گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و بەرهەم ساڵح چۆن دەتوانن حكومەتێكی نوێ پێكبهێنن؟

24-10-2017 06:06
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی، عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح سوورن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌و داوادەكەن لە پەرلەمانی كوردستانەوە پێكبهێندرێت، بۆئەوەش پێوستە سەرەتا حكومەتی ئێستا هەڵبوەشێندرێتەوە كە پێویستی بە دەنگی ژمارەیەك پەرلەمانتارە بەدرێژایی تەمەنی پەرلەمان نەتوانراوە ئەو ژمارەیە لەسەر پرسێك كۆبكرێنەوە.

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان چۆنێتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕووندەكاتەوەو دەڵێت، هەموو ڕێگایەكی یاسایی دەگرنەبەر، پسپۆڕێكی سیاسیش پێیوایە ئەو هەوڵە ناگاتە ئاكام‌و زیاتر بۆ ڕایگشتییە نەك جێبەجێ كردن.

 

لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، لە ماوەی 8 ڕۆژدا گۆڕان لە چوار بەیاننامەداو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لە 3 بەیاننامەداو كۆمەڵی ئیسلامی لە 2 بەیاننامەدا بە فەرمی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە، بەڵام هێشتا بەكردار هەنگاویان بۆ نەهاویشتووە.

 

ئەو سێ لایەنە ئەمڕۆ بۆچوونەكانیان یەكخست‌و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ ئەوەی داوادەكەن قەوارەی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و یەكڕیزی‌ گەلی‌ كوردستان پارێزراوبێت، دەشڵێن"لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی كاتی لە ڕێگای پارلەمانەوە."

 

بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتەی سێ لایەنەكە داوای دەكەن، دەبێت سەرەتا كابینەی ئێستای حكومەت هەڵبوەشێندرێتەوە بۆئەوەش چەند ڕێگایەك هەیە.

 

د.بەهار مەحمود، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات، ئەوان سەرەتا داوای حكومەتی ڕزگاری نیشتمانییان كردووە، "لەبەرئەوەی ڕزگاری نیشتمانی لە نەبوونی سوڵتەدا دروست دەبێت‌و وامان دانابوو لەدوای 1-11 دەكەوینە بۆشاییەوە، بەڵام كاتێك پەرلەمان بوونی هەیە‌و حكومەت فەشەلی هێناوەو توانای چارەسەركردنی كێشەكانی نییە، پێویستە هەڵبوەشێتەوەو حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمان ئەمڕۆ تەمەنی خۆی بۆماوەی 8 مانگ درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكان كە بڕیاربوو 1-11 ئەنجامبدرێن دواخران بۆ مانگی 6ی ساڵی داهاتوو، گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدارنەبوون لە كۆبوونەوەكەو یەكگرتووش دەنگی بۆ درێژكردنەوەكە نەدا.

 

ڕێگاكانی هەڵوەشانەوەی حكومەت ئەوەیە، سەرۆكی حكومەت یاخود نیوە+1ی وەزیرەكان دەستلەكاربكێشنەوە كە لەكۆی 21 كەس دەبێت 11یان دەستلەكاربكێشنەوە.

 

ڕێگایەكی دیكە، وەك بەهار مەحمود ڕوونیكردەوە، لە پەرلەمانەوە دوای لێپرسینەوە متمانەیان لێوەربگیرێتەوە، وتی"پێویستمان بە دەنگی 76 پەرلەمانتار هەیە كە لە 25 ساڵی ڕابردوودا نەتوانراوە ئەو زۆرینەیە كۆبكرێتەوە، بەڵام چارەسەری یاسایی دیكە هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە" بەبێئەوەی ئامادەبێت باسیبكات.

 

گۆڕان 24‌و كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی 6 كورسین لە پەرلەمان، قەوارەكەی بەرهەم ساڵح لیستی لە پەرلەمان نییە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی پشتیوانیی دەكەن، ئەو سێ لایەنە نیوەی ئەو 76 كورسییە پێكناهێنن كە پێویستیانە بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستا.

 

دوای هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە، حكومەتێكی كاتیی لە پەرلەمانەوە متمانەی پێدەدرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و چەند ئەركێكی دیاریكراوی دەبێت، بەهار مەحمود وتی"پەنا بۆ هەموو ڕێگا یاساییەكان دەبەین بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە."

 

ئەو لایەنانەی داوای حكومەتی كاتیی دەكەن، دەیانەوێت ئەم ئەركانەی لە ئەستۆبێت؛ باشكردنی بژێوی خەڵك‌و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆچارەسەری كێشەكان، ئامادەسازی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێكی‌ پاك‌و بێگەرد بە چاودێری‌ ڕێكخراوە بیانییە تایبەتمەندەكان، لەگەڵ تەواوكردنی ڕەشنوسی دەستور بە جۆرێك سیستمی پەرلەمانی تێدا جێگیر بكرێت‌و ئامادە بكرێت بۆ ڕاپرسی.

 

پسپۆڕێكی سیاسی ئەوەدەخاتەڕوو، حكومەتی ئێستا سەرباری "شكستی گەورە" بەڵام هێشتا كێشەكانی بەردەوامن‌و شەڕ بەردەوامە، ئەو حزبانەشی حكومەت بەڕێوەدەبەن سەرچاوەی هێزیان بەدەستەوەیەو پێشمەرگە بەدەست ئەوانەوەیە، لەبەرئەوە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی نوێ"جگەلە هەوڵێكی سیاسی ناگات بە ئاكام."

 

د.كامەران مەنتك، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین، بۆ پەرەگراف باسیلەوەشكرد، ئەو حزبانەی حكومەت بەڕێوەدەبن هێشتا خۆیان بەدۆڕاو نازانن‌و پڕۆسەكە نەگەشتۆتە كۆتایی، وتی"ئەگەر گۆڕانكاریی بە ئاقارێك بڕوات هێز لەدەستی ئەواندا نەمێنێت، ئەوەدەكرێت حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەم حكومەتە هەڵبوەشێننەوە بۆئەوەش پێویستیان بە دەنگی پێویستی پەرلەمانتارانە‌و ناتوانن دەنگی پێویست كۆبكەنەوە، لەبەرئەوە هەوڵەكە زیاتر بۆ ڕایگشتییە نەك بۆ جێبەجێ كردن."

 

هەریەكە لە پارتی‌و یەكێتی بە فەرمی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕەتدەكەنەوە، بەڵام لەناو یەكێتیدا هەندێك بەرپرس پشتیوانیی ئەو داوایە دەكەن، وەك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری كە 22ی ئەم مانگە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان كە پەرەگراف ئامادەی بوو، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو حكومەتە ڕاگەیاند‌و بە پێویستی زانی پێكبهێنرێت.

 

داوای حكومەتێكی نوێ لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەغدا لەوپەڕی ئاڵۆزیدان، بەوتەی لاهور شێخ جەنگی بەغدا ئامادەنییە لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای حكومەتی هەرێم گفتوگۆبكات، هەربۆیە "پێویستە دەموچاوی نوێ" بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

 

هاوكات ئێران كە كاریگەریی هەیە بەسەر ڕووداوەكانی عێراق‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، هانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەدات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی كاتیی و دیاریكردنی شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بۆئەوەش گرەنتی سەرخستنیانی داوە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە.

 

پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە "ئێران لە دوو ڕێگەوە پارتی‌و بەتایبەت ماڵی مەسعود بارزانی‌و ناوچەكانی ژێردەسەڵاتیان ناچاردەكات لەگەڵ حكومەتی كاتییدابن‌و ڕۆڵیشیان لاوازبێت، ڕێگەی یەكەم گەمارۆدانی تەواوی ئابوریی‌و وشككردنی سەرچاوەی داهاتە، ڕێگەی دووەم بەكارهێنانی هێزە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە."