لاهور تاڵەبانی: بەهاوكاری ئەمەریكا پێشنیارێكمان ئامادەكرد، بەڵام كورد وەڵامی نەدایەوە

23-10-2017 11:27
لاهور شێخ جەنگی. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لاهور شێخ جەنگی ڕەتیدەكاتەوە هیچ ڕێككەوتنێك كرابێت دەربارەی پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك، باسلەوەشدەكات تەنها بۆ ماوەی 72 كاتژمێر ئاگربەستیان كردووە بۆئەوەی ڕێككەوتن بكرێت دەربارەی پێشنیارێك كە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا ئامادەكراوە، بەڵام سەركرایەتی كورد وەڵامی نەداوەتەوە.

 

ئەو وتانەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری، ئێوارەی دوێنێ لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا هات لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كە پەرەگراف ئامادەی بوو.

 

ڕەتكردنەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەربارەی كەركوك لە كاتێكدایە پارتی‌و بەشێكی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهورو ئاراس شێخ جەنگی برای تۆمەتباردەكەن بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنی پێشوەخت‌و بە "خیانەتكار" ناویان دەبەن.

 

لاهور شێخ جەنگی، لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی هەرجۆرە ڕێككەوتنێك، ئەوەشی خستەڕوو، عێراق ویستویەتی 12ی ئەم مانگە هێرش ئەنجامبدات، ئەوان پەیوندییانكردووەو بۆ ماوەی 48 كاتژمێر ئاگربەستیان كردو هێرشەكەیان دواخستووە، هاوكات لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش گفتوگۆیان كردووەو پێشنیارێكیان ئامادەكردووە كە هێزی هاوپەیمانان‌و عێراق‌و پێشمەرگە پێكەوە لە سەربازگەی كەی وەن جێگیرببن.

 

لاهور شێخ جەنگی برازای مام جەلال ئاماژەی بەوەشكرد لەناوخۆی یەكێتی پشتیوانییان بۆئەو پێشنیارە كۆكردوەتەوەو 38 ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی واژۆیان لەسەر كردووە، بەڵام ڕەزامەندی پارتی پێویست بووە تا ببێتە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا.

 

"لەبەرئەوەی كاك مەسعود بۆی نەدەكرا لەو 48 كاتژمێرەدا ئامادەی كۆبوونەوەبێت، ئێمە لەگەڵ بەغدا قسەمانكردو 24 كاتژمێری دیكەمان درێژ كردەوە بۆئەوەی كاك مەسعود ئامادەی كۆبوونەوەكەی دوكان بێت، بەڵام پەیامی كۆبوونەوەكەی دوكان نەگەیەندراوەتە حەیدرە عەبادی"لاهور شێخ جەنگی وای وت.

 

وتیشی"شەوی هێرشەكە كە سوپای عێراق دەستیكرد بە جوڵە تەلەفۆنم بۆ عەبادی كرد پێی وتم ئەوە 24 كاتژمێرەكەش تەواوبوو من هیچ وەڵامێكم بەدەست نەگەیشت، هەروەها لەگەڵ برێت مەكگۆرك قسەم كرد وتم ئەوە عێراق جوڵا، ئەو وتی ئێمە ئاگادارین‌و لە ئاسمانەوە چاودێریی دەكەین باشترە شەڕیان لەگەڵ نەكەن‌و ئەوەی یەكەمجار تەقە بكات ئەو بەرپرسیارە، پێموت پێشمەرگە فەرمانی تەقەی پێیەو شەڕ دروست دەبێت، ئەو وتی ئێمە چاودێری دەكەین‌و شەڕیان مەكەن."

 

ئەو برازایەی مام جەلال كە باڵادەستە لەناو حزبەكەی، باسیلەوەشكرد لەكۆبوونەوەی دوكان(15-10) مەسعود بارزانی وتویەتی عێراق هێرش ناكات‌و تەنها دەیان ترسێنێت، لاهور وتی"ڕاوێژكارەكانی وایانكرد بارزانی سەری لێبشێوێت. ئەوەی ڕوویدا شكستی سەركردایەتی كوردەو وایكرد شكۆی پێشمەرگە بشكێنێ، چیم دەكەوێتەسەرشان لێی ڕاناكەم."

 

لاهور شێخ جەنگی كە سەرەتا دژایەتی ڕیفراندۆمی دەكرد، بەڵام لەدوا ساتەكاندا ڕایگەیاند دەنگ بە بەڵێ دەدات بۆ جیابوونەوە لەعێراق، وتیشی"ڕەخنە لەخۆم دەگرم كەوتم دەنگ دەدەم بە ڕیفراندۆم، نەدەبوو پەنجە بخەمەناو مرەكەبەكە" ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناڵێت ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرایە عێراق نەدەگەڕایەوە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام گەڕانەوەكە بەوجۆرە نەدەبوو، وتی"لانیكەم شكۆی پێشمەرگە نەدەشكا."

 

هێرشەكەی عێراق بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی بوو تا كۆتا سنورە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك‌و ئەو ناوچانەی پێش هاتنی داعش لە ناوەڕاستی 2014 لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدابوون، بەغدا تەواوی ئەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵكردەوە ئەوەش دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك‌ لە 16ی ئەم مانگەوە بەهۆی كشانەوەی پێشمەرگە.

 

هێرشی هێزە عێراقییەكان شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنییان لێكەوتەوەو زیانی زۆری بە ناوچە كوردییەكان گەیاند.

 

دوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسیانلە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران دەكردو دەیانوت: كەركوكیان فرۆشت.

 

هاوكات كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پەیامێكی تووند لەبارەی ڕووداوەكانی كەركوك بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە "چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسیی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ئەوەی هێزیان بەسەریدا شكاوەو لەدەستیان هاتووە كردوویانە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی كوردستان لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكە، "بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر‌و نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت."

 

هەروەها مەسعود بارزانی تەئكیدی كردەوە، ئەوەی لە شاری كەركوك ڕوویدا دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشە بكەن.