ڤیدیۆو وێنەو زانیاریی لەبارەی ئەو موشەكەی پێشمەرگە كە لەشەڕی پردێ عێراقییەكانی هەراسانكردبوو

27-10-2017 02:47
بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی پردێ لەگەڵ حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق جۆرە موشەكێكی دژەتانكیان بەكارهێنا كە كاریگەریی زۆری هەبووەو ئۆتۆمبێلە درعەكانی تەقاندووەتەوە، بەجۆرێك عێراقییەكان وایان زانیوە چەكی میلانی ئەڵمانییە بەكارهاتووە.

 

موشەكەكە ناوی مالیۆتكا (Malyutka)یە، جۆرە موشەكێكی ئاڕاستەكراوەو دروستكراوی ڕوسیایە، وردە لە پێكانی ئامانجەكەیداو ئۆتۆمبێلی سەربازیی گولـلە نەبڕ دەتەقێنێتەوە.

 

هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەكانی پردێ-وە 20ی ئەم مانگە ئەو موشەكەیان ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلە گولـلە نەبڕەكانی هێزە عێراقییەكان كردووە كە دەیانوسیت پێشڕەویی بكەن، وەك پێشمەرگەكان دەڵێن، بەكارهێنانی ئەو موشەكە كاریگەریی زۆری هەبووە لەو شەڕەداو ئۆتۆمبێلە سەربازییە گوللـە نەبڕەكانی تەقاندووەتەوەو ترسی خستووەتە دڵی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان.

 

 

بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

موشەكی مالیۆتكا لە 1963 دروستكراوەو تائێستا چەندجارێك پەرەی پێدراوە‌و لە نێوان 500 مەتر بۆ 3 كیلۆمەتر ئامانجەكەی دەپێكێت.

 

ڕوبەڕوبوونەوەكەی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان لەپردێ سەختترین شەڕ بوو لەوكاتەوەی هێزە عێراقییەكان پێشڕەوییان دەستپێكرد بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان‌و لە 16 ئەم مانگە توانییان كەركوك كۆنتڕۆڵ بكەن‌و ڕۆژانی دواتریش تەواوی ئەو ناوچانەیان خستەژێر دەستی خۆیان، ئەوەش دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام تائێستاش نەیانتوانیوە تەواوی ناحیەی پردێ كۆنتڕۆڵ بكەن.

 

ڕێبین ڕۆژبەیانی، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، بۆ پەرەگراف گرنگیی موشەكی مالیۆتكا دەخاتەڕوو، وتی"ئەم چەكە ڕوسییەو لە میلانی ئەڵمانی زیاتر دەڕوات، بەتایبەت دژی چەكی ئەمەریكی دروستكراوە."

 

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە كە خۆی بەشداربووە لە شەڕی پردێ، باسیلەوەكرد، "لای پردەكەی پردێ بەو چەكە لە هامەرێكی هێزە عێراقییەكانمانداو تێكیشكاند، ئەوەش بە تەواوی ورەی چەكدارانی حەشدو سوپای عێراقی دابەزاند، دوو هامەری دیكە لە خوارتربوون كە ئەوەیان بینی كشانەوە."

 

وەك ڕێبین ڕۆژبەیانی دەڵێت، بەكارهێنانی ئەو چەكە ڕوسییە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە زۆر گرنگ بووەو لە توانایدا هەیە زۆربەی ئۆتۆمبیلە سەربازییە درعەكانی حەشدو سوپای عێراق تێكبشكێنێت، بەوپێیەی ئەو ئۆتۆمبیلانە ئەمەریكین‌و بۆ شەڕی داعش دراون بە عێراق، بەڵام ئەوان دژی پێشمەرگە بەكاریدەهێنن.

 

 

بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، لە شەڕی پردێدا "هێزەكانی پێشمەرگە ئازایانە پارێزگاریان لە كوردستان كرد لەبەرامبەر هێرشەكان، راپۆرتە سەرەتاییەكانمان ئەوە دەردەخەن كە 10 هەمڤی ئەمریكی و 2 تانك و تانكێكی جۆری ئابرامز ئێم وەن، تێكشكێندراون. ئەو چەكانە بۆ ئەو ئامانجە بە هێزەكانی عێراق درابوون تا لە دژی داعش بەكاریانبهێنن، كەچی ئێستا لەلایەن هێزەكانی عێراق‌و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە دژی خەڵكی كوردستان بەكاردێن."

 

دوای شەڕەكەی پردێ‌و بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، پێشمەرگە لەو شەڕەدا چەكی میلانی بەكارهێناوە، بەڵام فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای كەركوك-پردێ ئەوەی ڕەتكردەوە.

 

"تۆمەتی بەكارهێنانی چەكی میلان ڕەت دەكەینەوە، بەڵام ئێمە دەپرسین: میلیشیایەكی وەك حەشدی شەعبی، تانكی ئابرامز و T72 و هەمەر و چەكی پێشكەوتووی ڕۆژئاوایی لەكوێ بوو و بە چ مافێك دژی گەلی كوردستان بەكاری دەهێنێت؟" فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك-پردێ لە ڕاگەیەندراوێكدا وای وت.

 

چەكی میلانی ئەڵمانیی، بۆ شەڕی دژی داعش دراوە بە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەڵمانیاوە، میلان موشەكێكی پێشكەوتووەو كاریگەریی زۆری هەبوو لە تێكشكاندنی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە.

 

بەكارهێنانی موشەكی مالیۆتكا لەلایەن پێشمەرگەوە لە شەڕی پردێ، 20-10-2017. ڤیدیۆ: فازڵ هۆرامی.