هەڵوێستی فەرمیی ئەمەریكاو بەریتانیا لەبارەی وازهێنانی بارزانی

30-10-2017 06:54
بارزانی دوای 12 ساڵ وازی لە سەرۆكایەتی هەرێم هێنا. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ئەمەریكاو بەریتانیا پێشوازیی لە بڕیاری وازهێنانی بارزانی دەكەن لە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ستایشی دەكەن لە شەڕی دژی تیرۆر، داوای گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغداش دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان.

 

پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیی لەنێو هۆڵی كۆبوونەوە‌و دەرەوەی باڵەخانەكەیدا دوێنێ كۆبووەوە‌و نامەیەكی بارزانی خوێندرایەوە‌و تێدا ڕەتیكردەوە بەردەوامبێت لە پۆستەكەی، دواتر بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

 

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی بارزانیدا، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دەستخۆشی لە بڕیاری مەسعود بارزانی دەكات، كە نەیویست بۆ خولێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

 

هەروەها ئەمەریكا دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی بەسەر دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمدا، دەشڵێت"سەرۆك بارزانی كەسایەتییەكی مێژوویی‌و سەركردەیەكی ئازای گەلەكەیەتی، لەوانەش لە شەڕی هاوبەشمان بۆ تێكشكاندنی داعش. بڕیارەكە ئاماژەیە بە كارێكی دەوڵەتمەداری لەماوەی قۆناخێكی سەختدا."

 

هێزەر ناوێرت ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئێستا ئەمەریكا چاوی لەوەیە چالاكانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیران‌و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران كار بكات، باسلەوەشدەكات حكومەتێكی هەرێمی كوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو و فیدڕاڵدا بۆ سەقامگیریی ماوەدرێژی خۆی‌و تێكشكاندنی بەردەوامی داعش پێویستە.

 

"داوا لە تەواوی پارتە كوردییەكان دەكەین پاڵپشتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، كە كاردەكات بۆ چارەسەركردنی پرسە یەكلایینەكراوەكان لەو ماوەیەی دەسەڵاتەیدا كە ماویەتی و هەروەها بۆ ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكان لە 2018دا" ئەمەریكا وادەڵێت، دەشڵێت"داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر سەركردایەتییە نوێكەیدا دەكەین، بە خێرایی كاربكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو، بارزانی دەیتوانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام ڕەتیكردەوەو دەستبەرداری پۆستەكەی بوو.

 

هەرچەندە بڕیاربوو 1-11-2017 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت‌و پێشتر بارزانی ڕایگەیاندبوو نەخۆی‌و نەهیچ خزمێكی كاندید ناكات، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی پێشوویدا 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكانی دواخست.

 

لەلایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشوازیی لە وازهێنانی مەسعود بارزانی دەكات‌و ناوەڕۆكی پەیوەندی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ هەریەكە لە حەیدەر عەبادی‌و نێچیرڤان بارزانی ئاشكراكرد كە دوێنێ ئەنجامدراوە.

 

بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت"هانی هەردوو لام دا بۆ بەردەوامبوون لە هێوركردنەوی بارودۆخەكە لە سەر گۆرەپانی عێراق‌و دووركەوتنەوە لە ناتێگەیشتنەكان كە دەبێتە هۆی ناكۆكی. بەریتانیا پێشوازی لە ئامادەیی حكوماتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەنجامدانی دایەلۆگ لەسەر بنچینەی دەستووری عێراقی. بەریتانیا هانی هەردوو لا دەدات بۆ ڕێككەوتن لەسەر خشتەیەك بۆ گفتوگۆكان."

 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا تەئكید لە بەردەوامی هاوكاریی وڵاتەكەی دەكات بۆ كورد لەناو عێراقێكی یەكگرتوودا، دەڵێت"دوێنێ، مسعود بارزانی خانەنشین بوو لە وەزیفەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق. ئێمە پێشوازی لەو دەرفەتەی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە دەبێتە ڕێگە خۆشكەرێك بۆ گواستنەوەی بۆ نەوەیەكی نوێی كوردەكان. ئەوان پێویستە كە دامودەزگایەكی دیموكراتی بەهێز دابمەزرێنن‌و چارەسەری ناكۆكیە لە مێژیینەیەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بكەن لە چوارچێوەی دەستوری عێراق. ئەوان پاڵپشتیەكی تەواوی بەریتانیایان دەبێت."

 

بۆریس جۆنسۆن ئاماژەبەوەشدەكات، حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم هاوكارێكی بەهێزی بەریتانیا بوون لەم چەند ساڵەی دوایدا‌و پێكەوە شەڕی داعشیان كردووە، دەشڵێت"من دەمەوێت ستایشی خۆم بگەیەنم بە سەرۆكی پێشوو، سەركردایەتی بارزنی لەو شەڕەدا، بۆ خزمەتی چەندین ساڵەی بۆ خەڵكی كوردستانی عێراق‌و ڕۆڵ بینینی لە دامەزراندنی عێراقی نوێ."