بارزانی: خەڵك‌و پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە شكۆی كوردستان دەكەن

30-10-2017 03:53
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی‌و باڵیۆزانی ئەڵمانیاو فەڕەنسا لە عێراق. فۆتۆ: ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕو هەڕەشە‌و خۆسەپاندن‌و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان، خەڵك‌و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت‌و شكۆی كوردستان دەكەن.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆیدا هاتووە لەگەڵ سیریل نان باڵیۆزی ئەڵمانیا و بروونۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق.

 

كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ باڵیۆزانی ئەڵمانیاو فەڕەنسا، دوای ئەوەدێت پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیی لەنێو هۆڵی كۆبوونەوە‌و دەرەوەی باڵەخانەكەیدا دوێنێ كۆبووەوە‌و نامەیەكی بارزانی خوێندرایەوە‌و تێدا ڕەتیكردەوە بەردەوامبێت لە پۆستەكەی، دواتر بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، لە دیدارەكەی بارزانی‌و باڵیۆزانی ئەڵمانیاو فەڕەنسادا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق‌و كوردستان‌و دواین گۆڕانكارییەكان و پەلاماردانی هێزەكای حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقی بۆ سەر كوردستان تاوتوێ كراون.

 

باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە هەڵگری پەیامی دۆستایەتی‌و بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان، "هەر لەو دیدارەدا هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا جەختیان لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە و ڕاشیانگەیاند كە لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە و هەموو جۆرە ڕێككەوتن و دانوستاندنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن و هیوایان خواست كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت."

 

لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی، پەیوەست بە گرژی‌و پێكدادانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە سیاسەتی هەرێم گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشەكانە بە شێوەیەكی ئاشتیانە، وتی"بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕ و هەڕەشەو خۆسەپاندن‌و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان ئەوە خەڵكی كوردستان‌و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت‌و شكۆی كوردستان دەكەن."

 

هەروەها بارزانی ئیجرائات‌و "شەڕفرۆشتن"ی حكومەتی عێراق و میلیشیاكانی بە نایاسایی و نادەستووری وەسف كردووەو ڕایگەیاندووە"بەپێی دەستوور بە هیچ شێوەیەك نابێ هێزی سەربازی بۆ ناكۆكی سیاسی و لەدژی گەلی كوردستان بەكار بهێندرێت."

 

بارزانی تەئكیدیشی كردەوە كوردستان لەگەڵ خوێنڕشتن نییەو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشڕەوی‌و نیەتی خراپی حكومەتی عێراق وای كردووە كە پێشمەرگە بەرگری بكات و شەڕ بكات.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی سەختی نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان لە چەند ناوچەیەكی سنوریی نێوان هەرێم‌و عێراق ڕوویدا، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە عێراقییەكان پێشڕەوییان دەستپێكرد بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان‌و لە 16 ئەم مانگە توانییان كەركوك كۆنتڕۆڵ بكەن‌و ڕۆژانی دواتریش تەواوی ئەو ناوچانەیان خستەژێر دەستی خۆیان، دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.