چیرۆكی دواشەوی وێنەگرەكەی كوردستان تیڤی لە داقوق

01-11-2017 05:50
داقوق/ ساڵی 2016/ ئه‌ركان شه‌ریف، وێنه‌گری سه‌ته‌لایتی كوردستان له‌كاتی روماڵی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ داعش، وێنه‌كه‌ له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه.‌

 

پەرەگراف-كەركوك ناو

 

تەواوی كارەبای ماڵی ڕۆژنامەنووس ئەركان شەریف دەكوژێتەوە، چەند چەكدارێكی دەمامكدار كاتژمێر دووی بەرەبەیان لەسەر دیوارەوە دەچنە حەوشەی ماڵەكەیەوە لە قەزای داقوق، بە توندی لە دەرگای مەدخەلەكە دەدەن، لەگەڵ كردنەوەی دەرگادا ڕۆژنامەنوسەكەی سەتەلایتی كوردستان قۆڵبەست دەكرێت.

 

"تەنها زیان بە خێزانەكەم مەگەیەنن، پارەتان دەوێت، هەرچیتان دەوێت ئامادەم"، ئەمە یەكەم وتەی ئەركان، (49 ساڵ)، دەبێت كاتێك دەرگا لە چەكدارە دەمامكدارەكان دەكاتەوە لە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی خۆرس-ی قەزای داقوق. چەكدارەكان پێیدەڵێن ئەویان مەبەستە نەك پارە.

 

ئەركان شەریف، لە ساڵی 2006ەوە وەك وێنەگر لە سەتەلایتی كوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری دەكرد، خێزاندار بوو و دوو كچ و كوڕێكی هەیە، ئەو شەوە لەلایەن چەكدارەكانەوە دەكرێتە ژورێكی ماڵەكەیەوە و بەر حەربە -چەقۆی سەربازیی– دەدرێت، لەكاتێكدا، ژن‌و منداڵەكانی بە قۆڵبەستكراویی لە ژورێكی تردا دەرگایان لێداخرابوو.

 

بەگوێرەی پشكنینە پزیشكییەكان كە بە (كەركوك ناو) دراون، هەشت حەربە لە سەرو سنگ‌و پشتی ئەركان دراوەو دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.

 

ڕووداوەكە كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی 30-10 ڕوویدا لە داقوق 44كم باشوری كەركوك، كە دانیشتووانەكەی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان، لەگەڵ پێكهاتە ئاینیەكانی كاكەیی، شیعە و سوننە.

 

محەمەد شەریف، براگەورەی ئەركان لە یەكەم ڕۆژی پرسەی ئەركاندا لە هەولێر بە (كەركوك ناو)ی وت"چەكدارەكان دەمامكداربوون، سەرەتا كارەبایان كوژاندۆتەوە، كامێرای چاودێریی ماڵەكەیان لێكردۆتەوە، ئەركانی برام پێی وتوون پارەتان پێدەدەم، ئەوانیش وتویانە بۆ پارە نەهاتووین."

 

چەكدارەكان لایتیان پێبووەو لە ژورێكدا ژن‌و منداڵەكانی ئەركانیان قۆڵبەستكردووەو دەرگایان لێداخستون، محەمەد شەریف دەڵێت "وتویانە نابێت هاواربكەن"، لە ژوورێكی تریشدا بە حەربە لە ئەركانیانداوە.

 

هاوژینەكەی ئەركان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لە ژوورەكەی تر بووین كە دەنگی ئەركان نەما، ئینجا زانیم كوشتویانە و چەكدارەكان ڕۆیشتون"، تەواوكردنی تاوانەكە نزیكەی نیوكاتژمێری خایاندووە.

 

تا كاتژمێر شەشی بەیانی ژن و منداڵەكانی ئەركان هاواردەكەن، تا دراوسێیەكیان گوێی لێدەبێت‌و دەچێتە ماڵی ئەركان، تەرمی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەبینێت‌و دەرگا لە ژن و منداڵەكانی دەكاتەوە، دواتر خەڵكی گەڕەك پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە.

 

 داقوق/30-10-2017/ ته‌رمی ئه‌ركان شه‌ریف له‌ زێدی خۆی له‌ داقوق به‌خاكسپێردراو له‌ هه‌ولێر پرسه‌ی بۆ دانرا، وێنه‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئه‌ركانه‌وه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)

 

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، ئەركان یەكێك بووە لە وێنەگرەكانی بەرەی جەنگی پێشمەرگە دژی داعش، هاوكات وێنەی ڤیدیۆیی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی و هەواڵەكانی قەزای داقوقی بۆ سەتەلایتی كوردستان گواستۆتەوە كە بارەگاكەی لە هاوینەهەواری پیرمامە لە باكوری شاری هەولێر.

 

رۆژی 16ی تشرینی یەكەم كاتێك هێزە عێراقییەكان چوونە ناو قەزای داقوق‌و كەركوكەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەركان شەریف وەك هەزاران خێزانی تری پارێزگاكە ماڵەكەی بەرە و سلێمانی بەجێهێشت، محەمەدی براشی ماڵەكەی بۆ هەولێر گۆاستۆتەوە.

 

سامان محەمەد، برازای ئەركان، وتی "25ی تشرینی یەكەم مامم (ئەركان) تەلەفۆنی بۆ كردین‌و وتی من دەگەڕێمەوە داقوق، وتمان داقوق ئارام نییە چەند ڕۆژێك بوەستە بزانین دۆخەكە چی لێدێت، بەڵام ئەو وتی من كێشەم لەگەڵ كەس نییە و پێشتریش كێشەم بۆ كەس دروستنەكردووەو دەچم وانە دەڵێمەوە."

 

بنەماڵەی ئەركان خەڵكی ڕەسەنی داقوقن و باوكی زیاتر بە كاری كشتوكاڵییەوە سەرقاڵ بووە، لە پاڵ كاری وێنەگری ئەركان بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوباخی سەرەتایی بوو لە گوندی حەوتەغاری نزیك داقوق.

 

سامان بە (كەركوك ناو)ی وت"ئەوەندەی زانیاریمان هەبێت هۆكاری چوونەسەر ماڵی ئەركان دوو خاڵە، یەكەم ڕۆژنامەنووسی پارتی بووە، دووەم كوردە"، هەرچەندە نەیویست زانیاریی تر بڵێت بۆ ئەوەی ژیانی ئەو خزم و كەسوكارەی كە لە داقوق ماون نەكەونە مەترسییەوە.

 

بەڵام محەمەد شەریف برای ئەركان كە خۆی لە 16ی تشرینی یەكەمەوە ئاوارەی هەولێر بووە، وتی "تەنانەت وەك بنەماڵەكەشمان كێشەمان لەگەڵ كەس نەبووە، بە پێچەوانەوە زۆر تێكەڵی هەموو پێكهاتەكان بووین و یارمەتی زۆر خەڵكمان داوە."

 

خێزان و سێ منداڵەكەی ئەركان ئێستا داقوقیان بەجێهێشتووە و بڕیاریانداوە جارێ نەگەڕێنەوە بۆ داقوق.

 

هەرچەندە سەرەتا بە ئەركان دەڵێن پارەمان ناوێت، بەڵام چەكدارەكان بڕی 20 هەزار دۆلاریش لە ماڵی ئەركان لەگەڵ خۆیان دەبەن، لەگەڵ كامێرای وێنەگرتنی سەتەلایتی كوردستان و كامێرای چاودێریی ماڵەكە.

 

خێزانەكەی دەڵێت، كاتێك چەكدارەكان چوونەتە دەرەوەی ماڵ دەنگی تەقەی زۆر هاتووە، دەنگی تەقە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی تشرینی یەكەمەوە بە هەڕەمەكی لەناو قەزای داقوقدا چەندبارە دەبێتەوە.

 

كاروان ئاكرەیی، بەڕێوەبەری سەتەلایتی كوردستان، وتی "ئیشكردن لە پەیامنێران‌و ڕۆژنامەنووسانی ئێمە لە كەركوك دوای هاتنی هێزە عێراقییەكان قەدەغەكراوە، هەموو كارمەندەكانمان هاتوونەتە هەولێر و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینكراوە، تەنیا ئەركان نەبێت كە چووە سلێمانی" وتیشی"تا گەیشتە سلێمانی ئاگاداربووین، بەڵام بێ پرس و ئاگاداری ئێمە گەڕاوەتەوە داقوق چونكە مامۆستا بووە."

