سەرۆك وەزیرانی توركیا وازهێنانی بارزانی بە ناچاریی‌و باجدانی ڕیفراندۆم ناو دەبات

31-10-2017 08:29
مەسعود بارزانی‌و بینالی یڵدرم.

 

پەرەگراف

 

سەرۆك وەزیرانی توركیا وازهێنانی مەسعود بارزانی بە ناچاریی‌و باجدانی ڕیفراندۆم ناو دەبات، دەشڵێت، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕادەستی حكومەتی بەغدا كراوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم ڕەتیدەكەنەوە هیچ هێزێكی عێراقی لە دەروازەكە بوونی هەبێت.

 

بینالی یڵدرم، لە میانی وتارێكدا كە لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، جارێكی دیكە ڕیفراندۆمەكەی كوردستانی ڕەتكردەوەو بە "بەتاڵ" ناوی برد‌و ئەوەی خستەڕوو، پێشتر وڵاتەكەی وتویەتی دانی پێدا نانێت‌و پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی ناوەندییدا دەبێت‌و پێویستە هەموو فڕۆكەخانەكان‌و دەروازە سنورییەكان بچنەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی ناوەندیی، وتیشی"وتمان ئەوانەی ڕیفراندۆم ئەنجامدەدەن دەبێت باجەكەی بدەن. چی ڕوویدا؟ وتمان ئەمانە ناتوانن لە بەڕێوەبردن بەردەوام بن. چی ڕوویدا؟ ناچار بوون وازبهێنن."

 

ئەو وتەیەی یڵدرم لەكاتێكدایە، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی ڕەتیكردەوە لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوام بێت، پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیدا 29ی ئەم مانگە كۆبووەوە‌و نامەی وازهێنانی بارزانی خوێندرایەوەو دواتر بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو، بارزانی دەیتوانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام ڕەتیكردەوەو دەستبەرداری پۆستەكەی بوو.

 

هەرچەندە بڕیاربوو 1-11-2017 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت‌و پێشتر بارزانی ڕایگەیاندبوو نەخۆی‌و نەهیچ خزمێكی كاندید ناكات، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی پێشوویدا 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكانی دواخست.

 

سەرۆك وەزیرانی توركیا لە وتارەكەیدا باسیلەوەشكرد لە ئێستاوە هەموو ئاڵوگۆڕەكان لە دەروازەی سنوریی خابوور لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێن، "لە بەشی توركیا لە خابوور كارمەندانی ئێمەو لەوبەریش لە دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل، كارمەندانی بەغدا بوونیان دەبێت. بەمەیش وەك لە سەرەتاوە گوتمان هەموو تایبەتمەندیەكان جێبەجێكران."

 

بارزانی ئاڵا هەڵگری ڕیفراندۆم بوو، لەگەڵ ئەوەی بەغداو وڵاتانی چواردەورو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی بوون، بەڵام 25-9 لە وادەی خۆیدا ئەنجامدراو زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق دەنگیاندا.

 

لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمدا حكومەتی ناوەندیی، زنجیرەیەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، هەر لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان تا گەڕانەوەی هێزی سەربازیی عێراقی بۆ كەركوك‌و تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان.

 

هەرچەندە توركیا هاوشانی ئێران هەرلە سەرەتاوە دژی ڕیفراندۆم بوو، بەڵام هەنگاوی كرداریی دژی كوردستان نە نا، تا ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ڕادەستكردنی ئیبراهیم خەلیلی بە عێراق ڕاگەیاند.

 

یڵدرم، باسیلەوەشكرد لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا لەگەڵ حكومەتی عێراق پێكەوە دەروازەیەكی دیكەی سنوریی لە زوممارو تەلەعفەر دەكەنەوە، لەبارەی ئیبراهیم خەلیل وتیشی"ئەو ڕادەستكردنە بێ هیچ بەربەستێك‌و بە ئارامی‌و زۆر بێ كێشە ئەنجامدرا. بەو شێوەیەش كۆنتڕۆڵی باجی ناشەرعی و خەرجیە كەسییەكان لەودیو سنورەوە نامێنێت، ئەو بارهەڵگرانەمان كە دەچنە سنور تا بەغداو بەسرە دەڕۆن‌و بازرگانییەكانیان دەكەن."

 

ئەو هەڵوێستەی توركیا لەكاتێكدایە، پارتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا ئەو وڵاتە هەبووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی ساڵی 2013 ڕێككەوتنێكی 50 ساڵەی لەگەڵ توركیا واژۆكرد دەربارەی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

 

سەرباری وتەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا دەربارەی ڕادەستكردنی ئیبراهیم خەلیل بە حكومەتی عێراق‌، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەو زانیارییانە ڕەتدەكەنەوە.

 

هاوكات پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە چەند میدیایەكی توركی و بیانی هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە هێزێكی هاوبەشی توركیاو عێراق لە دیوی باكوری كوردستانەوە چوونەتە ناو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، وێنەو ڤیدیۆی چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازیش بە ئاڵای عێراقەوە لەناو زاخۆ بڵاوكرایەوە، بەڵام دواتر ڕەتكرایەوە.

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیە بابەكر زێباری، فەرماندەی پێشمەرگەو سوپاسالاری پێشووی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاندووە"تاوەكو ئێستا هیچ هێزێك لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە پێشخابوور و ئیبراهیم خەلیل جێگیرنەكراوە."

 

لەبارەی هێزە بینراوەكەش محەممەد تاهیر، جێگری سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بۆ ڕووداو دەڵێت"ئەمڕۆ عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق لەگەڵ پاسەوانەكانی بە ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕی و چووە توركیا، دواتر گەڕایەوە" هەر ئەو شاندە سەربازییەش ئەمڕۆ سەردانی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆی كردووە.