محەمەد تۆفیق ڕەحیم بۆ پەرەگراف: پێشبینیمان نەدەكرد تائێستا ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی جێبەجێ نەكرێت

31-01-2017 08:06
محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان. فۆتۆ: پەرەگراف

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، پێشبینییان نەدەكرد دوای تێپەڕینی زیاتر لە 8 مانگ ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان جێبەجێ نەكرێت، تەئكیدیش دەكاتەوە كە ئەوان كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەن.

 

ئەو وتانەی محەمەد تۆفیق ڕەحیم، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا دێت لەگەڵ پەرەگراف كە بەمزووانە دەقەكەی بڵاودەكرێتەوەو تێیدا لەبارەی چارەسەری كێشەكان‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و پرسی كشانەوەیان لەحكومەتی هەرێم‌و دەوڵەتی كوردی، وەڵامی پرسیارەكانی پەرەگراف دەداتەوە.

 

لەبارەی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی، ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان دەڵێت"دۆخەكە تائێستا زۆر لەبارەنەبووە بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام تائێستاش زۆرینەی هەرەزۆری كاربەدەست‌و دەسەڵاتدارانی خاوەن بڕیار لەناو یەكێتی، جەماوەرو سەركردایەتی‌و مەڵبەندەكان لەگەڵ ئەوەدان ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت."

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم ئەوەشدەخاتەڕوو، داوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشیان لەیەكێتی كردووەو لەكۆبوونەوەكەدا كێشەكان‌و چۆنێتی چارەسەكردنیان باسدەكەن.

 

ڕۆژی 17-5ی ساڵی ڕابردوو یەكێتی‌و گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.

 

جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان باسێكی گەرمی ڕۆژەو ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەم مانگەدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كردووە لەسەر ئەو پرسە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكێتی‌و پارتی‌و هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی تێڕوانینی هاوبەش بۆچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم.

 

ئەمڕۆش مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، لارییان نییە لەداواكەی گۆڕان بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان، وتی"دەمانەوێت وردتر لەگۆڕان تێبگەین."

 


هەرچەندە محەمەد تۆفیق ڕەحیم باسلەوەدەكات زۆرینەی یەكێتی لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەن، بەڵام لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی كە زۆرینە لەگەڵیدان بۆ جێبەجێ ناكرێت؟ دەڵێت"وەڵامی ئەو پرسیارەشم لابێت جارێ ناتوانم باسی بكەم."

 

ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان لەچاوپێكەوتنەكەدا چەندجارێك تەئكید لەوەدەكاتەوە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی هەر جێبەجێ دەكرێت، لەوەڵامی ئەوەشدا كە ئایا سەرەتا پێشبینییان دەكرد كە 8 مانگ تێپەڕێت‌و ڕێككەوتنەكەیان جێبەجێ نەكرێت، دەڵێت"نەخێر" لەبارەی وەڵامی یەكێتی بۆ هۆكاری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە، محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەڵێت"هەندێك بارودۆخ هەیە كە جارێ هەندێك كێشە دروست دەكات بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام پێموایە هەرجێبەجێ دەكرێت."

 

8ی ئەم مانگە ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان نامەیەكیان ئاڕاستەی هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەكەیان كردو داوای وەڵامی بەپەلەیان كرد، ڕەخنەی توندیشیان لە سیاسەتەكانی یەكێتی گرت.

 

28ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ئاڕاستەیەی ناو یەكێتی نیشتمانی ڕاگەیاند كە لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕانن.

 

لەناو یەكێتیشدا دەنگی ناڕەزایی هەیەو داوادەكرێت ئەو ڕێككەوتنەیان لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بكرێت، 18ی ئەم مانگە 12 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە نامەیەكیان ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كرد‌و بە پێویستیان زانیبوو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕان پەرەی پێبدرێت‌و ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان "كارا بكرێ."