سەركردایەتی یەكێتی چەند پرسێكی تاوتوێ كرد‌و "بڕیاری نەدا"

04-11-2017 07:05
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی. فۆتۆ: كوردسات نیوز.

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی یەكێتی چەند پرسێكی تاوتوێ كرد‌و بەبێ بڕیاردان‌و بە ئاڵۆزیی كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی هێنا، بڕیارە دوو ڕۆژی دیكە لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیار بدات.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ بۆ ماوەی 6 كاتژمێر لە كۆبوونەوەدا بوو، بەستنی كۆنگرەو دۆخی ناوخۆیی‌و هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی‌و گۆڕانكاریی لە پۆستە حكومییەكانی یەكێتی‌و ڕووداوەكانی كەركوك تاوتوێ كراون.

 

بەوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەرەگراف، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار نەدراوە، وتی"دوو ڕۆژی دیكە كۆبوونەوەی تەواوكاریی دەكرێت‌و بڕیار دەدرێت."

 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تاوتوێ كراوە، ئەوەش "ئاڵۆزیی دروست كردووە، هەربۆیە بڕیاری لە بارەوە نەدراوە."

 

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بوو لەدوای ڕووداوەكانی كەركوك لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی زیاتر كردو بەشێكی یەكێتی(باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ) بەشەكەی دیكەی حزبەكەیان(كوڕو برازاكانی مام جەلال) بە "خیانەت"كردن‌و ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ حەشدی شەعبیی تۆمەتباركرد بۆ چوونەناو كەركوك، ئەوانیش تۆمەتەكە ڕەتدەكەنەوە. بڕیارە یەكێتی لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە بكات.

 

بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە، بەڵام بڕیار لەوەش نەدراوە، "زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی پێیان باشە لە 6 مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا كۆنگرە ببەسترێت" سەرچاوەكە وادەڵێت.

 

پەرەگراف بۆ وەگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیكرد بە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی‌و بەشدار لەكۆبوونەوەكە، بەڵام سەرجەمیان ڕەتیانكردەوە لێدوان بدەن.

 

 

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی. فۆتۆ: كوردسات نیوز.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا ئەو كۆنگرەیە نەبەستراوە.

 

هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی "لەكاتی لە كار نەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێت، لە ماوەی (2) مانگدا دەبێت كۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێت" جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی 3-10-2017 كۆچی دوایی كرد، واتە بەپێی پەیڕەو یەكێتی یەك مانگی دیكەی لەبەردەمداماوە بۆ بەستنی كۆنگرە، بەڵام پێناچێت یەكێتی لەوماوەیەدا كۆنگرە ببەستێت.

 

هەرچەندە مام جەلال ماوەی 5 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی كارەكانی ڕابپەڕێنێت، یەكێتی لەو ماوەیەدا كۆنگرەی نەبەست‌و بەرپرسانی یەكێتی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان وا لێكدەدایەوە كە "لە كار نەمان" مەبەستی مردنەو نەخۆشیی ناگرێتەوە.