پەرلەمانی كوردستان 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوە

24-10-2017 02:10
پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بۆماوەی 8 مانگ درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكان دواخران، گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدارنەبوون لە كۆبوونەوەكەو یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەدا.

 

درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەكاتێكدایە دەبوو لە 1-11 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدرێت بەوپێیەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان لەو ڕێكەوتەدا كۆتایی دێت، بەڵام بەپێی بڕیاری ئەمڕۆی پەرلەمان هەڵبژاردن لە هاوینی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.

 

لە كۆی 68 پەرلەمانتاری ئامادەبوونی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، 60یان دەنگیان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا ئەوانیش پارتی‌و زۆرینەی یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان بوون، یەكگرتووی ئیسلامی دەنگی بە پڕۆژەكە نەداوە بەوپێیەی لەگەڵ ئەوەدابووە 3بۆ6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوە نەك 8 مانگ.

 

بەرلە كۆبوونەوەكە ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمان ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان تەنها 3بۆ6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوەو لەوماوەیە زیاتر بە پێویستی نازانن‌و لەگەڵیدانابن.

 

هاوكات فراكسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بە "هەنگاوێكی نادیموكراتی"‌و "كودەتایەكی دیكە بەسەر شەرعیەتدا" ناوبرد.

 

هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بێگەرد تاڵەبانی لە پشكی یەكێتی بە سكرتێری هەمیشەیی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.