بۆچوون‌و پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی لەدوای نەمانی خۆی

10-11-2017 05:07
مام جەلال لەكاتی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی، 4-3-2012.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

40 ڕۆژ بەسەر كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیدا تێدەپەڕێ‌و گرژیی‌و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی حزبەكەیان دەكەن كە بڕیارە گۆڕانكاریی ناوخۆیی ئەنجامبدات‌و ڕۆژی بەستنی كۆنگرە پەسەند بكات.

 

ناكۆكییەكان بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت، ئەوەش پرسیاری لەسەر ئایندەی حزبەكە دروست كردووە، مام جەلال چەند مانگێك بەرلە نەخۆشكەوتنی‌و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی لەبارەی ئایندەی حزبەكەی دەڵێت"ئەگەر ڕێكخستنێك، حزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات."

 

تاڵەبانی كە لە كۆتایی ساڵی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دابڕا، لە مانگی 3ی ئەو ساڵەدا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی(ژمارە 814‌و 815 ڕێكەوتی 4-7/3/2012) باسلە دۆخی ناخۆیی‌و گۆڕانكاریی لە حزبەكەیدا دەكات‌و پێشبینی دەكات یەكێتی لە نەبوونی ئەویشدا ئایندەیەكی باشی هەبێت.

 

مام جەلال كە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی یەكێتی بووە لە دامەزراندنیەوە تا دووركەوتنەوەی لە سیاسەت، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیوایە كاتی ئەوەهاتووە یەكێتی گۆڕانكاریی لەكاری خۆی‌و ڕەفتارو پەیوەندییەكانی خۆی، هەروەها سەركردایەتی‌و دروشمەكانی خۆیدا بكات، بە پێویستی دەزانێت یەكێتی ئەو سیاسەتە بگرێتەبەر كە بەرگرییە لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.

 

لەبارەی ڕێگریی لە گۆڕانكاریی لەلایەن ئەو بەرپرسانەی حزبەكەی كە لە بەرژەوەندییان نییە، تاڵەبانی پێیوانییە بتوانن ڕێگریی بكەن ئەگەر گۆڕانكارییەكە ببێت بە بڕیاری حزب، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكارییدایەو لایەنگری ئەوەیە كەسی یەكەمی حزب بۆ دووخول زیاتر دەسەڵاتی نەبێت.

 

تاڵەبانی بەو پێیەی چەندین خولە كەسی یەكەمە، ئەوكات پێیباش بووە تەنها یەك خولی دیكە بمێنێتەوە، مام جەلال دەڵێت"ئەگەر ترس لەوە هەیە یەكێتی كارەكانی خۆی پێڕانەپەڕێت بەبێ من، ئەوا دەڵێم ئەگەر ڕێكخستنێك، حزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات."

 

لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەی تەشەنەیان سەند‌و یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێت‌و وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، بەڕێوەبردن‌و دارایی حزب دیارترین دووپرسی جێ ناكۆكن.

 

بۆ یەكێتییەكان مام جەلال ڕەمزی یەكگرتوویی ناوخۆیی بوو، كە بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكە ناویان دەبرد، بەواتای توانای كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان‌و یەكخستیان، زۆری نەبرد لە دوای دوركەوتنەوەی تاڵەبانی كە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی لە حزبەكەی دابڕاو دواتر قەوارەیەكی نوێی ڕاگەیاند‌و بڕیارە لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكات.

 

یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حزب‌و گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد.

 

"بۆ یەكەمجاربوو ئێمە ڕوبەڕوی ئینشقاقێكی گەورەی وا ببینەوە، ئەو ئینشقاقە كاریگەری زۆری هەبوو بۆسەر وەزعی ئێمە" مام جەلال دەرباری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا وادەڵێت، دەشڵێت"دڵنیام كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەبێت لەڕووی كۆمەڵایەتی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە یەكێتی بەتەمایە ئەمجارە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە ئەو برینانەی لەشی ساڕێژ بووەو چاك بووەتەوە، ماوەتەوە ئەوەی پەیڕەوێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ نیشان بدات كە سۆسیال دیموكراتییانە بێت."

 

هەرچەندە تاڵەبانی باسلەوەدەكات برینەكانی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی ساڕێژبوون، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتنی‌و دووركەوتنەوەی خۆی لە یەكێتی، برینی نوێ سەریان هەڵداوەو هاوڕێكانی لەناو حزبەكەیدا چەند ساڵێكە نەیانتوانیوە ساڕێژیان بكەن.

 

لە دواین كۆبوونەوەیدا سەركردایەتی یەكێتی(4-11) لە دۆخێكی پڕ لە ئاڵۆزییدا مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای لێكەوتەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانەوە هێشتا جێگرەوەی مەكتەبی سیاسی دیاری نەكراوەو هەرچەندە بڕیاربوو دوو ڕۆژ دواترو لە 6ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی دووهەمیان ئەنجامبدەن، بەڵام هێشتا وادەی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە.

 

بەرپرسانی یەكێتی لەدوای ئەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی حزبەكەیان خۆیان بەدوورگرت لەهەرجۆرە قسەكردنێك بۆ ڕاگەیاندنەكان، بەڵام ئەمڕۆ لەمەڕاسیمی چلەی مام جەلال‌و لەسەر گۆڕەكەی ئاماژەیان بە كێشە ناوخۆییەكان‌و كۆبوونەوەكانیان كرد، هەرچەندە بەرپرسانی یەكێتی تەئكید لە یەكڕیزی ناوخۆیی دەكەن، بەڵام پێدەچێت ئەوە تەنها دروشمێك بێت بۆ ڕاگرتنی جەماوەرەكەیان‌و لە واقیعدا وانەبێت.

 

كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، كە بڕیارە سەرپەرشتی دەستەیەك بكات بۆ جێگرتنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، ئەمڕۆ باسیلەوەكرد دەبێت بە هەموو لایەك ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە مام جەلال دروستی كردووە، وتی"لەم ڕۆژانەدا كۆدەبینەوە."

 

هاوكات مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە یەكێكە لەوانەی ناڕازین بە هەڵوەشانەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان، ئەوەی خستەڕوو هیچ بڕیارێك بۆ كۆبوونەوەیان نەدراوە، وتی"كۆبوونەوە بەبێ بەرنامەیەك كە یەكێتی بخاتەوەسەر ڕێچكە سروشتییەكەی خۆی سەركەوتوو نابێ‌و گۆڕانكارییش بە پیلانگێڕیی سەرناگرێ."

 

هەروەها عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسیلەوەكرد، پێویستە سەركردایەتی حزبەكەی كۆببێتەوەو دەستەیەكی دیكە بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵبژێرێت، ئەگەر پابەندی ئەو بڕیارەی پێشووی خۆی بێت، هەروەها بڕیاری كۆنگرە بدات، دەرباری چۆنێتی دیاریكردنی ئەو دەستەیە، وتی"ڕوبەڕوی كاك كۆسرەت بووەتەوە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی هەڵبژاردنی ئەو دەستە نوێیە."

 

پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی

 

حزبە كوردییەكان بەدەگمەن لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حزبدا، هەربۆیە نەمانی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت، بەڕادەیەك زۆرێك مانەوەی حزب‌و بەهێزییەكەی بە كەسی یەكەمەوە گرێ دەدەن.

 

مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ هاوڵاتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە یەكێتی واتە مام جەلال‌و مام جەلال واتە یەكێتی، لەبارەی ئەوەی دوای مام جەلال یەكێتی چی لێدێت؟ تاڵەبانی دەڵێت"هیوادارم یەكێتی دوای مام جەلال باشتر بێت‌و زیاتر دیموكراسی تێبكەوێت‌و زیاتر ئاڵوگۆڕی بەرەو پێشكەوتن تێبكەوێت، ئومێدیش دەكەم ئەو كەموكوڕییانەی لەسەردەمی سەركردایەتی مام جەلال هەبووە ئەو كات نەمێنێت."

 

تاڵەبانی لەوبڕوایەدایە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێت‌و بەرەوپێشەوەبچێت، دەڵێت"یەكێتی دەمێنێتەوە وەك هێزێكی گەورە، مومكینە خەڵكی لی َجیاببێتەوە، خۆ نزیكترین كەس لە مام جەلال كاك نەوشیروان مستەفا بووە ئەوە جیابووەوەو گۆڕانی دروستكرد، وابزانم هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی ماونەتەوە نزیكترین كەس نەبوون لە مام جەلال لەناو یەكێتیدا لەچاو كاك نەوشیروان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە یەكێتی مایەوەو نەشفەوتا."

 

هاوڵاتی دەڵێت، بەڵام ئەودۆخە بە ودجودی خودی مام جەلالە، لە وەڵامدا تاڵەبانی دەڵێت"ڕاستە ئەوەی ئێستا هەمووی بەوجودی مام جەلال، جا دوای مام جەلال خۆیان بیربكەنەوە ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بەزۆر بەڕێوەناچێت."

 

مام جەلال بەمجۆرە پێشبینی ئایندەی حزبەكەی دەكات"پێشبینییەكەم ئەوەیە كە یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی سۆسیال دیموكراتی ڕاستەقینە، هەندێك كەموكورتی هەیە موجامەلات دەكرێت، خاتری فڵان‌و فڵان دەگرن، ئەوە نەهێڵن.. هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە بەپێی هەلومەرجی تایبەتی‌و بابەتی هەم لە پڕۆگرام‌و پەیڕەودا هەم لە ڕەفتارەكانیدا، كە بەلای منەوە ڕەفتارەكانی زۆر گرنگە ئەنجامبدرێن."

 

زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هاوڕای مام جەلالن بۆ پێویستی گۆڕانكاریی لەناو حزبەكەیان، بەڵام بۆئەوكارە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیە‌و ئەوەش یەكێكە لە بڕیارە قوسەكان‌و ڕەنگە ببێتە ساتی كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسیی هەندێكیان، هەربۆیە چەند ساڵێكە لەسەر ئەوپرسە ڕێكناكەون.

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا ئەو كۆنگرەیە نەك نەبەستراوە، بەڵكو وادەی بەستنیشی دیاریی نەكراوە.

 

هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی "لەكاتی لە كار نەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێت، لە ماوەی (2) مانگدا دەبێت كۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێت" جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی 3-10-2017 كۆچی دوایی كرد، واتە بەپێی پەیڕەو، یەكێتی كەمتر لە یەك مانگ كاتی لەبەردەمداماوە بۆ بەستنی كۆنگرە، بەڵام وادەردەكەوێت یەكێتی لەوماوەیەدا ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت.

 

هەرچەندە مام جەلال ماوەی 5 ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی كارەكانی ڕابپەڕێنێت، یەكێتی لەو ماوەیەدا كۆنگرەی نەبەست‌و بەرپرسانی یەكێتی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان وا لێكدەدایەوە كە "لە كار نەمان" مەبەستی مردنەو نەخۆشیی ناگرێتەوە.

 

ڕۆژانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی یەكێتییەكان دەبێت كە ئاخۆ پێشبینی‌و بۆچوونەكانی مام جەلال لەبارەی ئایندەی حزبەكەیان دێتەدی‌و یەكێتی بە بەهێزیی‌و گەورەیی دەمێنێتەوە؟ یاخود بەرپرسان ئەو حزبە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەبەن‌و لەتبوونێكی دیكە ڕووی تێدەكات؟.