ئەمەریكا داوا لە عێراق دەكات لەناوچە جێناكۆكەكان جوڵەی هێزەكانی سنوردار بكات‌و هەماهەنگیی بكات لەگەڵ هەرێم

21-10-2017 02:07
پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان لە كەركوك، 16-10-2017. فۆتۆ: ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

ئەمەریكا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات لە ناوچە جێناكۆكەكان جوڵەی هێزەكانی سنوردار بكات بۆ تەنها ئەوانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێن، ئەوەشدەخاتەڕوو، چەسپاندنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی بەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان لەهیچ بارێكدا دوخی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت‌و بەناوچەی كێشەلەسەر دەمێننەوە.

 

حكومەتی هەرێم پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی ئەمەریكا دەكات، هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی‌و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەكات‌و ڕەزامەندە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

 

هێزەرت ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی لەبارەی دۆخی شاری كەركوك بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نیگەرانە بەهەواڵەكانی بەریەككەوتنی توندئاژۆیانە لەدەوروبەری شارۆچكەی ئاڵتون كۆپری لەباكوری عێراق. ئێمە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكەین هەموو توندوتیژی و جووڵەیەكی ئیستیفزازكەرانە ڕابگرن و هەماهەنگی بۆ چالاكیەكانیان بكەن لەپێناو گەڕاندنەوەی ئارامی."

 

ئەمەریكا هانی حكومەتی حكومەتی ناوەندی دەدات بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە بە سنورداركردنی جوڵەی هێزە فیدراڵیەكان لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ تەنها ئەوانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دەدرێن.

 

"چەسپاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان لەهیچ بارێكدا دوخی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت-بەناوچەی كێشەلەسەر دەمێننەوە هەتاوەكو دۆخەكەیان لەڕێی دایەلۆگەوەو بەپێی دەستوری عێراقی چارەسەر دەكرێت. تاوەكو لایەنەكانیش دەگەنە چارەسەرێك ئێمە هانیان دەدەین هەماهەنگی تەواو بكەن بۆ ئیدارەو ئاسایشی ئەو ناوچانە. بۆیە ئێستا هەموو لایەنەكان پێویستە بچنە دایەلۆگەوە لەسەر بنەمای دەستوری عێراقی" هێزەرت ناوێرت وا دەڵێت.

 

بەیاننامەكەی ئەمەریكا دوای ئەوەدێت هێرشەكانی عێراق بۆسەر كوردستان كاردانەوەیان لێكەوتەوەو ئیسرائیل هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەمەبەستی ڕێگریی لە زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان‌و ڕاگرتنی هێرشەكانی عێراق، فەڕەنساش داوای لە حكومەتەكەی عەبادی كرد ڕێز لە تەواوی مافەكانی كورد بگرێت.

 

حكومەتی هەرێم كاردانەوەی خێرای هەبوو بۆ بەیاننامەكەی ئەمەریكاو پێشوازیی لێدەكات، دەڵێت"حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات، هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و ڕەزامەندیشە كە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت."

 

هەرێمی كوردستان تەئكید دەكاتەوە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی‌و بەبێ هیچ پێشمەرجێك.

 

كاردانەوەكان لەكاتێكدان دوێنێ شەڕی سەخت لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان ڕوویدا لەكاتی پێشڕەویی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی پردێ كە دواین شوێنی سنوری پارێزگای كەركوكە.

 

هێرشەكەی عێراق بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندییە تا كۆتا سنورە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك، ئەوەش دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك‌و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە 16ی ئەم مانگەوە بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە.

 

هێرشی هێزە عێراقییەكان كە شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنییان لێكەوتووەو زیانی بە زۆری بە ناوچە كوردییەكان گەیاندووە. 

 

دەقی بەیاننامەكەی ئەمەریكا كە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر كردوویەتی بەكوردی

 

20 ی تشرینی یەكەمی 2017
بۆ بڵاوكردنەوەی دەستبەجێ
بەیاننامەی ووتەبێژ هێزەرت ناوێرت
بارودۆخی نزیك كەركوك، عێراق

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نیگەرانە بەهەواڵەكانی بەریەككەوتنی توندئاژۆیانە لەدەوروبەری شارۆچكەی ئاڵتون كۆپری لەباكوری عێراق. ئێمە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكەین هەموو توندوتیژی و جووڵەیەكی ئیستیفزازكەرانە ڕابگرن و هەماهەنگی بۆ چالاكیەكانیان بكەن لەپێناو گەڕاندنەوەی ئارامی.

 

لەپێناو ڕێگەگرتن لە هەرجۆرە هەڵەتێگەیشتنێك یان بەریەككەوتنی زیاتر هانی حكومەتی ناوەندی دەدەین بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە بە سنورداركردنی جوڵەی هێزە فیدراڵیەكان لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ تەنها ئەوانەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دەدرێن. ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران عەبادی هانیداین كە بۆ هێزە فیدراڵیەكانی دەركردووە بۆ پاراستنی هاونیشتیمانیانی كوردی عێراق و هان نەدانی ململانێ.

 

چەسپاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان لەهیچ بارێكدا دوخی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت-بەناوچەی كێشەلەسەر دەمێننەوە هەتاوەكو دۆخەكەیان لەڕێی دایەلۆگەوەو بەپێی دەستوری عێراقی چارەسەر دەكرێت. تاوەكو لایەنەكانیش دەگەنە چارەسەرێك ئێمە هانیان دەدەین هەماهەنگی تەواو بكەن بۆ ئیدارەو ئاسایشی ئەو ناوچانە. بۆیە ئێستا هەموو لایەنەكان پێویستە بچنە دایەلۆگەوە لەسەر بنەمای دەستوری عێراقی هەروەك چۆن سەرۆك وەزیران عەبادی ئۆفەری دایەلۆگی كردو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەئاشكرا قبوڵی كرد.

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پابەند دەمێنێتەوە بەعێراقێكی یەكگرتوو و سەقامگیرو دیموكراسی و فیدراڵ، هەروەها بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك پێكهاتەیەكی تەواوكەری وڵات. بەردەوام دەبین لەكاركردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەندی و حكومەتە خۆجێییەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژی و خۆ بەدوورگرتن لەبەریەككەوتنی زیاترو هەروەها هاندانی دایەلۆگ.

 

ئێمە بەهەمان شێوە پابەند دەمێنینەوە بە كۆتاییهێنان بەشەڕی دژ بەداعش لەعێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەین هەوڵەكانی لەوبوارەدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا چڕبكاتەوە تاوەكو ئەو ئەركە تەواو دەبێت.

 

دەقی وەڵامی حكومەتی هەرێم بۆ بەیاننامەكەی ئەمەریكا

 

ڕۆژی هەینی 20/10/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی بە ناوی حكوومەتی ئەمەریكاوە لەبارەی بارودۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گرژی و پێكدادانەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە پردێ بڵاو كردووەتەوە و تیایدا بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەكان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقیدا ڕووی داوە، هانی هەردوولا دەدات بكەونە گفتوگۆ.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات، هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و ڕەزامەندیشە كە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان پێشوازی لە دەستپێكردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەكات بە زووترین كات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی و بەبێ هیچ پێشمەرجێك.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

20/10/2017