پارتی بە فەرمی داوایەكی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ڕەتدەكاتەوە

07-11-2017 04:53
مەسعود بارزانی، عومەری سەید عەلی، بەرهەم ساڵح و عەلی باپیر.

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی ڕەتدەكاتەوە كە داوای گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحە، پارتی هێرشی تووندیش دەكاتەسەر بەشێك لە یەكێتی بەهۆی ڕووداوەكانی كەركوك‌و جارێكی دیكە بە "خیانەتكار" ناویاندەبات‌و دەڵێت، ئەوەی كە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتبوو بەچەند سەعاتێك خرایەبەر مەترسیی بەفیڕۆدان.

 

سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ئەمڕۆ كۆبووەوە، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی باڵای ئەو حزبەیە لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانی لەوانەش گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

دوای كۆبوونەوەكە مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، حزبەكەی تەئكید لە یەكڕیزی ناوماڵی كورد‌و یەكگرتوویی دەكات، لەو پێناوەشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی حزبەكان دەكات.

 

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی، وتەبێژەكەی پارتی هەڵوێستی فەرمیی حزبەكەی ئاشكراكردو باسیلەوەكرد، ئێستا كاتی ئەوەنییە دەستكاریی حكومەت‌و دامودەزگاكان بكرێت، نە بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و ئیداریی ئەوە ناخوازێت، وتی"ئەو ئیدارەیەی كە هەیە دەبێت پاڵپشتی بكرێت‌و بەهێز بكرێت بۆئەوەی بتوانێت بەرگەی ئەم تەحەدییاتانە بگرێت."

 

ئەو هەڵوێستەی پارتی لەكاتێكدایە، لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، لە ماوەی 8 ڕۆژدا گۆڕان لە چوار بەیاننامەداو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لە 3 بەیاننامەداو كۆمەڵی ئیسلامی لە 2 بەیاننامەدا بە فەرمی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كرد، بەڵام هێشتا بەكردار هەنگاویان بۆ نەهاویشتووە.

 

ئەو سێ لایەنە 24-10 بۆچوونەكانیان یەكخست‌و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ ئەوەی داوایانكرد قەوارەی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و یەكڕیزی‌ گەلی‌ كوردستان پارێزراوبێت، وتیشیان"لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی كاتی لە ڕێگای پارلەمانەوە."

 

هەرلە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا، وتەبێژەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی ناوەندیی دەیەوێت لە ڕێگەی "چەند كەسێكەوە" درز بخاتە ناو ماڵی كوردیی‌و یەكڕیزیی تێكبدات‌و دەستكەوتە دەستورییەكانی كورد نەهێڵێت، بەبێئەوەی ناوی ئەو كەسانە ئاشكرابكات.

 

هاوكات لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی كۆبوونەوەكەی پارتیدا، جارێكی دیكە هێرش كراوەتەسەر بەشێك لە یەكێتی‌و بە "خیانەتكار" ناویان دەبات بەهۆی ڕووداوەكانی كەركوك‌و گەڕانەوەی سوپای عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

"هێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شەوی 15/16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەهۆی خیانەت و دەستكێشی و رێككەوتنی ژێربەژێری چەند كەسێك لەناو حزبێكی كوردستانی... ئەوەی كە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتبوو بەچەند سەعاتێك خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، هەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەكو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەركەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەركەوتوو نابێت."

 

ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی پارتی دەشڵێت"ئەم هەرزەرەفتارانە كە بە پشتیوانیی چەند لایەنێكی دەرەكی ئەنجام درا، بووە هۆی سەرەتایەك بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا هێرش بكەنە سەر شوێن و شاری دیكەی كوردستان و دانیشتوانیان ئاوارە بكەن بەتایبەتی و، گوشار بخەنە سەر هەرێم لە هەموو روویەكەوە بەگشتی."

 

سەركردایەتی پارتی ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو پیلان و هێرشانە، لەوە ناچێت لە ڕەنگدانەوەی ڕیفراندۆمی خەڵكی كوردستان بووبن، "بەڵكو بە بەرنامەیەكی پێشوەختەی ئامادەكراو دەچێت كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئازادكردنی حەویجە دەستی پێكرد."

 

حكومەتی كاتیی چۆن پێكدێت؟

 

بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح داوای دەكەن، دەبێت سەرەتا كابینەی ئێستای حكومەت هەڵبوەشێندرێتەوە بۆئەوەش چەند ڕێگایەك هەیە.

 

ڕێگایەكی هەڵوەشانەوەی حكومەت ئەوەیە، سەرۆكی حكومەت یاخود نیوە+1ی وەزیرەكان دەستلەكاربكێشنەوە كە لەكۆی 21 كەس دەبێت 11یان دەستلەكاربكێشنەوە.

 

ڕێگایەكی دیكە ئەوەیە، لە پەرلەمانەوە دوای لێپرسینەوەیان متمانە لە كابینەی ئێستا وەربگیرێتەوە، بۆئەوەش پێویست بە دەنگی 76 پەرلەمانتار دەكات.

 

گۆڕان 24‌و كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی 6 كورسین لە پەرلەمان، قەوارەكەی بەرهەم ساڵح لیستی لە پەرلەمان نییە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی پشتیوانیی دەكەن، ئەو سێ لایەنە نیوەی ئەو 76 كورسییە پێكناهێنن كە پێویستیانە بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستا.

 

ئەو لایەنانەی داوای حكومەتی كاتیی دەكەن، دەیانەوێت ئەم ئەركانەی لە ئەستۆبێت؛ باشكردنی بژێوی خەڵك‌و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆچارەسەری كێشەكان، ئامادەسازی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێكی‌ پاك‌و بێگەرد بە چاودێری‌ ڕێكخراوە بیانییە تایبەتمەندەكان، لەگەڵ تەواوكردنی ڕەشنوسی دەستور بە جۆرێك سیستمی پەرلەمانی تێدا جێگیر بكرێت‌و ئامادە بكرێت بۆ ڕاپرسی.

 

پێشتریش یەكێتی كە لەگەڵ پارتیدا پێكهێنەری سەرەكیی كابینەی ئێستای حكومەتن هەمان داواكاریی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی ڕەتكردەوە، بەڵام لەناو یەكێتیدا هەندێك بەرپرس پشتیوانیی ئەو داوایە دەكەن، وەك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری، لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان كە پەرەگراف ئامادەی بوو، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو حكومەتە ڕاگەیاند‌و بە پێویستی زانی پێكبهێنرێت.

 

داوای حكومەتێكی نوێ لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەغدا لەوپەڕی ئاڵۆزیدان، هاوكات ئێران كە كاریگەریی هەیە بەسەر ڕووداوەكانی عێراق‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، هانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەدات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی كاتیی و دیاریكردنی شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بۆئەوەش گرەنتی سەرخستنیانی داوە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە.