سەرۆكی فەڕەنسا: هەوڵمانداوە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنرێت

09-11-2017 04:44
نێچیرڤان بارزانی، ئیمانوێل ماكرۆن.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی فەڕەنسا نامەیەك ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و هیوادەخوازێت وڵاتەكەی بە شێوەیەكی پتەو لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەردەوامبێت، دەشڵێت، فەڕەنسا هەمیشە هەوڵی داوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، دان بە تەواوی مافەكانی گەلی كورددا بنرێت.

 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە نامەكەیدا ستایشی ڕۆڵی مەسعود بارزانی دەكات، "ڕۆڵی جەنابیان بە مێژوویی لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی عێراقی نوێدا دەنرخێنێت، هەروەها ڕێز و پێزانین بۆ ڕۆڵی تایبەتی سەرۆك بارزانی لە دژی داعش دووپات دەكاتەوە كە لەژێر فەرماندەییی جەنابیاندا پێشمەرگە بەشدارییەكی یەكلاكەرەوەیان هەبوو."

 

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی ڕەتیكردەوە لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوام بێت، پەرلەمانی كوردستان، لە دۆخێكی پڕ لە بارگرژیدا كۆتایی مانگی ڕابردوو كۆبووەوە‌و نامەی وازهێنانی بارزانی خوێندرایەوەو دواتر بەپێی یاسایەك زۆرینەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر حكومەت، پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشكران.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو، بارزانی دەیتوانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام ڕەتیكردەوەو دەستبەرداری پۆستەكەی بوو. 

 

نامەكەی ماكۆرن ئەمڕۆ لە دیدارێكدا لەلایەن دۆمەنیك ماس، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر گەیەندراوەتە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

 

"سەرۆك ماكرۆن لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو جەنگەی پێكەوە لە دژی تیرۆر ئەنجامیان دا، بووە هۆی پتەوكردنی ئەو دۆستایەتییە قووڵ و دێرینەی فەڕەنسا و گەلی كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە."

 

ماكرۆن هەروەها نوسیویەتی"لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان و بۆ گرەنتیی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، هیوادارم بە شێوەیەكی پتەو لە پێكەوەكاركردن لەگەڵ حكوومەتەكەتان بەردەوام بین‌، چونكە ئەم سەقامگیرییە‌ بۆ عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاكتەرێكی گرنگە."

 

سەرۆكی فەڕەنسا لە نامەكەیدا دەستخۆشی لەو گفتوگۆ مەیدانییانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵاتدارانی عێراق دەكات كە بۆتەهۆی ڕێگریكردن لە گرژیی سەربازی، بەردەوامیی گفتوگۆكانیش لە ڕووی سیاسییەوە بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ هەموو كێشەكان بدۆزرێنەوە، دەڵێت"لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ڕۆژی 28ی ئۆكتۆبەر ئەوەم بە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش گوتووە‌ كە دەستپێكردنەوەی دیالۆگ بە پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان تەنها ڕێگاچارەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی هەمیشەیی لە عێراق بۆ هەموو عێراقیەكان."

 

لایخۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ماكرۆن‌و گەل‌و حكومەتی فەڕەنسای كردووە بۆ پشتگیرییان لە خواستەكانی گەلی كوردستان، بەتایبەت لە قۆناغی شەڕی دژی داعش كە فەڕەنسا پشتگیرییەكی زۆری پێشمەرگەی كردووە.

 

نێچیرڤان بارزانی، جارێكی دیكە ئامادەیی حكومەتی هەرێمی دووپات كردەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور، هیوایشی خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ هاندانی دیالۆگێكی بنیاتنەر لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا بۆ مسۆگەركردنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان.

 

حكومەتەكەی عەبادی وەڵامی پەیامەكانی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرێم داوادەكات وڵاتانی دەرەوە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی دانوستاندن بێت‌و دەڵێت، سیاسەتی بەغدا بەڕوونی دیارە كە دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.

 

حەیدەر عەبادی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییەو لەڕێی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقەوە هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان دەدات.