بارزانی: زۆر شانازیی بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە دەكەم‌و داهاتووی كوردی مسۆگەر كرد

08-11-2017 01:51
بارزانی پەشیمان نییە لە ڕیفراندۆم‌و دۆخی ناوچە دابڕاوەكان بە "كاتیی" دادەنێت.

 

پەرەگراف

 

بارزانی بۆ دوو میدیای ئەمەریكی قسەی كردووەو پەشیمان نییە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و شانازیی پێوەدەكات، پێشیوایە ڕیفراندۆمەكە داهاتووی كوردی مسۆگەر كردووەو ئەو دۆخەی بەسەر ناوچە دابڕاوەكان هاتووە بە "كاتیی" ناودەبات.

 

لە یەكەم چاوپێكەوتنیدا لەدوای ڕیفراندۆم، مەسعود بارزانی بۆ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەمەریكی قسەی كردووەو دەرباری ڕیفراندۆم دەڵێت"من زۆر شانازی بە ئەنجامەكەیەوە دەكەم، زۆر شانازی دەكەم كە ئێمە ئەو دەرفەتەماندا بە گەلی كورد كە دەنگی خۆیان ئاشكرابكەن، من لێی پەشیمان نیم."

 

بارزانی لەو چاوپێكەوتنەیدا كە دوێنێ بڵاوكراوەتەوە، ڕەخنە لە بێدەنگیی ئەمەریكا دەگرێت لە هێرشی هێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتیی ئێران بۆسەر كوردستان، دەڵێت"ئێمە خۆمان بە دۆستی خەڵك‌و حكومەتی ئەمەریكا دەزانین، بەڵام پێویستە ئێمە پێداچوونەوەبكەین بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو ئەوانەی بەرپرسن لەمە. من دەتوانم بڵێم ئێمە لەئایندەدا پێداچوونەوەیەكی بەهێز دەكەین بە پەیوەندییەكانماندا."

 

بارزانی لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریكاوە باسلەوەدەكات، گەلی كورد ئەمە بە "خیانەت" دەبینن، ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بۆ داهاتوو لەبری ئەمەریكا، كورد دەتوانێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕووسیا باش بكات.

 

دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم كە داواكاریی حكومەتی بەغداو ئێران‌و توركیایە، بارزانی دەڵێت"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە."

 

دوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول كە تێیدا زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق، وڵاتانی دراوسێ‌و حكومەتی ناوەندیی هەڵوێستی توندیان ڕاگەیاند، بەغدا چەند ڕێوشوێنێكی دژی كوردستان گرتەبەرو سوپاو هێزە عێراقییەكان هێرشیانكردەسەر كەركوك‌و ناوچە دابڕاوەكان‌و دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت.

 

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی دیكەیدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویكی ئەمەریكی كە هەردوێنێ بڵاوكراوەتەوە، بارزانی دەرباری ڕیفراندۆم دەڵێت"من بڕواموایە ئەم ڕیفراندۆمە داهاتوی گەلی كوردی مسۆگەر كرد، ئەوە ڕاستە كە هەندێك بەربەست لەدوای ڕیفراندۆمەكە هاتنەپێش، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە مافی چارەی خۆنوسینی كورد لەدەستدراوە."

 

بارزانی باسلەوەشدەكات، هێزە عێراقییەكان ئێستا دەیانەوێت دیمۆگرافیای ناوچە جێناكۆكەكان بگۆڕان‌و پێشتریش ئەو پلانەیان هەبووە‌و ڕیفراندۆم وەك بیانوو بەكاردەهێنن بۆئەوەی پلانەكەیان جێبەجێ بكەن، "هەڵەی ئێمە ئەوەبوو دەبوایە ڕیفراندۆمەكە زوتر ئەنجامبدەین نەك درەنگتر."

 

دەبارەی هێرشی سوپاو هێزە عێراقییەكان بۆسەر كەركوك لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، بارزانی ئەوەدەخاتەڕوو، ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی كەركوك لەلایەن ئێرانەوە سەركردایەتیی كراوە بە ئاگاداری بەرپرسانی بەریتانیاو ئەمەریكا، دەڵێت"ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد هێزە عێراقییەكان ئەو چەكانەی ئەمەریكا كە بۆ شەڕی داعش پێیدابوون دژی خەڵكی خۆیان بەكاریانبهێنن، ئەوە سوپرایزێكی گەورەبوو بۆ ئێمە."

 

بارزانی دەبارەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان دوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان، دەڵێت"ئەوەی لە ناوچە كوردییەكان ڕوودەدات تەنیا شتێكی كاتییە، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت ناسنامەی ئەو ناوچانە بگۆڕێت، ئێمە دان بە هیچ گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی بەزۆر نانێین، ناسنامەی ئەو ناوچانە هێشتا كوردستانین، ئێمە لە چەندین ناوچە تەنیا بۆ ڕێگریكردن لەهەر جۆرە ڕوبەڕوبوونەوەیەك‌و خوێنڕشتنێك كشاینەوە، ئێمە دەمانەوێت ڕێگە لە هەرجۆرە ڕوبەڕوبوونەوەیەكی سەربازیی بگرین، ئەمەش بۆ ڕێگەخۆشكردنە بۆ گفتوگۆ."

 

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێم بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی شكستیان هێنا، هەربۆیە ئەو وڵاتە بەتەواوی پشتیكردە هەرێم‌و وەك بەرپرسانی كورد دەڵێن، بە سەرپەرشتی ئێرانییەكان هێزەكانی عێراق هێرشیان بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامداوە.

 

"بڕیارەكانی عێراق لەدەستی ئێراندان، كورد نە ڕوبەڕوی ئێران دەبنەوە، نە كێبڕكێش لەگەڵ ئێراندا دەكات" بارزانی بۆ نیوزویك وادەڵێت، لە وەڵامی ئەوەی ئامادەیە كار لەگەڵ ئێران بكات؟ دەڵێت"ئەوە لە داهاتوودا بڕیاری لێدەدرێت" سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان‌و كۆشكی سپی ئەمەریكا، بارزانی دەڵێت"ناتوانم بڵێم ئێمە پەیوەندیمان هەیە یاخود نا."

 

بارزانی جارێكی دیكە تەئكید دەكاتەوە سیاسەتی كوردستان گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان، وتیشی"ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەڕاستی دەیانەوێت ڕێگری لە پێكدادانێكی دیكەی سەربازیی بگرن، ئەوان دەتوانن، بەڵام ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، ئەوە مانای ئەوەیە ئەوان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردووە."