حوكمڕانیی هەرێم؛ لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی

02-11-2017 05:39
مەسعود بارزانی ڕۆشت‌و نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتەكانی زیاتربوون.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چاوەكان لەسەر جوڵەی نێچیرڤان بارزانی-ن بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری كوردستان‌و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان بەتایبەت ئەوانەی دوای ڕیفراندۆم توشی بووە، ئەوەش دوایئەوەی لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و دادوەریی‌و زۆربەی دەسەڵاتەكانی گواسترانەوە بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵام نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت چی بكات؟.

 

نێچیرڤان بارزانی تەمەن 51 ساڵ، ئێستا دەستیكردووە بە گەڕێكی نوێی سەردانی حزبە كوردستانییەكان‌و دەیەوێت پاڵپشتیی بۆ حكومەتەكەی كۆبكاتەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، لە یەكەم وێستگەی سەردانەكانیدا دوێنێ لەگەڵ ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەوە.

 

جوڵەی سەرۆك وەزیران لە كاتێكدایە حكومەتەكەی لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسی‌و دیبلۆماسیدایە لە ناوخۆی كوردستان‌و لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دەرەوەش، هاوكات هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح داوای هەڵوەشانەوەی‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكەن.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 19 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە.

 

یەكەم كابینەی حكومەت لە ساڵی 1992 بەهاوبەشی یەكێتی‌و پارتی پێكهێنرا‌و لە نیوەی تەمەنیدا شەڕی ناوخۆی بەسەرداهات، دواتر بە دوو حكومەتەوە حوكمی كوردستان كرا تا ساڵی 2006‌و كابینەی پێنجەمی یەكگرتوو كە ئەو مێژووەش بە دەسەڵاتی پەنجا بە پەنجای دوو حزبەكە ناودەبرێت.

 

نێچیرڤان بارزانی ساڵانی 1996 بۆ 1999 جێگری سەرۆك وەزیرانی كابینەی پارتی بووەو لە 1999وە بووەتە سەرۆك وەزیران، هەروەها لەساڵی 2006 بووە سەرۆك وەزیرانی كابینەی یەكگرتوو، تا ئێستا هەرخۆی سەرۆك وەزیرانە جگە لە 2 ساڵ(2010و2011 كە بەرهەم ساڵح لە پشكی یەكێتی سەرۆك وەزیران بووە).

 

لەكۆی 25 ساڵ لە تەمەنی حكومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی 3 ساڵ جێگری سەرۆكی حكومەت‌و 16 ساڵ سەرۆكی حكومەت بووە، ئێستاش دوایئەوەی پەرلەمان 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوە، تەمەنی كابینەی هەشتەمی حكومەتیش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەهەمانشێوە درێژبووەوە، ئەوەش بە زۆربەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە سەرباری دەسەڵاتەكانی خۆی.

 

نێچیرڤان بارزانی یەكێك نەبوو لە كەسایەتییە دیارەكانی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول، هەرچەندە دژایەتیی ڕیفراندۆمی نەكرد، بەڵام لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی ڕیفراندۆمدا بەشداریی نەكرد، ئەوەش بووە مایەی پرسیارو گومانی ئەوەی دروستكرد ئەویش هاوڕای زۆرێكی دیكە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبێت، بەڵام خۆی بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ئەمەی نەدركاند.

 

ئێستاو دوای وازهێنانی بارزانی، نێچیرڤانی برازای بووەتە كەسی یەكەمی هەرێم، لەكاتێكدا بەغدا دژایەتی توندی دەكات‌و وڵاتانی دراوسێش دەرگایان بەڕوویدا داخستووە، بەتایبەت توركیا كە پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری‌و سیاسی لەگەڵ هەرێم‌و خودی نێچیرڤان بارزانیدا هەبوو.

 

سەرۆكی حكومەت دەتوانێت چیی بكات؟

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 25 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا كە ئەو پۆستە نەماوەو بارزانی وازی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكردووە، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی سێ ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، وایكرد پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری لەنێوان هەرێم‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا دروست ببێت‌و ساڵی 2013 گرێبەستێكی 50 ساڵە لە نێوان هەولێرو ئەنقەرە واژۆكراو زۆر كۆمپانیای زەبەلاحی جیهانیی هاتنە كوردستان، بەڵام ئەمانە لە پرسێكی وەك ڕیفراندۆمدا كاریگەرییان نەبوو لە كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر هەرێم.

 

توركیا نەك هەر پشتیوانیی هەرێمی نەكرد، بەڵكو چەندینجار سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی سنورو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كرد كە تاكە سەرچاوەی حكومەتە بۆ موچە، ئەردۆغان وتی"با بزانین ئیدارەی خۆجێی باكووری عێراق لە چ كەناڵێكەوە نەوت بۆ كوێ دەگوازێتەوەو بە كوێی دەفرۆشێت؟ كلیلەكە بەدەست ئێمەوەیە، هەر كە قوفڵی بدەین ئەو كارە تەواو دەبێت."

 

لەگەڵ بوون بە كەسی یەكەمی هەرێم، ئەمەریكا پاڵپشتی بۆ حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی‌و داوایكرد لەناوخۆی كوردستانیش پشتیوانیی بكرێت، هاوكات توركیا جۆرێك لە نەرمیی پیشاندا بۆ دیداری نێوان ئەردۆغان‌و نێچیرڤان، بەڵام هێشتا تاران‌و بەغدا هەڵوێستەكانیان نەگۆڕاوە، بەتایبەت عەبادی سوورە لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم پێش دەستپێكردنی گفتوگۆ، لەكاتێكدا حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری سڕكردنی خستوەتەبەردەم عەبادی.

 

ئەوانە لەسەر ئاستی دەرەوە، بەڵام لەناوخۆ، سەرباری توڕەیی خەڵك‌و موچەخۆران لە حكومەت، هێشتا سێ لایەنەكە(گۆڕان، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی) لە داواكەیان نەكشاونەتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.

 

ڕەخنە ناوخۆییەكان لە حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی دوای ڕیفراندۆم سەریان هەڵنەداوە، بەڵكو بە درێژایی تەمەنی كابینە یەك لەدوای یەكەكان ئەو ڕەخانە بوونیان هەبووەو لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیشدا تووندتربوون بەتایبەت بەهۆی ناشەفافیەت‌و سەروەرنەبوونی یاساو نەبوونی توانای حكومەت بۆ دابەشكردنی موچە، سەرباری ئەوەی بەردەوام ماف‌و ئازادییەكان لە هەرێم لەژێر پرسیارو هەڕەشەدا بوون.

 

لە ئەگەری سەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی ناوخۆو دەرەوە، ڕەنگە بتوانێت هەرێم دەربازبكات لەو قەیرانانەی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ڕوبەڕوی بووەتەوە، بەڵام زەحمەتە لە پرسی چاكسازیی ناوخۆیی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی‌و سەروەری یاسا سەركەوتووبێت، ئەوەش بەپێی ئەزموونی چەندساڵەی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی، ئەو كابینانەی ئەو سەرۆكایەتی كردووە بەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆن(پێش 2009)‌و بە بوونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز(2009-2013) بە بنكە فراوانی‌و بەشداریی سەرجەم لایەنە سەرەكییەكان(2014 تا ئێستا) نەیتوانیوە ئەو چاكسازیی‌و گۆڕانكارییە ناوخۆییانە بكات.