیان دەینێ."

 

هەر لە كاردانەوەی وڵاتان دەربارەی هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆسەر كوردستان، فەڕەنسا ڕایگەیاند"داوا لەحكومەتی فیدراڵی دەكەین كە دانبەخۆیدا بگرێت و ڕێز لە تەواوی مافەكانی كوردەكان بگرێت."

 

ئەگنێز رۆماتێت ئیسپاگنەی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو، كوردەكان پێویستیان بەوەیە ڕازیبن بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا.