بارزانی: بەردەوام بوون لە سەرۆكایەتی هەرێم ڕەتدەكەمەوەو وەك پێشمەرگە بەردەوام دەبم

29-10-2017 04:34
مەسعود بارزانی ماوەی 12 ساڵە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدایە. فۆتۆ: سوركێو محەمەد.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی لە نامەكەیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەردەوام بوونم لەم پۆستە ڕەتدەكەمەوەو نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە یان تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین كات كۆببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای لەئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەربكرێت.

 

نامەكەی بارزانی دوێنێ گەیشتە پەرلەمان‌و ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا خوێندراوەتەوەو لە ئێستا پەرلەمان بە ئامادەبوونی تەواوی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوەدایەو بڕیارە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دابەشبكرێن بەسەر هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن‌و دادوەریی.

 

بارزانی لە نامەكەیدا دەشڵێت"منیش وەكو مەسعود بارزانی پێشمەرگە، لەناو جەماوەری گەلەكەمان و پێشمەرگە ئازیزەكان لەخەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان‌و پارێزگاریكردن لەدەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەردەوام دەبم."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم تائێستا بارزانی ماوەتەوە لە پۆستەكەیدا.

 

هەرچەندە بڕیاربوو 1-11-2017 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت‌و پێشتر بارزانی ڕایگەیاندبوو نەخۆی‌و نەهیچ خزمێكی كاندید ناكات، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی پێشوویدا 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكانی دواخست.

 

دەقی نامەكەی بارزانی

 

بەڕێز سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

 

سڵاوێكی گەرم

 

بەپێی فەرمانی هەرێمی (128) لە 12-7-2017 داوامان كردووە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم لە رۆژی (1-11-2017) ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر هۆكاری سیاسی و ئەمنی و تەكنیكی و نەبوونی كاندید، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی ئامادەكارییەكان بۆ هەردوو هەڵبژاردن هەڵپەسێردرا

 

لە (24-10-2017) لە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو خولی یاسادانان درێژكراوەتەوە.

 

سەبارەت بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەدوای 1-11-2017 بەردەوام بوونم لەم پۆستە رەتدەكەمەوە و نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە یان تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین كات كۆببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای لەئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەربكرێت.

 

منیش وەكو مەسعود بارزانی پێشمەرگە، لەناو جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان و پێشمەرگە ئازیزەكان لەخەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لەدەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەردەوام دەبم.

 

مەسعود بارزانی
28-10-2017