 

ئاكرەیی چەكدارانی حەشدی شەعبی بەو ڕووداوە تۆمەتباركرد، “دیارە ئەو چەكدارانە زیاتر لە كامێرا و ڕاگەیاندن دەترسن بەو پێیەی ڕاستییەكان دەخەنەڕوو… ئەو كوشتنە هەڕەمەكی نەبووە، بەڵكو ئامانجدار بووە كە ئەو كەسە كادیری پارتییە و ڕۆژنامەنووسە و كوردە."

 

 

داقوق/ ئەركان شەریف لەگەڵ كوڕ‌و دوو كچەكەیدا لە ماڵەكەی خۆی لەداقوق فۆتۆ: ئەكاونتی ناوبراو لە فەیسبوك

 

بەڵام جەودەت عەساف، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی بە (كەركوك ناو)ی وت “سەتەلایتی كوردستان هیچ بەڵگەیەكی ‌ لەسەر كوشتنی وێنەگرەكەیان لە قەزای داقوق پێشكەش نەكردووە."

 

وتیشی"لەكاتی هەبوونی هەر بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی چەكدارانی حەشد ئەو كارەیان كردبێت، ئەوا فەرماندەیی حەشدی شەعبی بەڵێندەدات هەركەسێك كە تێوەگلابێت لەو ڕووداوە ئەوا‌ پێشكەشی دادگا و لایەنە ئەمنییەكانی دەكەین"، داواشیان لێدەكات هەر بەڵگەیەكیان لایە پێشكەشی بكەن.

 

محەمەد مەهدی بەیاتی، لێپرسراوی لقی باكوری ڕێكخراوی بەدر و یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی وتی"هیچ هێزێكی حەشد لە ناوەندی قەزای داقوقدا نییە تەنیا لە دەوروبەری قەزاكە نەبێت، ئێمە گومانمان هەیە لایەنی دەرەكی بیەوێت كێشە لە نێوان پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركماندا دروستبكات."

 

بڕیارە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر سبەی پێنجشەممە 2-11 بە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی بچنە بەردەم نوسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان و دواتریش كونسوڵخانەكان و داوای پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان بكەن.

 

ئاكرەی وتی "سكاڵا لەسەر بكوژانی ئەركان تۆماردەكەین چونكە ناسراون، ڕەنگە سكاڵاكە لە دادگاكانی كوردستان تۆماربكەین."

 

محەمەد شەریف براگەورەكەی ئەركانیش وتی كە زانیارییان هەیە "بكوژەكان چەكدارانی حەشدی شەعبیی بوون… دەیانناسین كێن و گروپێكی ناسراون"، بێئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت.

 

یەكەم ڕۆژی كوشتنی ئەركان، پۆلیس وتەی لە خێزان و منداڵەكانی وەرگرت، دوێنێ 31-10 جارێكی تر بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوە سەردانی ماڵی ئەركانیان كردووە.

 

سەرچاوەیەكی پۆلیسی داقوق كە لەبەر دۆخی هەستیاری قەزاكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا لێكۆڵینەوەكان ئەنجامیان نەبووە و نە كەس دەستگیركراوە و نە كەس تۆمەتباركراوە."

 

زۆربەی شەوان قەدەغەی هاتوچۆ لە داقوق ڕادەگەیەنرێت و تەقەی هەڕەمەكیش دەكرێت، دوای كوشتنی ئەركان، ماڵی سێ لێپرسراوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە ناوەندی داقوق تەقێنراونەتەوە.

 

سەرچاوەكەی پۆلیس وتی "شەوی 31-10 بۆمبێكی چێنراو لە حەوشەی ماڵێكی توركماندا تەقییەوە، بەڵام تەنیا زیانی گیانی هەبووە."

 

دەربارەی تێوەگلانی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە پشێویی داقوق-دا جەودەت عەساف وتی "هەر لە ‌سەرەتای هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی چەندین تۆمەت بۆ هێزەكانمان دروستكراوە ‌بێئەوەی‌ بەڵگە هەبێت بۆ ئەو تۆمەتانە."

 

ڕۆژنامەنووسێكی كوردی هاوڕێی ئەركان، كە لە زۆركات لە بەرەكانی جەنگ و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكان پێكەوەبوون، وتی "ئەركان كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە، كوڕێكی لەسەرخۆ و بێوەی بووە… دوای ئەو ڕووداوە منیش ئەمڕۆ چوارشەممە 1-11 داقوق جێدەهێڵم، چونكە شەوان ژیانمان نییە بەدەست تەقەكردن و هاتوچۆی چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە."