محەمەد تۆفیق ڕەحیم: زۆرینەی زۆرمان لەگەڵ كشانەوەین لە حكومەت‌و جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لێدەدات

01-02-2017 02:15
محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان. فۆتۆ: پەرەگراف

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لەناوخۆیاندا پرسی كشانەوەیان لە حكومەتی هەرێم تاوتوێ كردووەو زۆرینەی زۆریان لەگەڵ كشانەوەدان‌و جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكەی بڕیار لەوپرسە دەدات.

 

ئەو وتانەی محەمەد تۆفیق ڕەحیم، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا دێت لەگەڵ پەرەگراف كە ئێوارەی ئەمڕۆ دەقەكەی بڵاودەكرێتەوەو تێیدا لەبارەی چارەسەری كێشەكان‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و پرسی دەوڵەتی كوردی‌و كشانەوەیان لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان، وەڵامی پرسیارەكانی پەرەگراف دەداتەوە.

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، لەبارەی باسكردنی پرسی كشانەوەیان لەحكومەتی هەرێم لە ناوخۆی گۆڕاندا، دەڵێت"گفتوگۆدەكرێت، زۆرینەی زۆر لەگەڵ ئەوەدان بكشێینەوە." ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە خۆشی لایەنگری كشانەوەی حزبەكەیەتی لەحكومەت، دەشڵێت" لەڕوی جەماوەرییەوە كشانەوەمان باشترە."

 

بزووتنەوەی گۆڕان بۆیەكەمجار لەساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمان كە 11یان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە، لەساڵی 2013شدا گۆڕان توانی 24 كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.

 

ئەو بزووتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013 بەشداریی لەحكومەتدا كردو بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دوورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.

 

هەرچەندە وەك محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی، ئەوان ئێستا لە حكومەتدا نین، بەڵام هێشتا بەفەرمی نەكشاونەتەوە هەرچەندە وەزیرو بەرپرسەكانیان لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت، ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان دەڵێت، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بكشێنەوە، بەڵام جڤاتی نیشتیمانی بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەو حزبەدا، وەك محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەڵێت" لەناو جڤاتدا بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگ دەدرێت‌و دەبێت لەوێ بڕیار بدرێت."