بینالی یڵدرم: كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك بەلامانەوە گرنگ بوو

25-10-2017 07:22
ئەنكەرە، 25-10-2017، عەبادی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا. فۆتۆ: ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا بەپێویستی دەزانێت بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم ڕوبەڕوی سزا بكرێنەوە‌و ئامادەیی بۆ هاوكاریی لە وەرگرتنەوەی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل لەلایەن عێراقەوە پیشاندا، گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندیش بۆ كەركوك بە گرنگ دەزانێت.

 

وتەكانی یڵدرم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی چەند پرسێك تایبەت بە هەردوو وڵات، لە نێویاندا كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاوەكانی بەغدا.

 

سەرۆكوەزیرانی توركیا هەنگاوەكانی عەبادی بە بوێرانە وەسفكرد‌و پاڵپشتی خۆی بۆ نیشاندا، جەختیكردەوە لەوەی وڵاتەكەی بەبێ‌ دوودڵی دژی هەر پێشهاتێكە كاریگەری لەسەر یەكپارچەیی عێراق هەبێت.

 

هەروەها كۆنتڕۆڵكردنەوە‌و سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە كەركوك بە گرنگ زانی‌و داوایكرد، سیستمێكی ئەمنی‌و ئیداری پەیڕەو بكرێت كە لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكەدا بگونجێت.

 

یڵدرم بەپێویستی زانی لە ڕێكارەكاندا هاوڵاتیان نەكرێنە ئامانج‌و پێیوایە، دەبێت ئەو كاربەدەستانەی بڕیاری ریفراندۆمیان داوە ڕوبەڕوی سزا بكرێنەوە.

 

سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لە پەیوەندی بارزگانی بەغدا‌و ئەنكەرە كردەوە‌و بە مافی عێراقی زانی، دەست بەسەر هەناردەی نەوت‌و دەروازە سنورییەكاندا بگرێت بەپێی دەستور، ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا، هاوكاری پێویست پێشكەش بكات تا عێراق بتوانێت ئیدارەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەربگرێت.

 

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سوپاسی توركیای كرد بۆ پاڵپشتی لە یەكپارچەیی عێراق‌و ئاماژەی بەوەدا، وەكو وڵاتی دراوسێ‌ ئامانجیانە پەیوەندییە سیاسی‌و بازرگانییەكان زیاتر پێشبخەن.

 

هەر ئەمڕۆ عەبادی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبووەوە‌و دوای نیشاندانی پاڵپشتی ئەنكەرە لەلایەن ئەردۆغانەوە، جەختیكردەوە لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی‌و ڕەتیكردەوە شەڕی دژ بە گەلی كورد بكەن.

 

سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ توركیا دوای ئەوەدێت، كەركوك‌و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك، هەفتەی ڕابردوو لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوە.