ئەمەریكا پێشوازیی لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دەكات

25-10-2017 07:02
هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

 

پەرەگراف

 

ئەمەریكا پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دەكات كە تێیدا داوای ڕاوەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان‌و دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدای كردبوو، هاوكات پێشنیاری كردبوو ئەنجامی ڕیفراندۆم سڕ بكرێت.

 

لە كاردانەوەی ڕاگەیەندراوەكەی شەوی ڕابردووی حكومەتی هەرێمدا، هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە تویتەری فەرمیی خۆی ڕایگەیاند"ئێمە پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ‌و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان‌و دەستپێكردنی گفتوگۆ." 

 

شەوی ڕابردوو حكومەتی هەرێم سێ پێشنیاری ئاڕاستەی حكومەت‌و ڕای گشتی عێراق‌و جیهان كرد، كەتێیدا هاتووە"ڕاگرتنی دەستبەجێی تەقەكردن و هەموو جۆرە كردارێكی سەربازی لە هەرێمی كوردستان. سڕكردنی ئاكامی ڕیفراندۆم كە لە كوردستانی عیراق ئەنجام درا. دەستپێكردنی دیالۆگی كراوە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستووری عیراق."

 

پێشنیازەكانی حكومەتی هەرێم دوای شەڕو ئاڵۆزیی‌و پێشڕەوییەكانی هێزە عێراقییەكان دێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچە جێ ناكۆكەكان كە لە 16ی ئەم مانگەوە دوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك بەردەوامە.

 

"ئەو بارودۆخە گرژ و مەترسیدارەی ڕووبەڕووی عیراق و كوردستان بۆتەوە، هەمووان ناچار دەكات لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی مێژووییدا بین و ڕێگا نەدەین بارودۆخەكە زیاتر بەرەو شەڕ و پێكدادان بچێت لەنێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەدا"حكومەتی هەرێم وادەڵێت.

 

یەكێك لە پێشنیازەكانی حكومەت سڕ كردنی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولە كە تێیدا ناوچە جێ ناكۆكەكانیش بەشداربوون‌و زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سیاسی كوردستان كە هەمان حزبەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمن‌و ئێستا لەژێر ئەو ناوەدا بەردەوامن، حكومەتی هەرێم پێشنیاری سڕكردنی ڕیفراندۆمی خستوەتەڕوو، ئەوەش لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و ئەو ئەنجومەنە ڕۆڵی سەرەكییان هەبوو لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا.