وازهێنانی بارزانی بەمێزكوتان، پەلاماری ڕۆژنامەنوس‌و پەرلەمانتاردا تێپەڕی

30-10-2017 02:06
لە پەرلەمانی كوردستان لە دۆخێكی پڕ لە ئاڵۆزییدا نامەی وازهێنانی بارزانی خوێندرایەوە. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیی لە نێو هۆڵی كۆبوونەوە‌و دەرەوەی باڵەخانەكەیدا كۆبووەوە، بۆ خوێندنەوەی نامەی وازهێنانی بارزانی‌و دابەشكردنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

لەو دانیشتنە داخراوەی پەرلەماندا دوانیوەڕۆی یەكشەممە 29-10-2017، بە ئامادەبونی هەموو فراكسیۆنەكان نامەیەكی مەسعود بارزانی خوێندرایەوە‌و تێدا ڕەتیكردۆتەوە بەردەوامبێت لە پۆستەكەیی‌و دواتر، بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

 

پەلاماردانی پەرلەمانتار

 

لە یەكەم ئاڵۆزی نێو پەرلەمانی كوردستان، بە بەرچاوی هەموو میدیاكانەوە‌و لە كاتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، هێرشكرایە سەر پەرلەمانتارێكی كوردستان.

 

ڕابون مەعروف، پەرلەمانتار‌و (پێشتر لە فراكسیۆنی گۆڕان دورخرایەوە) وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە ئەدای چەند ساڵی ڕابردووی دەسەلاتدارێتی بارزانی كرد‌و ئاماژەی بە ڕووداوەكانی كەركوك‌و كشانەوەی فەرماندە سەربازییەكان كرد.

 

لە كاتی ئەو قسانەدا، هەندێك كەس بە دەنگی بەرز تۆمەتباریانكرد بە قسەی نەشیاو و خراپ باسكردنی پێشمەرگە، هەرچەندە ئەو ڕەتیكردەوە، بەڵام دواتر پەلاماریان دا‌و لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە دورخرایەوە.

 

ئاڵۆزی ناو هۆڵی كۆبوونەوە

 

بە ماوەیەكی كەم دوای دەستپێكردنی دانیشتنە ئاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەداخراوی، ئاڵۆزی لە كاتی خوێندنەوەی نامەكەی بارزانی سەریهەڵدا‌و بەهۆیەوە بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك، كۆبوونەوەكە ڕاگیرا.

 

بەپێی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان، فراكسیۆنی ئەو بزووتنەوەیە ناڕەزاییان دەربڕیووە بەهۆی ئاگادارنەبونیان لە بەرنامەی كار‌و ئەو پرۆژە یاسایەی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئامادەكرابوو.

 

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی یەكێك لە پەرلەمانتارەكان تۆماری كردووە لەكاتی ئاڵۆزییەكاندا‌و لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوكراوەتەوە، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان بە تایبەت گۆڕان، دەەگی ناڕەزایی بەرزدەكەنەوە لە دانیشتنەكەدا‌و بە توندی دەكێشن بە مێزەكانی بەردەمیاندا.

 

هەر بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە، لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت بۆ 24 كاتژمێر بۆیان نییە بچنەوە دانیشتنەكەی پەرلەمان، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی ناڕەزایی دەردەبڕن، ڕەتیدەكەنەوە هۆڵەكە جێبهێڵن.

 

هێرشی سەر پەرلەمان‌و لێدان لە ڕۆژنامەنوس

 

چەند كاتژمێرێك دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكەی پەرلەمان، ژمارەیەك هاوڵاتی لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان كۆبوونەوە بۆ ناڕەزایی دژی قسەكانی ڕابون مەعروف‌و بە خراپ باسكردنی پێشمەرگە تۆمەتباریان كرد.

 

ناڕازییەكان دوای ماوەیەك بەربەستی ئەمنیی پاسەوانەكانیان بڕی‌و گەیشتنە حەرەمی پەرلەمان، وەكو لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، دار‌و ئاسن‌و چەند كەرەستەیەكی تریان بە دەستەیەوە‌و بە دەم چەند دروشمێكەوە، بەرەو هۆڵی پەرلەمان ڕۆیشتن.

 

سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆكی سەنتەری پەی بۆ چاودێری كارەكانی پەرلەمان لە ناو پەرلەمانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەكی زۆر خەڵكی نەناسراو هاتنەە ناو پەرلەمان‌و بەر دەرگای هاتنە ناو بینای پەرلەمان."

 

وتیشی"دۆخەكە شڵەژابوو، ئەو كەسانەی هاتنە ناوەوە دەیانویست گرفت بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان دروستبكەن."

 

خۆپیشاندەران، لە یەكەم هەنگاوی ناو پەرلەمان بە دار پەلاماری تیمێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یان دا‌و لێیاندان، دواتر‌و بەپێی میدیاكانی كەی ئێن ئێن‌و ڕۆژنیوز، هێرشكراوەتەسەر تیمە ڕۆژنامەوانییەكانی ئەوانیش.

 

ڕێناس عەلی، پەیامنێری ئێن ئاڕتی دەڵێت كاتی گردبونەوەی ناڕازییەكان هیچ هێزێكی چالاكی مەدەنی‌و هێزی دیكە لەبەر دەرگای پەرلەمان نەبوون، بۆ (كەركوك ناو) وتی "من بەزۆر ڕزگارم بوو، بەڵام ئەو ژمارە زۆرە بۆ لێدان لە ڕابوون مەعروف‌و كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی‌و كەی ئێن ئێن هاتبوون."

 

(كەركوك ناو) پەیوەندیكرد بە عەبدلوستار، بەرپرسی ئاسایشی ناو پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بە پاساوی سەرقاڵی ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

 

بەهۆی هێرشی ناڕازییەكانەوە، چەند رۆژنامەنوسێك برینداربوون‌و زیانی زۆریش بەر كەرەستە میدیاییەكانیان كەوت.

 

ئارام بۆرە، یەكێك بووە لەو ڕۆژنامەنوسانەی كاتی هێرشەكە لە نێو پەرلەماندا بووە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت "لەپڕ خەڵكێكی زۆر هاتنە ناو پەرلەمان كە داریان بە دەستەوە بوو، لەپەیامنێرانی ئێن ئاڕتی‌و كەی ئێن ئێن-یان دا.. دواتر ڕۆژنامەنووسان شڵەژان‌و هەڵاتن."

 

بەشێك لە ڕۆژنامەنوسەكان بەرەو سەنتەری میدیایی پەرلەمان ڕۆیشتون، بەشێكیان بۆ دەرگای پشتەوەی پەرلەمان‌و ئەوانی دیكەش كەوتنە ناو هێرشبەرەكانەوە، دواتر بۆ بڵاوەپێكردنی ناڕازییەكان لەنێو حەرەمی پەرلەماندا تەقە كرا.

 

كاردانەوەكان

 

ڕووداوەكانی ناو پەرلەمان چەندین كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا‌و لە یەكەم پەیامیشدا، سەرۆكی پەرلەمان بە توندی ئیدانەی هێرشەكانی كرد.

 

یوسف محەمەد لە پەیامەكەدا دەڵێت "كۆمەڵێ بەڵتەجی‌و كەسانی تێكدەر، دوور لە هەمو بەهایەكی مرۆیی و بە هاندانی حیزبیی هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پەرلەمان‌و بە بێ هیچ ڕێگرییەكی هێزە ئەمنییەكان، پەلاماریی پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسانیاندا."

 

لەبارەی پەلاماردانی ڕۆژنامەنوسانیشەوە، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا وێڕای ئیدانە كردن‌و ئەو هەنگاوەی بە "لوتكەی بێڕێزی بوو بە یاسا" ناوبرد، كاتێك "كۆمەڵێك تیڵاوەشێن‌و چەقۆ بەدەست بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە حەرەمی پەرلەمانی كوردستانیان شكاند و پەلاماری بەشێك لە پەیامنێری كەناڵەكانیان دا."

 

هاوكات خەڵەف غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی جەختیكردەوە ئەوەی ڕوویدا تەواو نایاسایی بووە‌و ڕێگەنادەن، پشێوی لەو جۆرە بەردەوامی هەبێت.

 

كۆتایی دانیشتنەكەی پەرلەمان

 

پەرلەمانی كوردستان، دوای چەند كاتژمێرێك لە كۆبوونەوە‌و مشتومڕ، بە زۆرینەی دەنگ یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكرد.

 

هەر لەو یاسایەدا، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی كاركردن بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و خولی پێنجەمی پەرلەمان، كە دەكەوێتە مانگەكانی ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

 

لە دانیشتنەكەی پەرلەمان دەقی نامەكەی مەسعود بارزانیش خوێندرایەوە، كە تێیدا دوای 12 ساڵ مانەوەی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیكردۆتەوە "لەدوای 1-11-2017 بەردەوام بوونم لەم پۆستە ڕەتدەكەمەوە، نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە یان تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە."

 

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمان بكرێت، بەڵام پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ هەشت مانگی تر درێژكردەوە‌و ئەو پڕۆسەیەی دواخست.